ئەمڕۆ رێوڕەسمی دەرچوانی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەڕێوەدەچێت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبێت، کە تێیدا 210 خوێندکار دوای تەواوکردنی پڕۆسەی راهێنان و پێگەیاندنی سەربازی، پلەی ئەفسەرییان پێدەبەخشرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبونی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی رێوڕەسمی دەرچوانی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
لە خولەکەدا کە سەرجەم بەشداربوانی لە رەگەزی نێرن و ژمارەیان 210 کەسە و خەڵکی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دوای تەواوکردنی پڕۆسەی راهێنان و پێگەیاندنی سەربازی، پلەی ئەفسەرییان پێدەبەخشرێت.
یەکێک لە مەرجە سەرەکەکانی وەرگرتنی ئەم خوێندکارانە، کە ماوەی نۆ مانگ لە مەشق و راهێنانی چڕدان، هەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە بوارە جیاجیاکاندا.
ئەم دەرچووانە پێشتر لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی کوردستاندا خزمەتیان کردووە و بەسەر وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەدا دابەش بوون؛ بەشێوەیەک کە 56 خوێندکاریان سەر بە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتنن لە وەزارەتی ناوخۆ و 154 خوێندکاریشیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، کە لەو ژمارەیەش 131یان لە هێزەکانی 70ن.
بڕیاریشە دوای وەرگرتنی پلە نوێیەکانیان، سەرجەم ئەم ئەفسەرە نوێیانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی کارەکانی پێشوویان و وەک ئەفسەر دەستبەکاربن.