رۆژی چوارشەممەی داهاتوو رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەگاتە تاران و رۆژی دواتر دەست بە راوێژ لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئێران دەكات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاند، سەردانەكە لەسەر بانگهێشتنامەی ئێرانە بۆ ئەوەی گرۆسی دیدار لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای تاران ئەنجام دەدات.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە بەیاننامەیەكدا رونیكردەوە كۆبونەوەكانی تاران لەسەر بنەمای وتوێژەكانی گرۆسی لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دێت لە پەراوێزی كۆبونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

ئاژانسەكە لەزاری گرۆسییەوە دەڵێت، زۆر گرنگە پێشكەوتنی بەرچاو لە جێبەجێكردنی ئەو بەیاننامە هاوبەشەدا بەدەست بهێنرێت كە لە مانگی ئازاری 2023 لەگەڵ ئێران لەسەری رێككەوتون، لەم چوارچێوەیەشدا سەردانەكەی بۆ تاران زۆر گرنگ دەبێت.