ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەردانی قەتەری کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بەھەموو شێوەیەک ھەوڵبدات بۆ پاراستی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززەو لە کۆبوونەوەکانیشدا لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ئەو پەیامەیان پێدەدات، داواشیکرد بە ھەماھەنگی ھەمووان کاربکرێت بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی غەززە بۆ شوێنەکانی خۆیان.
وتیشی، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل زۆر بە ئاسانی فراوانتر دەبێت و بەرەی تری لێدەکەوێتەوە ئەگەر رێگری لێنەکرێت، ھۆشداریشدا ئەگەر ئەو شەڕە فراوانتر ببێت، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئاسایش و ئارامی کۆی ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای تورکیا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا گفتوگۆیەکی چڕیان لەسەر تەشەنە نەکردنی ئاڵۆزییەکان کردووە و ئەنقەرەش ئامادەیی دەبڕیووە بۆ بەکارھێنانی پەیوەندییەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، تیشک دەخەنە سەر ئەوەی جارێکی دیکە روودای حەوتی تشرینی یەکەم دووبارە نەبێتەوە و لە بەرژەوەندی ھەموو وڵاتانیش دایە کە ئاڵۆزییەکانی غەززە تەشەنە نەسێنێت.
دوای سەردانەکەی بۆ تورکیا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی یۆنانی کرد و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتەدا دۆسیەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ی تاوتوێ کرد.
محەمەد بن راشید ئال مەکتوم، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیماڕات و حاکمی دوبەی رایگەیاند، گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتدا کراوە و چەند وەزیرێک گۆڕدراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سوڵتان نەیادی یەکەم کەشتیوانی ئاسمانی عەرەبی کە بۆ ماوەی شەش مانگ لە بۆشایی ئاسماندا ماوەتەوە وەکو وەزیری گەنجان دەستنیشان کراوە و نزیکترین کەس دەبێت ئاگاداری دۆخی گەنجان بێت.
دەشڵێت، مەکتوم محەمەد بە جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی و ئابوری و وەزیری دارایی راسپێردراوە.
ھاوکات، مریەم حارب لە پۆستی وەزیری ژینگە بەخشراو کرایە سەرۆکی نوسینگەی دەوڵەت لە دیوانی سەرۆکایەتی و ئامین عەبدوڵا بە وەزیری ژینگە خرایە شوێنی بەھۆی ئەوەی کە شارەزایی بەرچاوی لە دۆسیەی ژینگە و کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکدا ھەیە.
نوسینگەی راگەیاندنی حکومی لە غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل ٦٩ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بە تەواوەتی رووخاندون ھەروەھا زیانی زۆری بە ٢٩٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەش لە غەززە گەیاندووە ئەوەش بووەتە ھۆی ئاوارەبوونی ھەزان کەس و دروستبوونی قەیرانی مرۆیی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل زیانی بە ٣٠ نەخۆشخانە گەیاندووە و بەتەواوەتی لەکارکەوتوون و ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەشی ھاووڵاتییان بکەن.
دەشڵێت، بەھۆی شەڕی ئیسرائیل – حەماسەوە زیاتر لە ٢٢ ھەزار فەڵەستنی گیانیانلەدەستداوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە دوو چەکداری تیرۆریستی داعش ھێرشیانکردووەتە سەر پێگەیەکی ھێزەکانیان لە ناوچەی شەدادی حەسەکە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ھێزەکانیان روبەڕوی ئەو تیرۆریستانەی داعش بوونەتەوە و ھەردووکیان کوژراون، ھاوکات دەستیش بەسەر ژمارەیەک کەرەستەی سەربازییدا گیراون.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ٤٦ پارێزگای تورکیا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر دەستپێکردووە، لە ئێستاشدا ٣٦٤ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ئۆپرسیۆنەکەشدا بڕ یەک تۆن و ٣٤٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەر دەستیبەسەردا گیراوە.
