وەزارەتی تەندروستی لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، بە رەسمی رایگەیاند کە ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوە بە ڤایرۆسی کوشندەی "ئیبۆلا" لە وڵاتەکەدا بەرزبووەتەوە بۆ 710 حاڵەت، هاوکات تا ئێستا 139 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە.
ئەم پەرەسەندنە خێرایە لە کاتێکدایە، کە رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) پێشتر و لە 17ی ئایاری رابردوودا بە رەسمی باری نائاسایی راگرت و رایگەیاند؛ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری کۆنگۆ و ئۆگاندا بووەتە مەترسییەکی راستەقینە و ھەڕەشە لەسەر وڵاتانی دیکەش دروست دەکات.
بۆ پێشگرتن لە کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر، رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لەگەڵ ناوەندی ئەفریقا بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان، لە5ی ئەم مانگەدا، پلانێکی فریاگوزاری و ئامادەکاریی پێشوەختیان بە بەهای 518 ملیۆن دۆلار راگەیاند، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی زنجیرە نوێیەکەی ئەم پەتایە کە بە (ڤایرۆسی بونديبوغيو - سلالەی ئیبۆلا) ناسراوە.
کۆریای باکور داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ داماڵینی چەکە ئەتۆمییەکانی رەتکردەوە و ئاشکرایدەکات، پێگەی وڵاتەکەی وەک هێزێکی ئەتۆمی یەکلاکراوەتەوە و پاشەکشەی لێناکرێت.
لێپرسراوێکی کۆریای باکوور کە ناوی ئاشکرانەکراوە، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی وڵاتەکەی رایگەیاند: "قسە و لێدوانە پووچەکانی ئەمریکا و هێزە پاشکۆکانی، هەرگیز کاریگەرییان لەسەر پێگەی نەگۆڕی کۆریای باکور وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی نابێت و پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی بابەتێکە کۆتایی هاتووە."
ئەو لێپرسراوەی کۆریای باکور ئاماژەی بە فرۆشتنی سیستمە چەکدارییەکانی واشنتۆن بە سیئۆل و تۆکیۆ کرد و وەک پاساوێک بۆ دەستگرتنی وڵاتەکەی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە ناوبرد، کە بە وتەی ئەو "دەستەبەرێکی بەهێزی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە."
ئەم هەڵوێستەی پیۆنگیانگ دوای کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی نێوان کۆریای باشور، ژاپۆن و ئەمریکا هات کە لە تۆکیۆ بەڕێوەچوو، تێیدا هاوپەیمانان جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان بە "داماڵینی تەواوی چەکی ئەتۆمی لە نیمچەدورگەی کۆریا" کردبووەوە.
گۆڤاری فۆربسی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، رێككەوتنە نوێكەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ئێران، هاوشێوەی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی سەردەمی باراك ئۆبامایە.
گۆڤاری فۆربس دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات ئەم ڕێككەوتنە بە جیاواز لە سەردەمی ئۆباما نیشان بدات، بەڵام بڕگە سەرەكییەكانی وەك کەمکردنەوەی سزاكان و پێدانی دەرفەتی دارایی بە تاران، بە تەواوی هاوشێوەی رێككەوتنەكەی پێشوون كە ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی كشایەوە.
بەپێی زانیارییەكانی گۆڤارەكە، گەرووی هورمز بە هاوبەشی نێوان ئێران و عەمان سەرلەنوێ دەكرێتەوە و لە بەرانبەریشدا بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد دەكرین.
خاڵەكانی رێككەوتنەكە كە هەندێكیان دزەیان پێكراوە، ناكۆكی لەناو ئیدارەی ئەمریكادا دروستكردووە، بە شێوەیەك سیناتۆری كۆمارییەكان تێد كروز رایگەیاند، ئێران پارە بلۆككروەكان بۆ بەردەوامیدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بەكاردەهێنێت، بە هەڵەیەكی كارەساتبار بۆ ئەمریكا دادەنێت.
