جیهانجیهان

جۆزێپ بۆرێل رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش رایگەیاند، رەوشی ئێستای کەناری خۆرئاوا ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم بەدیھێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و پێویستە یەکێتی ئەوروپاش پشتیوانی دەستپێشخەری وڵاتانی عەرەبی بکات بۆئەوەی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاواش بگرێتەوەو لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بن.

وتیشی، ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەناری خۆرئاوا لە فەڵەستین چڕبووەتەوە و رەوشی ئەو ناوچەیەش بەشێوەیەک ھەڕەشە و مەترسی لەسەرە کە ھیچی کەمتر نییە لە مەترسییەکانی سەر غەززە و ئەگەر رێگری لێنەکرێت لە ھەر کاتێکدا بێت زۆر بە خراپی دەتەقێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مایک تێرنەر سەرۆکی لیژنەی ھەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، بەپێی زانیارییە ھەواڵگرییەکان روسیا سیستمێکی بەرگری مووشەکیی دژە مانگی دەستکردی گەشەپێداوە کە جۆرێکە لە چەکی ئەتۆمی و ئەوەش ھەڕەشە و مەترسییەکی جددییە لە بواری ئاسمانی و گەردوونیدا بۆسەرجەم ئەو وڵاتانەی مانگی دەستکرد رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکەن بە ئەمریکاشەوە.

وتیشی، لەئێستادا ئیدارەی ئەمریکا بەسەرپەرشتی جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستمەی روسیا و لە چەند رۆژی داھاتووشدا بە مەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو پلانە لەگەل لێپرسراوانی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

لە بەرامبەریشدا سێرگی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا ئەو زانیارییانەی ئەمریکای رەتکردووەتەوە کە وڵاتەکەی بە نیازیی جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی دژە مانگی دەستکرد بێت لە گەردووندا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارھەڵگری بەریتانیان بە ناوی "روبیمار" لە کەنداوی عەدەن بە چەند مووشەکێک کردووەتە ئامانج و بەھۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەریکەوتووە، مەترسی نقومبوونی لەسەرە، بەڵام تیمی کەشتییەکە بە سەلامەتی چونەتە دەرەوە. 

وتیشی، حوسییەکان ھەروەھا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکایان لە حودەیدە خستووەتە خوارەوە.

کۆمپانیای ئمبری بەریتانیش بۆ ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، ئەو کەشتییە ئاڵای "بیلیز"ی لەسەرە و لە بەریتانیا تۆمارکراوە و لوبنان بەڕێوەی دەبات، لە گەرووی بابولمەندەب دووچاری ئەو ھێرشە بووە، بەڵام تیمەکەی سەلامەتن. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاروانێکی ھاوکاری سەربازییان رەوانەی بنکەیەکیان لە "خراب جبیر" لە ریفی رمێڵان لە باکوری حەسەکە کردووە، کە لە ١٧ بارھەڵگر پێکھاتبوو. 

دوای گەیشتنی ئەو ھاوکارییانەش، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە"، مەشقی سەربازی ھاوبەشیان دەستپێکردووە، مەشقەکە لە بنکەی ھاوپەیمانان بووە لە تل بیدر لە باکوری حەسەکە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی جەلال و ئاکۆ لەلایەن ھێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە لە سنووری ھەنگەژاڵی بانە دەستبەسەرکراون، دوای ئەشکەنجەدان و لێدان، لە پشتەوە تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا ئەو دوو کۆڵبەرە برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی سەلمان ئەمیری کە خەڵکی مەریوان بەھۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی سنووری نەوسوود بەسەختی برینداربوو، بەھۆی ناجێگیری رەوشی تەندروستی لە نەخۆشخانەی پاوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گواستراوەتەوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماجد ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕەخنەی لە لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت کە تیایدا داوای لە قەتەر کردبوو فشاربخاتەسەر حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، جگە لە ھەوڵێکی نوێی خۆی بۆ درێژکردنەوەی شەڕ ھیچی دیکە نییە.

ئەنساری باسی لەوەشکردووە، لەیەکەم رۆژی ھەڵگیرسانی شەڕەوە قەتەر ھەوڵی نێوەندگیری داوە و بە پێویستی زانیوە بارمتەکان ئازادبکرێن.

ھاوکات رۆژنامەیەکی ئیسرائیلییش لەسەر زاری ناتانیاھۆوە بڵاویکردەوە، جگە لە قەتەر کەس ناتوانێت فشار لە حەماس بکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، بەوتەی رۆژنامەکە، قەتەر میوانداری سەرکردەکانی حەماس دەکات و لە ڕووی داراییەوە ھاوکاری دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سیسی لە میانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوتی میسر وتی، ڕێڕەوی کەشتیوانی کە ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار داھاتی ھەیە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێژەی ٤٠ بۆ ٥٠٪ دابەزیووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئابووری میسر بەھۆی کۆرۆنا و شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و ناسەقامگیری سنوورەکانی لیبیا و سودان و کەرتی غەززە و دووچاری قەیران بووە.