کاترین کۆلۆنا وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا رایگەیاند، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە یەکێک لە بژاردەکان بە زۆر کۆچپێکردنی دانیشتووانی کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوایە بۆ وڵاتی سێیەم، ئەوەش ھەمووان لە بژاردەکانی چارەسەری کێشەکان دووردەخاتەوە، چونکە غەززە و کەناری خۆرئاوا بەشێکن لە خاکی فەڵەستین و دەبێت ھەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە.
وتیشی، پێویستی ئیسرائیل پابەندی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بێت و مافی ئەوەی نییە تاکلایەنە بڕیارە لەسەر چارەنووس و داھاتووی کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا بدات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ لایەنگرانی رایگەیاند، بە درێژایی مێژوو ھیچ سەرۆکێک ھێندەی جۆ بایدن زیانی بە ئەمریکا نەگەیاندووە و پێی سەیرە حزبێک ھەبێت بۆ پۆستێکی گرنگی وەک سەرۆکی ئەمریکا کاندیدی بکات و خەڵکێکیش ھەبێت دەنگی پێبدات، چونکە بایدن نەک بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک، بەڵکو بەکەڵکی بەڕێوەبردنی کۆگایەکی بچوکیش نایەت.
بەپێی میدیاکانی ئەمریکاش دادگای باڵای ئەو وڵاتە رەزامەندی دەربڕیووە بۆئەوەی بەبڕیارەکەی دەستەی باڵای دادوەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ بچێتەوە کە بووەتە رێگر لە بەردەم ترەمپ بۆئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید بکات.
لەلایەکی تریشەوە داواکاری گشتی ویلایەتی نیویۆرک لە ھەوڵی ئەوەدایە لە سەر دۆسێیەکی ساختەکاری تایبەت بە خانووبەرە بە بەبڕی ٣٧٠ ملیۆن دۆلار سزا بەسەر دۆناڵد ترەمپدا بسەپێنرێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی وردەکاری ھێرشەکەی رۆژی پێنج شەممە لە بەغداد کە بەھۆیەوە موشتاق تاڵب سەعیدی ناسراو بە ئەبو تەقوا یاریدەدەری جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغداد سەر بە حەشدی شەعبی کوژرا، باسی لەوە کردووە، ھێرشەکەی بە فەرمانی راستەوخۆی خۆی ئەو بووە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکانی بۆ پاراستنی ھاوڵاتیانی ئەمریکا لەناوە و دەرەوی وڵاتەکەی و لەکاتی پێویستدا رێکار و رێوشوێنی تریش لە دژی ھێرشەکان دەگرنەبەر.
راشیگەیاندووە، بەو پێیەی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەمریکاشە، دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو جۆرە فەرمانانەی ھەیە لە پێناو توانا و بەرژەوەندی ھێزەکانی ئەمریکا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکەش لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆیان بووە کە لە ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسکراوە.
ئەمڕۆ ھەینی، دەسەڵاتدارانی ژاپۆن رایانگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی بومەلەرزەکەی سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتە ٩٢ کەس و ٢٤٢ کەسی تریش بێسەروشوێنن.
دەشڵێت، ژمارەی ھێزەکانی بەرگری شارستانیش بۆ دوو ھێندە زیاد کراون تاوەکو کار بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە بکەن کە بێسەروشوێنن.
ئاماژەبەوەشکراوە، چەندین کەس لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە و دەیان ھەزار دانیشتووی باشوری ژاپۆنیش بێ کارەبا ماونەتەوە ھەروەھا زیاتر لە ٣٣ ھەزار کەسیش ئاوارەبوون.
ھاوکات، فومیۆ کیشێدا، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە دۆزینەوەی بێسەروشوێن بوان و بڕی ٣٤ ملیۆن دۆلاریشیان بۆ یارمەتیدانی قوربانیان تەرخان کردووە.
لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ ژاپۆانی ھەژاند و ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی تری جیھانیش ئامادەیی خۆیان بۆ ھاوکاریکردنی حکومەتی ژاپۆن دەربڕی.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ھرتسی ھالیڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل سەرۆکایەتی تیمی لێکۆڵینەوەکە دەکات و وەزیری پێشووی بەرگری و چەند لێپرسراوێکی باڵای دیکەش لە تیمەکەدان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بڕیاریداوە تیمەکە لە نزیکترین کاتدا دەست بەکارەکانی دەکات و لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ و ٩٠ رۆژی گەمارۆی سەر غەززە دەکەن.
دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە ئامادەکاریەکانی ھێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە و شەڕکردن لە کەرتەکە و ھێرشی لەناکاو بۆ سەر حەماس دەکرێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، ئامادەکاری دەکەن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی کەشتی فڕۆکە ھەڵگری جیراڵد فۆرد بۆ ئاوەکانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و جێگیرکردنەوەی لە داھاتوودا.
دەشڵێت، بەردەوامن لە دابینکردنی ئەو ھێزەی کە پێویستیانە بۆ ڕێگریکردن لە ھەر وڵاتێک یان قەوارەیەک کە ھەوڵی پەرەسەندنی قەیرانەکان بدات لە دەرەوەی غەززە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە بەردەوامن لە پاراستنی توانا سەربازییە بەرفراوانەکان لە دەریای ناوەڕاست و سەرتاسەری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و سەرھەڵدانی ھێرشی حوسیەکان لە دەریای سوور، ئەمریکا کەشتی جیراڵد فۆردی ڕەوانەی ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست کرد، رۆژی دووشەممەی رابردووش ئەمریکا بێ ئاماژەدان بە ھۆکارەکەی کەشتییەکەی لە ناوچەکە کشاندەوە.
بەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور فەرمانیان بە دانیشتوانی دوورگەی یون بیونگ کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەوەش بەھۆی مەترسی ئەو موشەکانەی کە شەوی رابردوو پیونگ یانگ ئاڕاستەی دوورگەکەی کردن.
بەوتەی دەسەڵاتدارانی سیئۆل، شەوی رابردوو بیونۆگ یانگ نزیکەی ٢٠٠ مووشەکی بە دوورگەی یونبیونگی سەر سنوورەوە ناوە کە تەنھا ١٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورەو ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو ھەزار کەس دەبێت.
ھاوکات کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، بڕیاریدا بە زیادکردنی بەرھەمھێنانی مووشەکی بالیستیکی، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ کۆریای باشوور و ئەمریکا.
یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ حەماس بۆی نییە بگەڕێتەوە غەززە و بڕیار وایە فەڵەستینیەکان لەوێ دەسەڵات بگرنە دەست بە مەرجێک نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
دەشڵێت، ئیسرائیل نیازی ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ھێزەکانی لە غەززە، بەڵام لە ئێستادا دەنگۆی وەستاندنی شەڕ راست نییە و بەردەوام دەبن.
ھاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل باس لە بوونی ناکۆکی دەکەن لەنێوان بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری لەسەر پلانی وڵاتەکەیان بۆ دوای شەڕ.
ئەحمەد وەحدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، چەند کەسێک کە پەیوەندییان بە کارە تیرۆرستییەکەی کرمانەوە ھەبووە دەستگیرکراون و دەزگا ھەواڵگری و ئەمنییەکان چەند بەڵگەیەکی نوێیان دۆزیوەتەوە لەبارەی ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەزگا ھەواڵگری و ئەمنییەکان و لایەنە یاسایی و تایبەتمەندەکان ئەو پلانەی بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی بکەرانی تەقینەوەکە دانراوە جێبەجێی دەکەن.
دەشڵێت، بە دڵنیاییەوە سەرجەم ئەو کەسانەی دەستییان لەو کارەدا ھەیە دەستگیردەکرێن و زانیاری تەواو لای دەزگا ھەواڵگرییەکان بەردەستە.