دوای ئەوەی میدیاکانی جیهان هەواڵی بوون بە ترلیۆنێری ئیلۆن مەسکیان بڵاوکردەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوەم بە بیر داهات، تاکە مرۆڤێک، کە خاوەنی بڕێکی بێشومار زۆری پارە و هێزی تەکنەلۆجییە، دەکرێت چ گۆڕانکارییەک لە ئێستای گۆی زەویدا بکات؟
هەبوونی کۆمپانیاگەلێکی زەبەلاحی وەک تێسلا لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و سپەیس ئێکس لەبواری زانستی گەردوونناسی و چەندین کۆمپانیای دیکە، ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە، ئایا ترلیۆنێرێک کە لە بواری ژیری دەستکردیشدا جێدەستێکی گرنگی هەیە، دەتوانێت هەژاریی لەسەر زەوی کەمبکاتەوە؟ یان ئایا دەتوانێت سودێکی زۆر و بێبەرانبەر بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت و داهێنانی گرنگ بکات؟
جێگەی تێڕامانە کە کارل مارکسی ئابوریناس و فەیلەسوفی ئەڵمانی و هاوڕێکەی، فرێدریک ئەنگڵس، نزیکەی 200 ساڵ پێش ئێستا باسیان لە فرۆشتنی بەرهەمی کاری کرێگرتە کردووە و باسیشیان لە ئەنجامی ئەو سیستمە پاوانخوازەی ئەو سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی بەرەو سەرمایەداری دەکرد، کەچی لەبری ئەوەی بە تێزەکانی ئەوان مرۆڤایەتی بەرەو هەرەوەزی و پێکەوەژیان و یەکدی قبوڵکردن و هاوکاریکردنی ئابوریی یەکدی، بەرەو ئەوپەڕی تاکگەرایی و ئۆخەی ئۆخەی هەر چ کەس بۆخۆی رۆشتووە.
بەلامەوە سەیرە، لە کاتێکدا لە ئەمریکا و ئەوروپا و زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە سیستمی سیاسییان نیولیبراڵیزمە و سیستمە کۆمەڵایەتییەکەشیان تاکگەراییە، رێژەی بێکاری تێیاندا رۆژبەرۆژ بەرزتر دەبێتەوە و رێژەی بێلانەکان و هەژارەکانین بە هاوستونی، بەرزتر دەبنەوە؛ چۆن و بۆچی ملیاردێر و ترلیۆنێرە چاوبرسییەکانی وەک مەسک و هاوڕێکانی ناتوانن یان نایانەویت ئەم قەیرانە لە وڵاتانی رۆژئاوا کۆتایی پێبهێنن؟
ئایا هیچ راستییەک لەوەدا هەیە کە ئەوانەی خاوەنی ئەو سەرمایە زەبەلاحەن وەک ئیلۆن مەسک، بە هەوڵ و رەنجی خۆیان بەدەستیان هێناوە؟ یان ئەمە بەرئەنجامی ئەو سیاسەتە پاوانخوازی و تاکگەرایی و نەرجسیەتەیە کە لە رۆژئاوادا ئێستا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە؟
ئایا ئەمە دووبارە وامان لێدەکات بەناو رەوتە فەلسەفییە کلاسیکییەکان و دەروونناسیی کلاسیکدا تەراتێن بکەین و تەقەلای ئەوەمان بێت لەوە تێبگەین کە ئایا بەڕاستی مرۆڤ لە ئەزەلەوە پاوانخوازە؟ ئایا بەڕاستی مرۆڤ هەر لەگەڵ لەدایکدەبێت، خاوەندارێتیی تایبەت بە هەموو شتێکەوە دەکات؟
ئەگەر وەڵامەکە بۆ خراپیی مرۆڤ لە ئەزەلەوە بەڵێ بێت، ئەوکات دەشێت بپرسین پێویستیی ژیانکردنی مرۆڤ لەئێستادا لەکوێدایە کە رۆژانە ملیاران کەس هەوڵبدەن بۆئەوەی قوتی رۆژانەیان دابینبکەن، کەچی لەتەنیشتیانەوە، تاکە کەسێک، تەتەر ئاسا پێشیان بکەوێتەوە و سەرمایەکەیە لە ٪46ـی دانیشتوانی گۆی زەوی زیاتر بێت؟
ئایا ئەمە دووبارە سەرنجی شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابوریی جیهان و فەیلەسوفان بەرەو سەردەمی شەڕی ساردی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا، چەپ و راست، سۆسیالیزم و سەرمایەداری، دەبات؟ بێگومان دەبێت وەڵامەکەمان بەڵێ بێت و زۆرترین شرۆڤە و شیکاریی بۆ ئەم هەڵتۆقینە بێشومارەی چەند مرۆڤێک لە دونیادا و کاریگەرییەکانیان بەسەر سیاسەت و قوتی رۆژانەی مرۆڤی ئاسایی لو جیهاندا و تەواوی ئەو بابەتانەی دیکە کە کاریگەرییان بەسەریەوە دەبێت، بکرێت.
