ئیسرائیل كار بۆ راگرتنی هێرشەكانی دەكات بۆ سەر لوبنان
هەژار
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
ئیسرائیل لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ راگرتنی شەڕ بەشێوەیەكی كاتی لە لوبنان دەكات و بۆئەو مەبەستەش وەزیرێكی رەوانەی ئەمریكا كردووە.
كەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، مەترسییەكی زۆر لای دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە گشتی و خودی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە دروستبووە بەرامبەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە پێدەچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بڕیارێكی قورس لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی لە كەرتی غەززە و لوبنان دەربكات و یاخود كۆتوبەندی قورس بەسەر سوپای ئیسرائیلدا بسپێنێت و گومانیشیان هەیە ئەمریكا مافی ڤیتۆ لە دژی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكاربهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەی دامەزراوە ئەمنییەكان لەگەڵ ئەوەدان ئۆپراسیۆنەكانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان بەردەوام بێت، بەڵام ئەنجومەنی وزاری بە باشی دەزانێت لانیكەم شەڕ لە باشووری لوبنان رابگیرێت ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت، بۆئەو مەبەستەش رۆن دیمێر وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل رەوانەی ئەمریكا كراوە بۆئەوەی لەسەر ئەو بابەتە بگەنە رێككەوتن.