ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێرشەكانی توركیا و تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە دەگەیەنێتە یەكێتی ئەوروپا و دەڵێت، پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەكان بەرپرسیارێتییەكانیان جێبەجێ بكە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، وەفدێكیان لەگەڵ بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا كۆبوونەتەوە و بۆچوونەكانیان لەبارەی بەربەستەكانی بەردەم ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە ئاستە سیاسیی، مرۆیی، ئابووریی و ئەمنییەكان و مەترسی داعش خستەوەتەڕوو.

لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە هێرشەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا كردووە، كە زیاتر لە ملیۆنێك كەس بەهۆی هێرشەكانەوە بێ كارەبا بوون، سەدان هەزار كەسیش بە بێ ئاو ماونەتەوە و لە دابینكردنی گازیشدا تووشی گرفت بوون، ئەوانەش دەبنە هۆی دەستپێكردنەوەی كۆچ بەرەو ئەوروپا.

راشیگەیاندووە، هێرشەكانی توركیا ئاسایشی ناوچەكە تێكدەدات و دەرفەتێك بۆ داعش دەڕەخسێنێت بۆئەوەی خۆی نوێ بكاتەوە.

جەختیشیانكردووەتەوە، پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەكان بەرپرسیارێتییەكانیان جێبەجێ بكەن و پشتگیری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بكەن لە هەموو ئاستە سیاسیی، مرۆیی، ئابووریی و سەربازییەكان بۆئەوەی بتوانن لە بەرامبەر مەترسی داعش بوەستنەوە و رێگە لە شەپۆلەكانی كۆچی بە كۆمەڵ بگرن.