ئەمەش بەدەر لەوەی کە ئایا ژیری دەستکرد بەرەو کوێ دەبەن؟ ئایا مرۆڤایەتی هەر بەڕاستی لەژێر سایە و هەژموونی ئەم ملیاردێر و ترلیۆنێرە رۆژئاواییانە کە هیچ شتێک نایانوەستێنێت لە بیرکردنەوە پۆزەتیڤیستی و تاقیکارییەکانیان، مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون بەهێواشی و بەئازارەوە نابات؟
لەسەر ئاستی جیهان زیاتر لە 138 ملیۆن منداڵ لە رەوشێكی سەختدان و بەشێكیشیان بەهۆی كاركردنەوە ژیانیان لە مەترسیدایە.
رێكخراوی نێودەوڵەتی كار ئامارێكی لەبارەی كاركردنی منداڵان و مەترسی لەسەر ژیانیان بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە، لەسەر جیهان زیاتر لە 138 ملیۆن منداڵ لە رەوشێكی زۆر سەختدا كار دەكەن و لە مافی پەروەردە بێبەشكراون و ژیانی 54 ملیۆن منداڵیش لە مەترسیدایە.
راشیگەیاندووە، ئەمساڵ كەمپینێك بە ناونیشانی كارتی سوور بۆ كارپێكردنی منداڵان و كاری پڕ رێز بۆ گەورەكان بەڕێوەدەچێت و داوا لە وڵاتانی جیهان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش دەكات كار بكەن بۆ رێگریكردن لە كاركردنی منداڵان.
رێكخراوی نێودەوڵەتی كار داوا لەسەرجەم وڵاتانی جیهانیش دەكات، لە دژی كارپێكردنی منداڵان هەڵوێستیان هەبێت بۆئەوەی ئەو بەڵێنانەی دراون گۆڕانكاریی راستەقینە بۆ هەموو منداڵان و خێزانەكان دروستبكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد سبەی ئەنجام نادرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەواوکردنی لە چەند رۆژی داهاتوودا بە ئەگەرێکی کراوە دەمێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانەکانیدا، رایگەیاند: واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە سبەی نابێت، بەڵام بەدووریش نازانرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
لەلایەکی ترەوە زانیاریی زیاتری خستەڕو و وتی: یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لەم قۆناغەدا تیشک دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەبێ ئەوەی باسی پرسی ئەتۆمی بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ شەممە، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان پێشبینی کردبوو رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ماوەی 24 کسەعاتدا کۆتایی پێبێت.
شەریف رایگەیاندبوو: پاکستان لە هەر کاتێک زیاتر نزیکە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کردبوو کە: ئەمریکا و ئێران لەسەر چوارچێوەی کار بۆ رێککەوتنی ئاشتی رێککەوتوون کە کۆتایی بە چەندین مانگ لە ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت، و رونیشیکردەوە کە هەردوولا گەیشتوونەتە دەقی کۆتایی رێککەوتنەکە.
شەهباز شەریف ئەوەشی خستبووە روو کە وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی رێککەوتنی ئاشتییەکە کاتێک کارەکانی کۆتایی دێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەفتەی داهاتوو لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی واژۆکردنی ئەلیکترۆنییەکە، دانوستانە تەکنیکییەکان بەڕێوەدەچن.
ترەمپ رێگری دەكات لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی لە ناو خاكی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، دان كەین سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا، مانگی رابردوو بە نهێنی سەردانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكای كردووە بۆ بینینی پلانی هێرشێكی سەربازیی زەمینی بۆ ناو خاكی ئێران، كە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە بووە.
بە پێی ئاژانسەكە، هۆكاری راگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییە بۆ ترسی ئەمریكا لە وەڵامدانەوەیەكی زۆر توندی ئێران و درێژەكێشانی جەنگ دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی زیانی گەورەش بە ئابووریی جیهان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی ئەمریكا، ئاماژە بەوەشكراوە، خودی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیكردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پلانە بۆئەوەی رەوشەكە ئاڵۆزتر نەبێت.
