ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان دەربڕی و ناتەنیاهۆش دەڵێت، توانا موشەكییەكانی حزبوڵایان لەناوبردووە و ئەو گروپە چەكدارەیان بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا گەڕاندووەتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل لە دوایین كۆبوونەوەیەكدا بە سەرۆكایەتی بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە، رەزامەندی لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان دەربڕیووە.

هاوكات، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێكی ڤیدۆییدا رایگەیاند، تەنها بە گەڕانەوەی ئاوارەبووانی باكووری ئیسرائیل بۆ شوێنی خۆیان شەڕ كۆتایی دێت، دەشڵێت توانا موشەكییەكانی حزبوڵایان لەناوبردووە و ئەو گروپە چەكدارەیان بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا گەڕاندووەتەوە، ئەگەر لە داهاتووشدا هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێبكەنەوە، ئەوا سوپای ئیسرائیل بە تەواوی دەستكراوە دەبێت لە هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە لوبنان.

ناتەنیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو، لەنێو ئامانجەكانی ئاگربەستی لوبنان، پەرتكردنی گۆڕەپانی جەنگ و دابڕاندنی حەماس هەیە. وتیشی، رێگرییانكردووە لە هێرشی گروپە چەكدارەكانی عیراق و سوریا بۆ سەر ئیسرائیل.