جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکای کردووە ئاماژەی بەوەداوە، ئامانج لە ھێرشکردنەسەر ئەو گروپە چەکدارانە لە سوریا وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانەن، کە لەماوەی چەند ھەفتەی رابردوودا ئەو گروپانە کردوویانەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کە برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لێکەوتووەتەوە.
جەختیلەوەشکردووەتەوە، ئەگەر پێویست بکات رێوشوێنی زیاتر لە عێراق و سوریا دەگرنەبەر، بۆ وەڵامدانی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لەو ناوچانە.
بنیامین ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئیسرائیل ھەموو بژاردەیەکی ھەیە بۆ گەرەنتیکردنی ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانیان لەدەستی چەکدارە فەڵەستینییەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٢٠ کەسە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، شەوی رابردوو یەکەکانیان چوونەتە ناو کەرتی غەززە و ئەو ھێرشە زەمینییەی ئێستا بەڕێوەدەچێت، قۆناغی دووەمی شەڕەکەیە، وتیشی، شەڕەکە لە غەززە سەختە، بەڵام پاشگەزنابنەوە و لە ژێرزەوی و سەرزەوی حەماس لەناودەبەن.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە فراوانکردنی چالاکییە زەمینییەکانیان لە کەرتی غەززە و کۆمەڵە ھێزەکانی زرێپۆش و ئەندازیی و پیادەکان لە باکووری غەززەوە لە چالاکییدان.
یەحیا سنوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ئامادەن دەستبەجێ پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردن بە سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بکەن لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانیان کە لەلای ئیسرائیلن.
لای خۆیەوە، ئەبو عوبەیدە وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام-باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل رووبەڕووی شکستێک دەکەنەوە، کە پێشبینی نەکردبێت، وتیشی، لەسەر دۆسیەی دیلەکان پەیوەندیی ھەیە و دەرفەتیش ھەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام ئیسرائیل دوای دەخات.
وتەبێژی کەتیبەکانی قەسام باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل تەنھا یەکجار ئامادەبێت، ئەوان ئامادەن بۆ کۆتاییھێنان بە دۆسیەی دیلەکان.
مایک پێنس کە یەکێک بوو لە رکابەرەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان کشانەوەی خۆی لە رکابەریکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند.
مایک پێنس دەڵێت، دوای پێداچوونەوە و بیرکردنەوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، گەیشتووەتە ئەو بۆچوونەی ئێستا کاتی ئەوە نییە بۆیە بڕیاریداوە بکشێتەوە، بەبێ ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ ھیچ کام لە کاندیدەکانی دیکەی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا رابگەیەنێت.
بڕیارە رۆژی پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی داھاتوو، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ھەڵبژاردنی ٦٠ھەمین سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ھەریەک لە جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رکابەری بەھێزن بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە.
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەدا، ئیسرائیل لە ھێرشەکەی شەوی ھەینی رابردووی بۆسەر کەرتی غەززە شکستیھێناوە، ئەوەش دووەمین سەرکەوتنە بۆ حەماس.
ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل لەدوای ئۆپراسیۆنەکەی حەماسەوە، ھیچ دەستکەوتێکی نەبووە، ئەوەش شکستێکی ستراتیژییە بۆ ئەو وڵاتە. وتیشی، ئەمریکا داوای لێکردوون جموجۆڵ نەکەن بەرامبەر ئیسرائیل لەکاتێکدا واشنتن پشتیوانی تەلئەبیب دەکات، بۆیە داواکارییەکەیان ھیچ بنەمایەکی نییە .
سەرۆککۆماری ئێران راشیگەیاند، وەکو ئێران پشتگیری لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەن، بەڵام ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئاگربەست نین.
جەختیلەوەشکردەوە، بەرەی بەرگریی لە فەلەستین و ناوچەکە سەربەخۆیە و فەرمان لە تارانەوە وەرناگرن.
لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، شەوی پێنجشەممە، ھێزەکانی وڵاتەکەی دوو دامەزراوەی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێرانیان لە رۆژھەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێرشەکان لە وەڵامی ئەو ھێرشانەیە لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە کراوەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و ھەروەھا پەیامێکە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، کە ھەر ھێرشێک بۆسەر ھێزەکانیان دەکرێت ببێتە ھۆی فراوانبوونی زیاتری گرژییەکانی کەرتی غەززە.