ئاژانسی رۆیتەرز لە سەرچاوەیەکی رۆژئاوایی ئاگادارەوە، ئەمڕۆ شەممە، گواستییەوە، کە ئەگەر هەیە لە زووترین کاتدا و لە رۆژی یەکشەممەدا، رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە واژۆ بکرێت، بەوپێیەی شاری جنێڤ وەک شوێنی واژۆکردنەکە دەستنیشان کراوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، چەندین سەرچاوەی ئاگادار بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە رەشنووسی مەرجەکانی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، دەستپێکردنی ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لەلایەن واشنتنۆنەوە و هەڵگرتنی سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەخۆدەگرێت، لە بەرانبەر دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردوە کە: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی دانوستانێکدا کە ٦٠ رۆژ دەخایەنێت تاوتوێ دەکرێت، هەروەها ئەوەشیان خستووەتەڕو کە: پێشنیارەکان تاوتوێکردنی قەرەبووی ئەگەری بۆ ئێران بەهۆی شەڕەوە، و دەستبەرداربوون لە داواکارییە کۆنەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر بەرنامەی موشەکیی ئێراندا دەگرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ رۆیتەرز راستی ئەم پێشنیارانەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە: هیچ پارەیەک بۆ ئێران ئازاد ناکرێت تاوەکو مەرجەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە گەروی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ئێران هیچ داراییەک پێشکەش بەو گروپانە ناکات کە واشنتۆن وەک تیرۆریست پۆلێنیان کردوون، و رایگەیاند کە تاران رەزامەندی لەسەر ئەوە دەربڕیوە.
لەلایەن خۆشییەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاند کە ئیسرائیل پێشبینی دەکات ئازادیی جووڵە بۆ خۆی بپارێزێت بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دایئەنێت.
میدیا ئەمریكییەكان ئاشكرای دەكەن، دۆناڵد ترەمپ رێگریی كردووە لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی زەمینی بۆ ناو خاكی ئێران، كە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە.
سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، كە "دان كەین" سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا، مانگی رابردوو بە نهێنی سەردانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكای كردووە بۆ بینینی پلانی هێرشێكی سەربازیی زەمینی بۆ ناو خاكی ئێران، كە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە..
سی ئێن ئێن ئەوەشی خستووەتەڕوو، هۆكاری راگرتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بۆ ترسی ئەمریكا لە وەڵامدانەوەیەكی زۆر توندی ئێران و درێژە كێشانی جەنگەكە دەگەڕێتەوە، جیا لەوەی زیانی گەورە بە ئابوریی جیهان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی ئەمریكا.
سەرۆكی روسیا ئامادەیی وڵاتەكەی دەدەبڕێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆكراین بەو مەرجەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی وڵاتەكەی رەچاو بكرێت.
ڤلادیمYر پوتن سەرۆكی روسیا لە رێوڕەسمی رۆژی روسیا لە كۆشكی كرملن رایگەیاند، روسیا ئامادەیە لەگەڵ ئۆكراین دانوستان بكات، بەو مەرجەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی وڵاتەكەی رەچاو بكرێت، وتیشی، مەبەستیان بەرژەوەندییەكانی ئێستا نییە، بەڵكو دەبێت بەرژەوەندییە درێژخایەنەكان بە رەچاوكردنی رەهەندە مێژووییەكان جێگیر بكرێن و بپارێزرێن.
پوتن ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە لە دژی مۆسكۆ و هەر ناتۆش بووە هۆی دەستپێكردنی جەنگ لەگەڵ ئۆكراین.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیاش لەسەر داوای بەریتانیا رەزامەندیی نیشانداوە لەگەڵ فەڕەنسا و ئەڵمانیا كۆبێتەوە، بۆئەوەی گوێ لە پێشنیازەكانیان بگیرێت و دانوستان بكەن.
ئاژانسی بلومبێرگیش ئاشكرایكردووە، ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ ئۆكراین كار دەكەن بۆ داڕشتنی پلانێكی تایبەت بە ئاشتی بۆئەوەی روسیا بەرەو دانوستانێكی جدی هان بدەن و رێگریش بكەن لە دێژەكێشانی جەنگی نێوان كیێڤ و مۆسكۆ.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن کە تیایدا هەردوولا بەڵێن دەدەن رێز لە سەروەری یەکتر بگرن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەک نەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا بە نووسراو بەڵێنی داوە چیتر شەڕ دەست پێنەکات و هەڕەشە و هێز دژی ئێران بەکارنەهێنێت.
