ھێرزی ھالێڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەستپێکی قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی سوپاکەی لە کەرتی غەززە راگەیاند و وتی، لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەند مۆڵگەیەکی حەماسیان لە کەرتی غەززە کۆنترۆڵکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئەو گروپەیان لەناوبردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، سوپای ئیسرائیل لە پێشڕەوییەکانی بۆ گەمارۆدانی ناوچەی خان یونس لە کەرتی غەززە بەردەوامە و لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی دەستکەوتەکانی لە باکووری کەرتی غەززە.
ھاوکات، جەنەڕاڵ یارۆن فینکڵمان، فەرماندەی فەرماندەیی باشووری سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ توندترین شەڕیان کردووە دژی چەکدارانی حەماس لەسەرەتای ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانەوە بۆ سەر کەرتی غەززە تا ئێستا.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی غەززە، لەئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ ١٥ ھەزار و ٨٩٩ کوژراو بەرزبووەتەوە و لەو ژمارەیەش رێژەی ٪٧٠یان ژن و منداڵن.