شەوی رابردوو، پات رایدەر وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا ١٢ جار لە عێراق و چوار جار لە سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران ھێرشکراوەتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا و لەئاکامی ئەو ھێرشانەش، ھاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک ئەمریکی گیانیلەدەستداوە و ٢١ کەسی دیکەش برینداربوون.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، دوو مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان، بە ناوەکانی " ئیدریس مینبەری و سروە پور محەممەدی" کە لە ھەمانکاتدا چالاکوانی مەدەنین، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەریەکەیان بە ١٠ ساڵ زینداینکردن سزادراون، ئەو سزایەش بە پارێزەرەکانیان راگەیەندراوە.
ئیدریس مینبەری، کە یەکێک لە مامۆستا سزادراوەکان ئاماژەی بەوەداوە، سزاکەیان پەیوەندی بە چەندین تۆمەتەوە ھەیە لەوانە رەواییدان بە بزووینەوەی ژن، ژیان، ئازادی و رێبەری ئەنجومنەی کولتووری نۆژین.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەماوەی رابردوودا، چەند جارێک لەلایەن ھێزەکانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، کە دوایین دەستگیرکردنیان ساڵێک لەمەوبەر بووە بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و ساڵێک زیندانیکردنی بەسەر سەپێندراوە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، شیلان میرزایی چالاکوانی مافی مرۆڤ کە خەڵکی شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستانە و لەئێستادا پەنابەرە لە وڵاتی تورکیا، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە بۆ کەمپی "باندیرما" کە کەمپێکە بۆ ئەو پەنابەرانەی دیپۆرت دەکرێنەوە.
شیلانی میرزایی لە گرتە ڤیدۆییەکەدا رایگەیاندووە، ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەبێ ھیچ ڕوونکردنەوەیەک لە شوێنی مانەوەی دەستبەسەریان کردووە و لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ھەنگاو، شیلان میرزایی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ ھاوسەرەکەی بەھۆی فشاری ھێزە ئەمنییەکانی ئێران و لەپێناو پاراستنی گیانی خۆی ئەو وڵاتەی جێھێشتووە و لە تورکیا داوای مافی پەنابەری کردووە.
فراکسیۆنی ھەدەپ لە پەرلەمانی تورکیا لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی دادی ئەو وڵاتەی کردووە، ئەوەی خستووەتەڕوو، دەبوایە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە گوڵتان کشاناک ئازادبکرێت بەھۆی ئەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی کە حەوت ساڵ بوو تەواوکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێشتنەوەی زیندانیانی سیاسی بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ بەبێ سەلماندنی تۆمەتەکانیان، بە ڕوونی پێچەوانەی ھەردوو یاسای ناوخۆیی و یاسای نێودەوڵەتییە، بۆیە لەبارەی ئازادنەکردنی گوڵتان کشاناکەوە داوای روونکردنەوەیان لە وەزارەتی داد کردووە.
گوڵتان کشاناک لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە تۆمەتی پشتیوانی "پەکەکە" و پەیوەست بە روداوەکانی کۆبانێ، لەگەڵ ١٠٧ سیاسەتمەداری دیکەی باکوری کوردستان زیندانیکراوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو بە زرێپۆش و تانک ھێرشێکی زەمینییان بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە و تیایدا چەند پێگەیەکی گروپی چەکداری حەماسیان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێرشە زەمینییەکەیان بۆ سەر کەرتی غەززە ماوەی چەند سەعاتێکی خایاندووە و دواتر سەربازەکانیان گەڕاونەتەوە ناو خاکی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، ھێرشە زەمینییەکەی شەوی رابردوو، چوارەمین ھێرشی زەمینییانە بۆسەر کەرتی غەززە لە ماوەی سێ ھەفتەی رابردوودا.
شەوی چوارشەممەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ھێرشێکی زەمینی فراوانیان بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە و تیایدا ژمارەیەک پێگەی حەماسیان کردووەتەوە ئامانج.
ئەم ھێرشە زەمینییانەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە لە کاتێکدایە، کە بڕیاربوو لەدوای رۆژی حەوتی ئەم مانگەوە، سوپای ئیسرائیل ھێرشێکی زەمینی فراوان و چڕ بۆسەر غەززە دەستپێبکات، بەڵام تائێستا سوپای ئیسرائیل ئەو ھێرشەی ئەنجامنەداوە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش کۆکنین لەسەر ئەنجامدانی ھێرشەکە.