عراقچی سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە ئاشکرای کرد، بابەتەکانی وەک پرسی ئەتۆمی، هەڵگرتنی سزاکان، ئاوەدانکردنەوە، چارەنووسی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، پرسی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لە یاداشتەکەدا جێگیر کراون.
وتیشی: رێککەوتن و دانوستان پرۆسەیەکی دوولایەنەیە و هیچ رێککەوتنێک نییە کە لایەنێک تێیدا 100%ـی قازانج ببێت و لایەنەکەی تر هیچ. بەڵکو دەبێت هەردوولا گەیشتبنە ئاستی رەزامەندی.
وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، دانوستانەکان بۆ دوو قۆناغ پێشبینی کراون؛ قۆناغی یەکەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەیە، قۆناغی دووەمیش کە دەستپێکردنی دانوستانە وردەکانە.
عراقچی ئەوەشی رایگەیاند، کە پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بۆ قۆناغی دووەم دواخراون و ماوەی 60 رۆژ دانوستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانە دیاریکراوە.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، عەباس عراقچی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی تاران کردەوە و رایگەیاند، هەرگیز حزبوڵای لوبنان بە تەنیا جێناهێڵن و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەبێت لوبنان و هەموو بەرەکانی تر بگرێتەوە.
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی کە ئەم رێککەوتنە چەندین دوژمنی هەیە، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئیسرائیلە و هەوڵی تێکدانی دەدات.
ئێران ووردەكاری رەشنوسی رێككەوتنەكەیانی لەگەڵ ئەمریكا بڵاوكردەوە كە راگرتنی یەكجاری شەڕ و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران و چەند بابەتێکی دیکە لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەیەك لە تیمی دانوستانكاری ئێران بە میدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە، رەشنوسی رێككەوتنەكە، راگرتنی شەڕ و پێكدادان لەسەرجەم بەرەكان بە لوبنانیشەوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ هەڵگرتنی تەواوەتی گەمارۆی دەریایی لە ماوەی 30 رۆژدا و پابەندبوونی ئەمریكا بە كشاندنەوەی هێزەكانی لە دەوروبەری ئێران.
راشیگەیاند، هەر لە رەشنوسی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بە راگرتنی سزاكانی سەر فرۆشتنی نەوت و بەرهەمی پترۆكیمیایی ئێران و دەستڕاگەیشتنی بە تەواوی سەرچاوە داراییەكانی كراوە، پێویستیشە ئەمریكا لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە و هاوپەیمانەكانی بە بڕی بە بەهای 300 ملیار دۆلار قەرەبووبکرێتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا، 60 رۆژ بۆ دانوستان و رێككەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا دۆسیە ناكۆكەكانی دیكەی نێوان هەردوولا دیاریكراوە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێرش و بۆردوومانانەی داوە کە بڕیار بوو ئەمشەو بکرێنە سەر ئێران، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران لە بەرانبەردا میدیاکانی ئێران گەیشت بە رێکەوتن رەتدەکەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بۆردوومانەکە دوای ئەوە هاتووە کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتی و لایەنی ئێرانیش رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا لە تروس سۆشیال جەختی لەوە کردوەتەوە، کە خاڵە کۆتاییەکانی ئەم رێککەوتنە لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرەین، کوێت، ئوردن، میسر و چەندین وڵاتی دیکەوە پەسند کراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە،تەواوی لایەنەکان رێککەوتنەکەیان قبوڵ کردووە و ئێمە هێرش ناکەینە سەر ئێران گەمارۆی دەریایی سەر ئێران وەک خۆی کاری پێدەکرێت و بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.
لە دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ ئاژانسی فارس، لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە رایگەیاندوە، تا ئێستا بە هیچ یاداشتێک لەگەڵ ئەمریکا رازی نەبوون و ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دەیڵێت دورە لە راستییەوە.
لێپرسراوێکی باڵای پنتاگۆن و دوو لێپرسراوی ئیدارەی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان راگەیاندوە، پلانەکانی سوپای ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی ژێرخانی وزەی دورگەی خارگ ماوەی چەند مانگێکە لەبەردەستدایە، بەڵام بەهۆی مەترسی زۆرەوە چەندین جار دواکەوتووە.
سی ئێن ئێن لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، لێپرسراوانی کۆشکی سپی پێیان وایە دەستبەسەرداگرتنی خەرگ یان لەناوبردنی دامەزراوە نەوتییەکانی بەشێوەیەکی کاریگەر ئێران مایەپوچ دەکات و توانای درێژەدان بە جەنگەکەی لەناو دەبات.
هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، هۆکاری دواخستنی ئەو پلانە هۆشدارییە سەربازییەکانی پنتاگۆنە، کە بە دۆناڵد ترەمپیان وتوە، ئۆپراسیۆنێکی لەو شێوەیە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر هێزی زەمینی دەبێت و ئەگەری هەیە زیانی گیانی زۆی بۆ سوپای ئەمریکا لێبکەوێتەوە.
سی ئێن ئێن دەڵێت؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پنتاگۆن و کۆشکی سپی ئەم کارە بە دوا رێگە یان کۆتا پلان دەزانن کە دەتوانێت هاوسەنگی شەڕەکە بگۆڕێت، بەڵام تێچووی زۆری دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵذ ترەمپ رایگەیاند ئەمشەو گورزێکی کوشندە لە دورگەی خارگ دەدەین و پێشتریش سوپای ئەمەریکا چەندین هێرشی ئاسمانی گەورەی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی خەرگ ئەنجامداوە، بەڵام بە ئەنقەست خۆی لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی گرنگی دورگەکە بەدور گرتووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە هەر زیانێک ئێران بە هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کەنداودا بگەیەنێت، لە هەژمارە بانکییەکانی ئەو وڵاتە دەبڕدرێت.
بێسێنت وتی: ئێران ئەو یارییە دۆڕاوە کە دەیکات، هەر زیانێک بە هاوپەیمانانمان لە کەنداو بگەیەنێت، باجەکەی لەو پارانە دەدات کە لە هەژمارەکانی ئێران دەبڕدرێن.
هۆشداریشی دا کە: هەر باجێکی تێپەڕبوون کە بدرێت بە دەستەی گەروی کەنداوی عەرەبی، لە بەرامبەردا پارە لە هەژمارەکانی ئەوان دەبڕدرێت، دووپاتیشی کردەوە کە هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە تەنها دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی ئەو دەرئەنجامە ئابوری و داراییانەی کە ڕروبەروی دەبنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارەگای "خاتەمو ئەنبيا"ی ئێرانی رایگەیاند: لەم ساتەوە، بەهۆی ناسەقامگیریی باری تەناهی لە ناوچەکە، داخستنی گەروی هورمز بەروی هاتوچۆی سەرجەم جۆرەکانی کەشتیاندا رادەگەیەنین.
ئەم گرژییە سەربازییەی ئێستا، رۆژی دووشەممەی رابردوو کاتێک دەستی پێکرد کە کۆپتەرێکی جۆری "ئەپاچی" ئەمریکی لە نزیک گەروی هورمز خرایە خوارەوە، ئەو روداوەش زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لێکەوتەوە کە خاکی ئێران و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەی کەنداو گرتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی رونیان کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییەی واشنتۆن، سیستمەکانی چاودێری، تۆڕەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان کردوەتە ئامانج، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەوەی کە بە دەستدرێژی بەردەوامی ئێران لە ناوچەکەدا ناویان بردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەگاتە رێککەوتن، بە توندی بۆردومانی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئێرانییەکان زۆر خۆبەزلزانن و ماوەی 47 ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوازی سەرەڕۆیانە رەفتار دەکەن.
ترەمپ قەبارەی زیانە سەربازییەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد و وتی: سەرجەم رادارەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و زۆربەی مووشەکەکانی ئێرانمان تێکشکاندووە، پێمانوایە ئەوەی ئێستا لەبەردەستیاندا ماوەتەوە تەنها نزیکەی 20٪ی تواناکانیانە.
هەروەها رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی بە یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان لە مێژوودا ناوبرد و دووپاتی کردەوە کە: لە ئێستادا دەیەوێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاراندا واژۆ بکات.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، ترەمپ هۆشداریدا و وتی: پردەکان ئامانجی داهاتووی هێرشەکانمان دەبن، بەڵام من نامەوێت ئەو کارە بکەم، چونکە کاتێک ئەوە ئەنجام دەدەم خەڵکی دەناڵێنن و تووشی ناڕەحەتی دەبن.
لەلایەکی ترەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ بۆ سەر ئێران، ئامانج لێی دروستکردنی گوشارە بۆ سەر تاران تا نەرمی زیاتر لە دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نیشان بدات.