لەیلا حەسەن ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندروستی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، پشتڕاستیکردەوە، ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن ھێزەکانی"فیرقەی چوار"ی حکومەتی دیمەشق بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێندراوە، دەبێتە ھۆی کەمی دەرمان لە دەرمانخانەکان، وتیشی، ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، دەرمان لە دەرمانخانەکان نامێنێت و خەڵک بەزەحمەت دەتوانن دەرمان بۆ نەخۆشەکانیان دابین بکەن.
زیاتر لە ٢١٦ ھەزار کەس لە پێکھاتە جیاوازەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفی حەلەب دەژین، کە بەھۆی ئەم گەمارۆیەوە رووبەڕووی کەمی خۆراک و سوتەمەنی و دەرمان بوونەتەوە.
سەرحەد ئەرەن جێگری ھاوسەرۆکی گشتی و بەرپرسی کۆمسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی ھەدەپە ڕایگەیاند، بە ھۆی نەبوونی ھەلومەرجی چارەسەری تەندروستی لە زیندانەکان، حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان روودەدەن.
داواشی لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ کۆتاییھێنان بە پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکان و وتی، دەبێت ژیانی ماددی و مەعنەوەی زیندانیان بپارێزرێت.
ئاشکراشیکرد، لەمساڵدا ٤٧ کەس لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئۆپەراسیۆنی "مۆریی و ئاسایش" کە قۆناغی دووەمی بەڕێوە دەچێت و ھەروەھا باسی ئەوەشکراوە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا خانەوادەی تیرۆریستی داعش کە ئاستەنگی دروست دەکەن، ھێرشیان کردە سەر دوو ئەندامی ژنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا.
ھەروەھا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ستایشی ھەڵمەتەکەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) و ھێزەکانی ئاساییشی ناوخۆی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا دەکات لە کەمپی ھۆل.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رایگەیاند، ئەو ھەڵمەتەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتی (ھەسەدە) و ئاسایشی ناوخۆ لە کەمپی ھۆل بە ھاوکاری ئەوان ئەنجامی دەدەن، پابەندبون بە رێگری لە گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکانی باکوری رۆژھەڵاتی سوریا نیشان دەدات.
ئیریت لیلیان، دیپلۆماتکاری باڵای ئیسرائیل کە ئێستا لە ئەنقەرەیە رایگەیاند، رەنگە لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا پرۆسەی دووبارە دەستنیشانکردنەوەی باڵیۆزێک لە ئەنقەرە ئەنجام بدرێت.
لیلیان باسی لەوەکرد ئەوان چاوەڕوانن تورکیا نووسینگەی حەماس لە ئەستەنبوڵ دابخات و دەشڵێت، رێگریەکی دیکە لەبەردەم دەستنیشانکردنەوەی باڵیۆز، ھەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلە، بەڵام ھیوادارم ھەنگاوەکە لە کاتێکی گونجاودا ئەنجام بدرێت و لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا پرۆسەکە تەواو بێت. کە بڕیارە رۆژی ١ی تشرینی دووەم ھەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت.
سەرەتای ئەم مانگە، تورکیا و ئیسرائیل دوای زیاتر لە چوار ساڵ لە بانگھێشتکردنەوەی باڵیۆزەکان، رێککەوتن لەسەر دووبارە دەستنیشانکردنەوەی باڵیۆزەکان.
مارشا بلاکبۆرن سیناتۆری ئەمریکی گەیشتە تایوان و لە تویتەر پەیامێکی ئاراستەی چین کرد و رایگەیاند، ئامانجی لە سەردانەکەی ئەوەیە کە بە بەیجین بڵێن ئەوان ناترسن.
وەزارەتی دەرەوەی تایوانیش رایگەیاند، سوپاسی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکەن کە جارێکی دیکەش پشتگیریان بۆ تایوان دووپاتدەکەنەوە، لە کاتێکدا چین ھەڕەشەکانی زیاتر دەکات.
لە ماوەی رابردوودا نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد کە گەورەترین لێپرسراوی ئەمریکییە دوای چەند دەیەیەک سەردانی تایوان بکات، دواتریش چەند ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی تایوانیان کرد و ئەم سەردانانەش نیگەرانیەکی توندی چینیان لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی، ماوەی چەند ساڵێکە شەپۆلێکی بەھێزی گەرما و وشکەساڵی و بەبیابانبوون سەریھەڵداوە و بووەتە ھۆی گۆڕانکارییەکی زۆر لە کەشوھەوادا، ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیھان دروستکردووە بە تایبەتیش لە ھندستان و نیمچەدوورگەی عەرەبی و ئەفریقا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئامارێکی رەسمی زیانی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لەسەر ئابووری جیھان تائێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٣ تریلیۆن دۆلار.
