دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە ئیدارەكەی وتووە لە ئێستادا نایەوێت دانوستان لەگەڵ ئێران بكات، عراقچیش رەتیدەكاتەوە لەم رۆژانەدا لەگەڵ ویتكوف قسەی كردبێت.

تۆڕی "سی ئێ، ئێن"ی ئەمریكی لە زاری لێپرسراوانی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردووەتەوە، ترەمپ بە تیمەكەی وتووە لە ئێستادا نایەوێت دانوستان لەگەڵ ئێران بكات، باسیان لەوەشكردووە، لە رۆژانی رابردوودا لێپرسراوانی ئێران پەیوەندییان لەگەڵ ستیڤ ویتكوف نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، بۆئەوەی كەناڵێكی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو وڵات بكرێتەوە.

كەناڵی 12ی ئیسرائیلیش لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، عراقچی و ویتكۆف ئاڵوگۆڕی نامە و پەیام لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە هیچ كەناڵێكی پەیوەندی لەگەڵ ویتكوف هەبوبێت و دەڵێت، دوایین پەیوەندییان پێش هێرشەكان بووە.