لە شەڕی بەنداوی تشرین 63 چەكداری سەر بە توركیا كوژران
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
هەسەدە رایگەیاند، تەنها لە یەك رۆژی شەڕی بەنداوی تشریندا زیاتر لە 60 چەكداری سوری سەر بە توركیا كوژران و ژمارەیەكیشیان لێ بریندار بوو.
هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە، رۆژی چوارشەممە لە بەرپەرچدانەوەی چەكدارانی سوری هاوپەیمانی توركیا لە باشوری رۆژهەڵاتی مەنبج 63 چەكدار كوژراون و 37 چەكداریش برینداربوون.
هەسەدە ئاماژەی بەوە كرد، فڕۆكە جەنگییەكان و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا، بە شێوەیەكی چڕ و بە بۆردومان و هێرش، هاوكاریی چەكدارانی سوریان كردووە و لە بەرامبەردا شەڕڤانان بە تەكنیك گورزی كاریگەریان لێ وەشاندوون.
بەپێی ئامارەكانی هەسەدە لەو شەڕ و پێكدادانانەدا سێ زرێپۆش و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازیی چەكدارانی سوری هاوپەیمانی توركیا تێكشكێنراوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشەكان بۆسەر بەنداوی تشرین زیادی كردوە و لێپرسراوانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش هۆشدارییان داوە لە زیانگەیشتن بە بەنداوەكە.