سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە تائێستا، ھێزەکانیان ٢٩ ھەزار ھێرشی ئاسمانیان کردووەتەسەر کەرتی غەززە، ھەروەھا دوو ھەزار شوێنیش لە سوریا و لوبنان و کەناری رۆژئاوا کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئامارەکان، بەھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە ٢٩ ھەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە نزیکەی نیوەیان منداڵ بوون، ھەروەھا زیاتر لە ٦٩ ھەزار کەسیش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی لەو ماوەیەدا ٦٥٠ ھەزار کەس لە غەززە بێ ماڵوحاڵ بوون و ٩٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەربوون.
ستیفانی دوجاریک، وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەردەوامی ھێرشەکانی سەر غەززە و تێکچوونی زیاتری دۆخی مرۆیی جێگەی نیگەرانییەکی زۆریانە، بە تایبەت کە ئێستا لە غەززە ھەمووان برسین لەنێویشیاندا ٥٠ ھەزار ژنی دوو گیان ھەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جەزائیر و ئەمریکا دوو پڕۆژەی تایبەتیان بە غەززە ئامادەکردووە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا بیخەنە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، لە پڕۆژە بڕیارەکەی جەزائیریشدا داوای دەستبەجێ راگرتنی ھێرشەکان کراوە.
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی، ئەوان داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلە و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە دەکەن و داواشدەکەن ئەنجومەنی ئاسایش بەکۆی دەنگ بڕیارێکی بەپەلە لەوبارەیەوە بدات.
راگەیاندنی جەنگیی حوسییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی ئەمریکیان لە جۆری "ئێم کیو ناین" لە ئاسمانی پارێزگای حەدیدە لەرێی موشەکێکەوە کردووەتە ئامانج و کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام ئاماژەی بە زیانەکانی ھێرشەکە نەکردووە.
رۆژی دووشەممەش دوو کەشتی بازرگانی ئەمریکی و کەشتیەکی بەریتانییش لە کەنداوی عەدەن لەلایەن حوسییەکانەوە کرانە ئامانج.
چەند مانگێکە حوسییەکانی یەمەن لەکاردانەوەی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، کەشتیە بازرگانیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دەریای سور دەکەنە ئامانج و بۆ وەڵامی ئەو ھێرشانەش ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ھێزێکی سەربازییان پێکھێناوە کە چەند جارێک حوسییەکانیان کردووەتە ئامانج.
تید شیبان، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونسێف رایگەیاند، لەدوای ٢٠ مانگ لە دەستپێکردنی جەنگ لە کەرتی غەززە، لەئێستادا رەوشێکی مرۆیی زۆر سەخت لە غەززە دروست بووە و بەھۆی کەمیی خۆراک و خێرایی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانەوە، مەترسی ھەیە ژمارەی گیانلەدەستدان لەنێو منداڵاندا زۆر زیاد بکات.
ھەروەھا ئاشکرایکردووە، رێژەی لەسەدا ٩٠ی منداڵانی غەززە کە تەمەنیان لە ٥ ساڵ کەمترە، کاریگەری یەکێک لە نەخۆشییە گواستراوەکانیان لەسەرە.

جۆزیب بۆریل، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ٢٦ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا یەکدەنگن لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆیی بەپەلە لە غەززە کە لە رێیەوە شەڕ رابگیرێت و بەبێ مەرج بارمتەکان ئازادبکرێن و ھاوکاریی مرۆیی بگەیەندرێتە دانیشتوانی شارەکە.
بۆریل ناوی ئەو وڵاتەی ئاشکرانەکردووە کە ئەندامی یەکێتییەکەیە و پشتگیری ئاگربەستی غەززە ناکات، بەڵام بە وتەی دیبلۆماتکاران لەچەند رۆژی رابردوودا ھەنگاریا دژایەتی بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی کردووە لەوبارەیەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، یەکێتی ئەوروپا ھۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ئەنجامدانی ھێرشی زەمینی بۆ سەر شاری رەفەح، چونکە کارەساتێکی گەورە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە دروستدەکات کە روویان لەو شارە کردووە.