لای خۆیەوە، لیوا ئوسامە ڕەبیع سەرۆکی دەستەی نۆکەندی سوێس ڕایگەیاند، داھاتی ھێڵی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە ٨٠٤ ملیۆن دۆلارەوە کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا تۆمارکرابوو بۆ ٤٢٨ ملیۆن دۆلار لە ماوەی ھەمان مانگی ئەمساڵدا دابەزیووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یولیا ناڤالنایا ھاوسەری ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا رایگەیاند، پوتن ناڤالنی ھاوسەری و باوکی منداڵەکانی کوشت و ئەو دەیەوێت بەو کارەی ھیوا و ئازادی و داھاتوویان بکوژێت. 
دەشڵێت، ناڤالنی لە زیندان دووچاری مامەڵەی خراپ بووەوە و کۆشەگیرکرابوو، دەسەڵاتدارانی روسیا دەستەوەستان بوون لە راگرتنی، بۆیە پوتن کوشتی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، درێژە بە کارەکانی ھاوسەرەکەی دەدات و بەردەوام دەبێت لەپێناو وڵات و ھاووڵاتیان و روسیا و داوای یەکڕیزی دەنگی ئۆپۆزسیۆن دەکات و لە دژی پوتن و دەستەکەی دەجەنگێت کە دەیانەوێت وڵاتەکە وێرانبکەن، داوای سزادانی پوتنیش دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمپانیای ئێمپری بەریتانی رایگەیاند، کەشتیەک کە خاوەنەکەی ئەمریکییە و ئاڵای یۆنانی ھەڵکردووە دووجار لە رۆژھەڵاتی عەدەنی یەمەن لە ماوەی دوو سەعاتدا ھێرشکراوەتەسەری، بەڵام تیمی ناو کەشتیەکە ھیچ زیانێکی گیانیان پێنەگەیشتووە. 

مدیایەکی نزیک لە حوسییەکان رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا بۆردومانی چەند پێگەیەکی حوسییەکانیان لە شاری حودەیدیەی یەمەن کردووە.

میدیایەکی بەریتانیاش ئاماژەی بەوەکردووە، کەشتیەکی وڵاتەکەیان لە نزیک عەدەن ھێرشکراوەتەسەری و موشەکەکان لە نزیک چەند مەترێک لە کەشتیەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

ھاوکات، یەحیا سەریع وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارھەڵگری بەریتانیان بەناوی "روبیمار" لە کەنداوی عەدەن بەچەند مووشەکێک کردووەتە ئامانج و بەھۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەریکەوتووە، مەترسی نقومبوونی لەسەرە، بەڵام تیمی کەشتییەکە بە سەلامەتی چونەتە دەرەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زیا رەشوان سەرۆکی دەستەی گشتی زانیاری و راوێژی میسر رایگەیاند، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دادگای دادی نێودەوڵەتی کردووە زانیاری پێبدات لە بارەی سیاسەت و ھەڵسوکەوتی ئیسرائیل لەناو خاکی فەڵەستین لە ساڵی ١٩٦٧ەوە تائێستا و بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی ٢١ ئەم مانگە دانیشتنێکی دادگای دادی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت بە مەبەستی کۆکردنەوەی بەڵگەو زانیارییەکان.

وتیشی، میسر لە رێگەی نوێنەرەوە بەشداری ئەو دانیشتنەی دادگای دادی نێودەوڵەتی دەکات و یاداشتێکیشی لەبارەی ھەڵسوکەوتی ئیسرائیل لەناو خاکی فەڵەستین ئامادەکردووە و رادەستی دادگای دەکات بۆئەوەی ببێتە بەشێک لەو زانیارییانەی ئاراستەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت و تیایدا باس لەوە دەکرێت زیاتر لە ٧٥ ساڵە ئیسرائیل بە نایاسایی خاکی فەڵەستین داگیر دەکات و سەرجەم مافەکانیشی پێشێل دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناتانیاھۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل دەبێت ئۆپراسیۆنەکەی بۆ سەر شاری رەفەح ئەنجامبدات و بچێتە ئەو شارەوە، چونکە ئەگەر ئەوە نەکەن بە مانای دۆڕاندنی جەنگ دێت لەبەرامبەر بزووتنەوەی حەماس، بۆیە تەنانەت ئەگەر رێککەوتن لەسەر رزگرکردنی ئەو بارمتانە بکرێت کە لە غەززە ماون، دەبێت ئەو ئۆپراسیۆنە بکرێت.

