بەهۆی ئاگرەکەوە؛ بایدن كالیفۆرنیای بە ناوچەی كارەساتباری گەورە ناساند
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا ئەو ناوچەی كالیفۆڕنیای بە ناوچەی کارەساتباری گەورە ناساند كە ئاگری لێكەوتووەتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا لۆس ئەنجلوس و ئەو شوێنانەی ئاگر گرتوونییەتەوە لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا، بە ناوچەی كارەساتباری گەورە ناساند، هەروەها فەرمانی دا بەهاوكاریكردنی فیدراڵی بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو كەسانەی بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانەوە زیانیان بەركەوتووە.
لەوبارەیەوە، كارین جان پیێر وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، بایدن بڕیاری داوە گەشتە پلان بۆ داڕێژراوەكەی بۆ ئیتاڵیا هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی گرنگی بە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی بدات تایبەت بە ئاگرە وێرانکەرەکەی کالیفۆڕنیا.
هاوکات، بایدن لە نزیکەوە سەردانی کارمەندانی بەرگری شارستانی کرد و سوپاسی کرد بۆئەوەی لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەورپەڕی توانایانەوە رووبەڕووی ئەو رووداوە بوونەتەوە و بە هانای خەڵکی شارەکەوە چوون.
بەرەبەیانی دوێنێ ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی لۆس ئەنجلوس لە کالیفۆڕنیا کەوتەوە و بەهۆیەوە بە هەزاران خانووی هاوڵاتیان و بە هەزاران ڤێلای هاوڵاتیان سوتان.
تاوەکو ئێستا ئاگرەکە لە تەشەنەسەندن بەردەوامە و ئاگرەکە رووبەری ١٥ هەزار و ٨٣٢ دۆنم زەوی گرتووەتەوە.