ھادی تەحان نەزیف، وتەبێژی ئەنجوومەنی پاسەوانیی دەستووری ئێران بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دوای سێ مانگ لە ھەڵسەنگاندنی ناوی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەشکردبوو تا بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایاندا بکەن، ئەنجومەنەکەیان شیاوبوونی ١٥ ھەزار و ٢٠٠ کاندیدی پەسەندکرد.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەوپێیەش ٧٥%ـی ئەوانەی ناویان پێشکەشکردبوو شیابوونیان پەسەندکراوە، ئەو ژمارەیەش پێوانەییە لە مێژووی ھەڵبژاردنەکانی ئێراندا.
بڕیارە رۆژی ١ـی ئادار ئەمساڵ ھاووڵاتیانی ئێران بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی ١٢ھەمین خولی پەرلەمان و شەشەھەمین خولی ئەنجومەنی شارەزایان بچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان.

بەگوێرەی خشتەی کارەکانی دەستەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا، سەعات ٥:٠٠ـی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتا وادەیە تا پارتە سیاسییەکان لیستی کاندیدانی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاکان پێشکەشی دەستەکە بکەن.
بۆ ھەڵبژاردنەکەی ٣١ـی ئادار، ٣٥ پارتی سیاسی ناوی خۆیان تۆمارکردووە و رۆژی ٣ـی ئاداریش ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بڵاودەکرێتەوە، ٢١ـی ئاداریش بە رەسمی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات و نۆ رۆژ دەخایەنێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە و ئەمریکا ڤیتۆی لە دژی ڕەشنووسی بڕیارێک بەکارھێنا کە لەلایەن جەزائیرەوە پێشکەشکرابوو داوای ئاگربەستی "بەپەلە"ی لە غەززە دەکرد.
نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە ھەڕەشەی تێکدانی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات بە نێوەندگیری ئەمریکا و میسر و قەتەر.
لە بەرامبەردا ئەمریکا ڕەشنووسێکی خۆی پێشکەش کرد کە دژی ھێرشی زەمینی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیلە لە ڕەفەح و دەڵێت، نابێت لە ھەلومەرجی ئێستادا ئەوە ڕووبدات، بەوپێیەی ھەوڵەکانی ئاگربەست لەباردەبات.
پێگەی " ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، لەم ھەفتەیەدا برێت مەکگۆرگ راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی ئیسرائیل و میسڕ دەکات، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانووستانەکان لەبارەی شەڕی غەززە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی مەکگۆرگ، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و میسڕ، ئۆپراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە دەبێت.
سەردانەکەی مەکگۆرگ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەند رۆژێک دەخایەنێت و تیایدا لەگەڵ ھەریەک لە بنیامین نەتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و عەباس کامیل، بەڕێوەبەری ھەواڵگری میسڕ کۆدەبێتەوە.
یەحیا سەریع، وتەبژی حوسیەکان رایگەیاند، بە درۆن ھێرشیان کردوەتەسەر سەر چەند کەشتیەکی ئەمریکی لە دەریای سور و عەرەب و ناوچەی ئیلاتی ئیسرائیل و کەشتیەکی ئیسرائیلی لە کەنداوی عەدەنی یەمەن.
لای خۆیەوە، حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاند، سوپای فەڕەنسا دوو درۆنیان لە دەریای سور تیکشکاندووە و ئەو کارەشیان لە پێناو ئاسایشی کەناڵی سوێس ئەنجامداوە.
ھاوکات کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، درۆنێکی ئەمریکی لە نزیک ناوچەی حوسیەکان لە یەمەن کەوتووەتە خوارەوە و نازانرێت ھۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی چییە.
ھێرشی ئەم دواییەی حوسیەکان دوای ئەوە دێت کە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە ئەو گروپە چوار ھێرشیان کردسەر کەشتیەکی بەریتانی و بەھۆیەوە ژێر ئاوکەوت.
ئاژانسی تاسی روسی رایگەیاند، دوای ئەوەی لیندسی گراھام، سیناتۆری ئەمریکا روسیای بە دەوڵەتی ترس و تیرۆر ناوبرد، مۆسکۆ گراھامی خستە لیستی تیرۆر و توندڕەوانەوە و لە لیستی داواکراوەکانە.