محەمەد مەرندی راوێژکاری تیمی دانووستانکاری ئێران لە دانووستانەکانی ڤییەننا رایگەیاندووە، چەند ئاماژەیەک ھەن بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی و لە دانووستانەکانیشدا ئێران چەند دەستکەوتێکی ھەبووە بەتایبەت لە دۆسیەی گرەنتی و سزاکاندا.
راشیگەیاندووە، پێدەچێت وڵاتانی خۆرئاوا بۆیان روون بوبێتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ تۆقاندن نییە و تەنھا بۆ بەکارھێنانی مەدەنییە، بۆیە ئێران بەگرنگی دەزانێت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو ناوچانەی گومانی ھەیە ئێران چالاکی ئەتۆمی تێدا ھەبێت دابخات.
سەرۆکی موسادی ئیسرائیل رایگەیاندووە، دەرفەتی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا لەسەدا ١٠٠ نزیک دەبێتەوە، ئەوەشی بە کارەساتی ستراتیژی ناو بردووە.
راشیگەیاندووە، تەنھا بە ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە و ھەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران سەدان ملیار دۆلار دەچێتە ئێرانەوە و رێگە بە ئێرانیەکان دەدات تواناکانیان زۆر بەھێز بکەن و ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی وەڵامی ئەمریکای لەسەر وەڵامی ئێران بۆ رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پێشنیازکراوە پێگەیشتووە و لەئێستادا تاران تاوتوێی وەڵامەکەی ئەمریکا دەکات و دواتر بۆچوونی خۆی لەسەر وەڵامەکە دەداتەوە یەکێتی ئەوروپا کە نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکات.
پێشتریش ئێران وەڵامی ھەمان پێشنیازی داوەتەوە و بە وتەی لێپرسراوانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ، ئێران لە وەڵامەکەیدا نەرمی نواندووە و سازشی لەسەر ھەندێک دۆسێی ستراتیژی و خاڵی ناکۆک کردووە و دەستبەرداری یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بووە کە دەرھێنانی ناوی سوپای پاسدارانە لە لیستی تیرۆر.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، ئەوەش دوای چەند خولێک لە دانووستان لە نێوان وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران کە لە ڤییەننا بەرێوەچوو.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو دوو پێگەیان لە گوندی خەزرا و کێڵگەی کونوکو لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا بە ھەلیکۆپتەری ئاپاچی بۆردومان کردووە، بەھۆیەوە دوو یان سێ چەکدار کە گوماندەکرێت لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی بکرێن کوژراون و سێ ئۆتۆمبێل و سەکۆیەکی تۆپھاوێژیش لەناوبراون.
جەختیشیکردەوە، ئەمریکا ھەوڵی ئاڵۆزکردنی رەوشەکە لەگەڵ ئێران نادات، بەڵام ھەموو ھەنگاویک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و بەرگریکردن لێیان.
ئەو بۆردومانەی ئەمریکا لە وەڵامی ھێرشەکەی شەوی رابردووی گروپە چەکدارەکان بوو بۆ سەر شوێنی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە گوندی خەزر، کە بەھۆیەوە سێ ئەمریکی برینداربوون.
دوێنێش سوپای ئەمریکا بۆردوومانی گروپە چەکدارەکانی نزیک ئێرانی لە شاری دێرەزووری سوریا کرد.
ھاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، وەک ئامادەکارییەک بۆ روبەڕوبوونەوەی ھێرشی دیکە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە بکرێتە سەریان.
تاکیس سیۆدۆریکاکۆس وەزیری پاراستنی ھاووڵاتیانی یۆنان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەممانگەوە ٢٥ ھەزار کۆچبەر ھەوڵیانداوە بە نایاسایی خۆیان لە سنوورەکانی تورکیاوە خۆیان بگەیەننە یۆنان، وتیشی، گوشارەکان لەسەر سنوورە وشکانی و دەریاییەکانی یۆنان لەگەڵ تورکیا لە زیادبووندایە و دەبێتە مەترسییەکی زۆر لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی یۆنان.
راشیگەیاند، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی روو لە یۆنان دەکەن سووریین و لە لایەن تورکیاوە خراونەتە نێوان دوو بژاردە، ئەویش گەڕانەوە بۆ سوریا یان کۆچکردن بەرەو یۆنان، وتیشی، تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیک رەوشی کۆچبەران دەقۆزێتەوە.