 ناتانیاھۆ بەڵێنیشیدا بە لەناوبردنی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس، چونکە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ئەو ئۆپراسیۆنەیان دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە. 

ئەو لێدوانەی ناتانیاھۆ لەکاتێکدایە پلانی ئیسرائیل بۆ ھێرشکردنە سەر رەفەح نیگەرانی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، ئەمریکاش داوای لێکردووە ئەو ئۆپراسیۆنە ئەنجام نەدات.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە رۆژی سێشەممەی داھاتوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پڕۆژە یاسایەک کە لەلایەن جەزائیرەوە پێشکەش کراوە کۆببێتەوە و پرۆژەکە دەخاتە دەنگدانەوە، کە تێیدا داوای راگرتنی جەنگ و ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان و ھەروەھا رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی دەکات.

ھەروەھا پڕۆژەیاساکە ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان بە ھەموو شێوەیەک رەتدەکاتەوە و دەیەوێت گرەنتی گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە بکرێت.

بەڵام ئەمریکا ھەڕەشەی رەتکردنەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە دەکات و لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی پڕۆژەیاساکەی جەزائیری کرد. وتیشی، ئەو ھەنگاوە زیانی بۆ دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس ھەیە بە نێوەندگیری ئەمریکا و میسر و قەتەر، بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ کە ئازادکردنی بارمتەکان لەخۆدەگرێت. وتیشی، ئەمریکا پشتیوانی دەنگدان لەو پڕۆژەیاسایە ناکات و ھەڕەشەی بەکارھێنانی ڤیتۆی کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن بڵاوکردەوە و پشتیوانیان بۆ ئۆکراین دووپاتکردەوە. 

ئەو وڵاتانە کە لە ئەمریکا و کەنەدا و ژاپۆن و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئیتاڵیا پێکھاتوون رایانگەیاند، دەبێت ئێران ناردنی پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەک بە روسیا رابگرێت، چونکە روسیا بە درۆنی ئێرانی ھاووڵاتی مەدەنی کوشتووە و بۆردوومانی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ئۆکراینی کردووە. 

ھاوکات جەختیان کردەوە لەوەی، دەبێت رێگەنەدرێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات، چونکە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیھان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھێزە دەرییاییەکانی فەڕەنسا بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی تێکچوون و لە کارکەوتنی بەلەمەکانیانەوە، ھێزەکانیان لە چەند شوێنێکی جیاوازی سنورە ئاوییەکانی فەڕەنسا نزیکەی ١٤٠ کۆچبەریان رزگارکردووە کە ھەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی سنورە ئاوییەکان ببڕن و بەرەو بەریتانیا بڕۆن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێنج کۆچبەریان لە باکووری فەڕەنسا رزگارکراون کە کوردن و ئەندامی یەک خێزانن و منداڵێکی تەمەن چوار مانگیشیان لەگەڵ بووە.

بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو نزیکەی ٣٦ ھەزار کۆچبەر ھەوڵیانداوە بەشێوەی نایاسایی لە فەرەنساوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا و ١٢ کۆچبەریش گیانیان لەدەستداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی رایگەیاند، دەیان ساڵە روسیا دانی بەخۆیدا گرتووە و لە ھەوڵدایە بۆئەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئۆکراین بە گفتوگۆ چارەسەر بکات، بەڵام وڵاتانی خۆرئاوا بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتی رۆڵێکی زۆر خراپ و نەرێنییان بینی لە کێشە و ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ ئۆکراین تا گەیاندنیان بەوەی روسیا ناچار ببێت پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی ببات و ھێرش بکاتە سەر ئۆکراین.

وتیشی، ئێستا پرسی ئۆکراین بە لای روسیا و گەلەکەیەوە بابەتێکی سانا و سەرپێی نییە، بەڵکو بووەتە پرسی ژیان و مردن، ئامادەش نین دەست لەو پرسە ھەڵبگرن تا ئەو کاتەی یەکلایی دەکەنەوەو ئامانجەکانیان بەدی دەھێنن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەھیچ شێوەیەک ملکەچی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستنی نابن کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشنیاز کراوە. 

دەشڵێت، مەرجەکانی حەماس پەسەند کراو نین و ناچنە ژێرباری مەرجەکانیانەوە و بەردەوام دەبن لە شەڕ تا کۆتایھێنان بە حەماس. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، فشاری سەربازی تاکە رێگەیە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان و بەردەوام ھەوڵی دۆزینەوەی حەشارگەکانی حەماس دەدەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...220221222223224...590