پێشتر گراھام لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو، کاتێک ناڤالنی گەڕایەوە روسیا دەیزانی کە لەسەر دەستی پوتن دەکوژرێت و ھەر ئەویش ناڤالنی کوشت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی یاساکانی ئەمریکا روسیا بە دەوڵەتی ترس و تیرۆر دادەنرێت و مۆسکۆ باجی کوشتنی ناڤالنی دەدات و چەند پێشنیازێکیشی ئاشکراکردووە کە ئەمریکا دەتوانێت لەو رێگەیەوە سزای روسیا بدات.
ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، ئەگەر تانەکەی ئاسانج رەتبکرێتەوە لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا رادەستی ئەمریکا دەکرێت.
لایەنگرانی جولیان ئاسانج لە دەرەوەی دادگا و دژی رادەستکردنی بۆ ئەمریکا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.
ئیدوارد فیزگەراد، داواکاری گشتی لە دادگای بەریتانیا رایگەیاند، ئاسانج بەھۆی نەخۆشیەوە ناتوانێت ئامادەی دانیشتنەکە بێت بەڵام بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا ھەوڵی تیرۆر کردنی داوە کاتێک پەنای بردووەتە باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
ئەمریکا چەندین جار لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٠ داوای رادەستکردنی ئاسانجی کردووە بەھۆی ئەوەی چەند بەڵگەنامەیەکی ھێزەکانی ئەمریکای لە عێراق و ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکردەوە.
جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، بە دەستپێشخەری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی ھەینی داھاتوو پاکێجێکی سزای توند بەسەر روسیا دەسەپێنن، بە مەبەستی بەرپرسیارکردنی ڕوسیا لە مردنی سەرکردەی زیندانیکراوی ئۆپۆزسیۆن ئەلێکسی ناڤالنی.
ئەوەشی خستەڕوو، سزاکانی وەڵام و ھەڵوێستوەرگرتنی ئەمریکایە لە بەرامبەر، تەواوی ئەو کردەوانەی روسیا کە بە درێژایی شەڕی ئۆکراین ئەنجامیداوە.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا جەختیلەوەشکردەوە، ڕوسیا ھەر سیناریۆیەک بۆ مردنی ناڤالنی بۆ جیھان بگێڕێتەوە، پوتن و حکومەتەکەی ڕووداوەکە لە ئەستۆ دەگرن، داواش لە حکومەتی روسیا کرد کە بە تەواوی شەفاف بێت سەبارەت بە چۆنیەتی مردنی ناڤالنی.
رۆژی ١٦ی شوبات، کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیا، مردنی ئەلێکسی ناڤالنی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی روسیای ڕاگەیاند، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رۆژئاوای کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە مەترسی ئاوارەبوونی زۆرەملێی دانیشتوانی ئەو ناوچانە زیاتر دەکات.
راشیانگەیاندووە، ھێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا کاریگەری لەسەر مێژوویبوونی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە ھەبووە.
رێکخراوەکان داواشیانکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی گەرەنتیکار، دەستێوەردان بکەن بۆ وەستاندنی بەئامانجگرتنی ژێرخانی و دامەزراوە گرنگەکان لە رۆژئاوای کوردستان.
یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارھەڵگری بەریتانیان بە ناوی "روبیمار" لە کەنداوی عەدەن بە چەند مووشەکێک کردووەتە ئامانج و بەھۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەریکەوتووە، مەترسی نقومبوونی لەسەرە، بەڵام تیمی کەشتییەکە بە سەلامەتی چونەتە دەرەوە.
وتیشی، حوسییەکان ھەروەھا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایان لە حودەیدە خستووەتە خوارەوە.
کۆمپانیای ئمبری بەریتانیش بۆ ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، ئەو کەشتییە ئاڵای "بیلیز"ی لەسەرە و لە بەریتانیا تۆمارکراوە و لوبنان بەڕێوەی دەبات، لە گەرووی بابولمەندەب دووچاری ئەو ھێرشە بووە، بەڵام تیمەکەی سەلامەتن.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاروانێکی ھاوکاری سەربازییان رەوانەی بنکەیەکیان لە "خراب جبیر" لە ریفی رمێڵان لە باکوری حەسەکە کردووە، کە لە ١٧ بارھەڵگر پێکھاتبوو.
دوای گەیشتنی ئەو ھاوکارییانەش، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە"، مەشقی سەربازی ھاوبەشیان دەستپێکردووە، مەشقەکە لە بنکەی ھاوپەیمانان بووە لە تل بیدر لە باکوری حەسەکە.