وەک چۆن ئاو و ئاگر پێچەوانەی یەکترن، ئێستا رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەمریکا پێچەوانەی یەکترن، لایەکیان گەرمای ئاگر هەناسەی لێبڕیوە و لایەکی دیکەی سەرما جوڵەی وەستاندووە.

لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە ئاگرێکی گەورە لە لۆس ئەنجلوسی ویلایەتی کالیفۆرنیا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئەم ساتە رووبەری نزیکەی ٢٠٠ هێکتار زەوی سوتاون.

ئاگرەکە بەجۆرێک تەشەنەی سەندووە، نزیکەی ٣٠ هەزار کەس بێماڵ بوون، بە سەدان ڤێلا سوتاون کە نرخەکانیان ملیۆنان دۆلارە.

لەئێستادا هەزار و ٤٠٠ ئاگر کوژێنەوە سەرقاڵی رزگارکردنی هاوڵاتیان و گواستنەوەیانن بۆ شوێنی پارێزراو و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ١٠ هەزار خانوو سوتاون.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی سەرماوە هۆشداری بەپەلە دراوە

لەلایەکی دیکەوە ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەهێزی سەرما و بەفربارین چەند ویلایەتێکی رۆژئاوای گرتووەتەوە و هۆشداری بەپەلە دراوە بە دانیشتووانی ناوچەکە.

لە ویلایەتەکانی، ماریلاند، ڤیرجینیا، ڤیرجینیای رۆژئاوا، کانساس، میزۆری، کینتاکی و ئارکنساس هاوڵاتیان ئاگادارکراونەتەوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرمایەوە، هێڵی کارەبای چەند ناوچەیەک پچڕاون و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هێڵی ئاسنین راگیراوە، تەنها دوێنێ دوو هەزار و ٣٠٠ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشانەوە.

شەقامەکان سەرجەمیان بەستوویانە و هێشتا بەفربارین بەردەوامە، کەشناسیش پێشبینی بەردەوامی شەپۆلەکە دەکات و دەشڵێت، ئەگەری هەیە بۆ چەند ویلایەتێکی دیکە درێژ ببێتەوە.