بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن، بەهای شتومەك لە ئێران زیاتر بەرزبووەتەوە و حكومەتیش دەڵێت  موچە بەرز دەكاتەوە.


ئاژانسی هەواڵی كاری ئێران (ئیلنا) بڵاوی كردوەتەوە نرخی كارەبا و گۆشت و هێلكە و كرێی خانو لە چوار مانگی رابردودا بە رێژەی زیاتر لە ٤٠٪ بەرز بوەتەوە و ئەوەش ژیانی خەڵكی وڵاتەكەی قورستر كردوە.


ئاژانسەكە رونی كردوەتەوە لەمساڵدا كرێی خانو لە ئێران ٤٢٪ و زۆربەی پێدواویستییە خۆراكییەكانیش ٤٠٪ بەرز بونەتەوە و هەڵاوسان گەیشتوەتە زیاتر لە ٤٠٪ ، ئەوەش بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە لە مێژوی ئێراندا.


موحسین زەنگەنە، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ بڕیارە ساڵی داهاتوو موچە لە وڵاتەكەدا بەڕێژەی لەسەدا ٢٠٪ بەرز بكرێتەوە و ئەوانەشی كەمترین ئاستی موچەیان هەیە بە رێژەی ٣٠٪ موچەكەیان بەرز دەكرێتەوە.


دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار كاریگەریی زۆری لەسەر ئابوریی ئێران داناوە و ناكۆكییەكانی ئەو وڵاتەش لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریكا وای كردوە بەهای یەك دۆلار بۆ زیاتر لە ٧٠ هەزار تمەن بەرز ببێتەوە.