ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل درێژکرایەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بڵاویکردەوە، ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بۆ دوو رۆژی تر درێژکرایەوە و لەو دوو رۆژەی ئاگربەستەکەشدا، ھاوکاریی زیاتری مرۆیی دەگەنە غەززە.
ھاوکات حەماس درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئاگربەستەکە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر و بە ھەمان مەرجەکانی پێشوو کراوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، لە دوو رۆژی ئاگربەستەکەدا ٢٠ بارمتەی ئیسرائیل و ٦٠ دەستگیرکراوی فەڵەستین ئازاد دەکرێن.
رۆژی ھەینی بۆ ماوەی چوار رۆژ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا ٣٩ بارمتەی ئیسرائیلی و ٢٤ بارمتەی بیانی لەلایەن حەماسەوە ئازادکران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ١١٧ دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازادکرد، بڕیاریشە ئەمڕۆ ١١ بارمتەی تری ئیسرائیلی و ٣٣ دەستگیرکراوی فەڵەستینی ئازاد بکرێن.