لەسەر پرسی کۆچبەران ناکۆکی لە نێوان تورکیا و یۆنان دروستبووە و چەندینجار بەرپرسانی تورکیا یۆنانیان بە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەو کۆچبەرانە تۆمەتبار کردووە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی یۆنانەوە، بەڵام یۆنان ئەو پرسە رەتدەکاتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا لە شارۆچکەی ئەھلاتی سەر بە بەدلیس رایگەیاند، کە کاتی ھات لەناکاو ھێرش دەکەنە سەر باکوری سوریا و ئامانجی ئۆپراسیۆنەکانیشیان ئەوەیە تا قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بچنە نێو خاکی سوریاوە و تا گەیشتن بە ئامانجەش ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوامییان دەبێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت بەھەموو جیھان بڵێت تاکو ئارامی بۆ سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا نەگەڕێنێتەوە ئۆپراسیۆنەکانیان راناگرن.
ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئێران و روسیا بۆ ھێرشکردنە سەر رۆژئاوات کوردستان، چەند جارێک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەتەوە، بەڵام تائێستا مۆسکۆ و تاران گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەنقەرە ھەڵنەکردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە قەیرانەکانی سوریا لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەربکرێن نەک رێگای سەربازی.
دوای ھەڵوێستەکانی ئێران و روسیاش، سوپای تورکیا ھێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە و تائێستا بەھۆیانەوە چەندنی ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون و برینداربوون، خۆبەڕێوەبەری رۆژھەڵات و باکوری سوریاش داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنورێک بۆ ھێرشەکانی تورکیا دابنێن.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری (یونسکۆ) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا خەڵاتی ئاشتیی ڕێکخراوەکەی پێدەبەخشرێت، بەھۆی وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر پەنابەر لە وڵاتەکەیدا و مامەڵەکردنی مرۆییانە لەگەڵیاندا.
دێنیس موکوێگی، سەرۆکی دەستەی سوێندخواردنی خەڵاتی ئاشتیش رایگەیاند، بڕیاری بوێرانە بۆ وەرگرتنی زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار پەنابەر لە ساڵی ٢٠١٥دا بە پلەی یەکەم کە لە سوریا، عێراق، ئەفغانستان و ئێریتریا بوون، کاریگەریی گەورەی لەسەر دادپەروەری ھەبووە و مێرکڵ وانەیەکی لە مێژوودا بەجێھێشت.
ئۆدری ئازۆلای بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆش رایگەیاند، ھەوڵەکانی مێرکڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پەنابەران بەرز دەنرخێنێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئێش و ئازارەکان جیھانین، بۆیە دەبێت چارەسەرەکان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیش جیھانی بن.
بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی پەنابەرانی سوریا لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٠ ھەزار کەس، کە ٤٠%یان ژنن.
سەرچاوەکانی ھەواڵ ئاشکرایان کردووە ، لە ویلایەتی لوکەر لە خۆرھەڵاتی ئەفغانستان بەھۆی شەپۆلێکی بەھێزی باران بارینەوە لافاو دروست بووە و بۆتە ھۆی گیان لەدەستدانی ٢٠ کەس و برینداربونی ٣٠ کەسی تر .
ھاوکات ٣ ھەزار خانوو روخاون و ژمارەیەکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە ، تیمەکانی فریاکەوتنیش چەندین خێزانیان لە ناوچە زیان لێکەوتووەکان گواستۆتەوە .
بلال کەریمی وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستانیش داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە ھاوکاری پێشکەشی قوربانیانی لافاوەکە بکات .
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ئەو بۆردوومانەی کرد کە کرایە سەر چەند چالاکوانێک کە لە پڕۆگرامی پەروەردەیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەسەکە کاردەکەن، راشیگەیاند، ئەو جۆرە ھێرشانە پێچەوانەی یاساکانە و پێویستە ھاووڵاتیان پارێزراو بن.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە، بە زووترین کات سەرجەم لایەنەکان، رەوشی باکوری سوریا ھێور بکەنەوە و ئاڵۆزییەکان رابگرن، چونکە بەھۆیەوە ئەو دەستکەوتانەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەدەستیھێناون، دەکەونە مەترسییەوە.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، زیادبوونی کردەوە دوژمنکاری و سەربازییەکان لە باکوری سوریا پشێوی ناوچەکەی زیاتر کردووە، بەوەش مەترسی دروستبوونەوەی داعش زیاتر دەبێت.