جۆن کێربی وتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، سەرۆکی وڵاتەکەی نامەیەکی ئاڕاستەی رێبەری باڵای ئێران کردووە و تیایدا ھۆشداری بە تاران دراوە کە ئەگەر بە ئامانجگرتنی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەردەوام بێت، واشنتۆنیش وەڵامی ھێرشەکان دەداتەوە.
لە نامەکەیدا بایدن بە خامنەیی دەڵێت، ئەگەر گروپەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام بن لە جوڵەکردن دژی ھێزەکانی ئەمریکا، واشنتۆنیش وەڵام دەداتەوە و ئەو بابەتەش ھیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی ئێستای ئیسرائیلەوە نییە.
دوای ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، بە ئامانگرتنی ھێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق و سوریا زیادیکردووە، بەو ھۆیەش پێنتاگۆن بڕیاریدا ھێزی سەربازی زیاتر لە ناوچەکەدا جێگیر بکات.
وەزارەتی ناوخۆی فەڵیستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل یەکەیەکی نیشتەجێبوونی لە شاری خان یونسی باشوری کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە ١٥ کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەنێوان ئەو کەسانەی لە ھێرشەکەدا کوژراون، رۆژنامەنووسێکی فەڵەستینیش بە ناوی یاسر ئەبو ناموس کوژراوە.
ھاوکات، لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردووەتەوە، لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە رۆژی حەوتی تشرینی یەکەمەوە سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، زیاتر لە حەوت ھەزار و ٤٠ کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە ١٨ ھەزار و ٤٨٤ کەسی دیکەش برینداربوون، سەرەڕای ئەوەش ھێشتا چارەنووسی ھەزار و ٦٥٠ کەس بە نادیاری ماوەتەوە.
فیلیپ لازارینی کۆمیساری گشتی ئاژانسی کار و فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە قودس رایگەیاند، کەرتی غەززە پێویستی بە ھاوکاری مرۆیی بەردەوام ھەیە، بۆ گەیاندنی ئەو ھاوکارییانەش بە کەرتەکە پێویستە ئاگربەستی مرۆیی رابگەیەندرێت و شەڕ لە کەرتی غەززە بوەستێندرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای دروستبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە، لانیکەم ٥٧ کارمەندی ئاژانسەکەیان کوژراون.
کۆمیساری گشتی ئاژانسی کار و فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشیکردەوە، ئەو ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاوی دەکاتەوە سەبارەت بە کوژراوان و بریندارانی شەڕی غەززە دروستن.
تەندروستی غەززە لە راگەیەنداروێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە رۆژی حەوتی تشرینی یەکەمەوە سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، حەوت ھەزار و ٣٢٦ کەس گیانیانلەدەستداوە کە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٣٨ کەسیان منداڵن و ھەزار و ٧٢٦ کەسی دیکەشیان ژنن.
ھەروەھا تەندروستی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە ١٨ ھەزار و ٩٦٧ کەسی دیکەش برینداربوون، سەرەڕای ئەوەش ھێشتا چارەنووسی ھەزار و ٦٥٠ کەس بە نادیاری ماوەتەوە.
ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لە ئەنقەرە لەگەڵ ھاوتا دانیمارکییەکەی لارس لۆکێ راسموس سەبارەت بە گرژییەکانی غەززە و دوایین پێشھاتە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی بزووتنەوەی حەماس ناکات.
ئەوەشی خستەڕوو، تەواوی مرۆڤایەتی لەسەر گۆڕەپانی شەڕی غەززە وەستاوە، یان شەڕەکە فراوانتر دەبێت و بە تەواوی جیھاندا بڵاودەبێتەوە، یان ئاشتیی بەدیدێت.
وەزارەتی دادی دانیمارک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەیاسایەکیان بۆ رێگریکردن لە سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان، ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە و ئامانجیان رێگریکردنە لە بێڕێزیکردن بە کتێبە پیرۆزەکان.
وەزارەتی دادی دانیمارک دەشڵێت، رۆژی ١٤ی مانگی داھاتوو، پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساکە کۆدەبنەوە.
ناردنی ئەو پڕۆژەیاسایە لەکاتێکدایە، چەند مانگی رابردوو لە دانیمارک و سوید چەندینجار قورئانی پیرۆز سوتێندرا و بێڕێزی پێکرا، ئەوەش نیگەرانیی لێکەوتەوە و لە چەندین وڵات و بە تایبەت عێراق، خۆپیشاندان کرا و باڵیۆزخانەی سوید سوتێندرا.