پۆلیسی لاس فێگاس ئاشكرایكرد، تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی بەردەم هۆتێلەکەی تڕەمپ لەرێگای زیرەكی دەستكردەوە ئەنجامدراوە.

كیڤن مەكماهیل فەرماندەی پۆلیسی لاس ڤێگاس رایگەیاند، ماتیۆ لیڤڵسبێرگەر كە هەفتەی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێكی جۆری تێسلای لە دەرەوەی هۆتێلەكەی تڕەمپ لە لاس ڤێگاس تەقاندەوە، زیرەكی دەستكردی بەكارهێناوە بۆ ئەنجامدانی.

وتیشی تۆمەتبارە بەرنامەی چات جی پی تی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی پیلانەكەی بەكارهێناوە كە بە 'گۆڕانكاری یارییەكە' ناوی بردووە.

مەكماهیل وتیشی، "ئێمە دەمانزانی كە زیرەكی دەستكرد لە قۆناغی داهاتوودا دەبێتە گۆڕینی شتەكان، ئەوەش یەكەم رووداوی توندوتیژییە لەسەر خاكی ئەمریكا كە زیرەكی دەستكرد بەکارهێنرابێت بۆ ئەنجامدانی".

لەلایەکی دیکەوە، گەشەپێدەری بەرنامەكە نیگەرانی خۆی لە رووداوەكە دەربڕیوە و رایگەیاندووە، سەرەڕای بەردەستبوونی وەڵامە بێ سنوورەكانی بەرنامەكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیاندایە و وەڵامە زیانبەخشەكانیان بلۆك كردووە.

لە رۆژی ٢ی ئەم مانگەدا، سەعات ٨:٤٠ خولەکی بەرەبەیانی بەکاتی ئەمریکا، لەبەردەم هۆتێل تڕەمپ لە لاس ڤێگاس ئۆتۆمبێلێکی جۆری سایبرتراکی تێسلا تەقییەوە.

لەدوای رووداوەکە، ئیلۆن مەسک ئاماژەی بەوەکرد، "تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی تێسلا پەیوەندی بە خودی ئۆتۆمبێلەکەوە نەبووە، بەڵکو دڵنیاین لەوەی کە چەندین یاری ئاگرین و تەقەمەنی و هاوەن لە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەدا هەڵگیراون و ئەوانە هۆکارەکەی بوون".