ئەڵمانیا: تا چەکەکان بێدەنگ نەبن دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکەین
بڵند
١٩ی ئازاری ٢٠٢٦
فریدریش مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەوان بڕیاریانداوە دەستوەردان لە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکەن، تا ئەو کاتەی جەنگی ئەمریکا وئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران بەردەوام بێت، ئەو دەڵێت؛ کاتێك رۆڵیان دەبێت، کە چەکەکان بێ دەنگ بن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فریدریش مێرتز لە پەراوێزی لوتکەی برۆکسل راگەیاندوە، رۆڵی ئەڵمانیا بە مەرجی وەستانی شەڕ و پێکدادانەکانە و جەختی لەوە کردەوەتەوە؛" تەنها کاتێک مامەڵە دەکەن، کە دەنگی چەکەکان بێدەنگ بووبێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، دەتوانن زۆر شت بکەن، لەوانە کردنەوەی رێڕەوی دەریایی و دابینکردنی ئاسایش بۆ کەشتییەکان، بەڵام تا شەڕەکە بەردەوامە، ئەمە ناکەن.
ئەم قسانەی راوێکاری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرتووە و رایگەیاندووە، ئەوان هاوکاری ئەمریکایان نەکردووە لە بەڕێوەبردنی دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە، کە زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە نایاسایی دەزانن.
هەر ئەمڕۆش هەریەکە لە وڵاتەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و ژاپۆن، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێرانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداودا کرد و داواش دەکەن دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و غازییەکان رابگیرێت.



