رۆژنامەیەکی ئەمریکی زیانەکانی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران ئاشکرا دەکات، میدیاکانی ئیسرائیلیش پێشبینی دەکەن تاران وەڵامی ھێرشەکە بداتەوە.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی بڵاوی کردوەتەوە بەھۆی ھێرشی ئیسرائیلەوە لانیکەم چوار قەڵغانی دژە موشەکیی ئێران بەتەواوەتی تێکشاون و وێنەکانی مانگی دەستکرد ئەو زیانانەیان پشتڕاست کردەوەتەوە.
رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە سەرجەم قەڵغانە موشەکییەکانی ئێران لە جۆری ئیس ٣٠٠ی روسی بون و لە سێ پارێزگای ئەو وڵاتە بوەتە ئامانجی ھێرشەکانی ئیسرائیل.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی ھەواڵی ئیسرائیل بڵاویان کردوەتەوە کە وڵاتەکەی چاوەڕێ دەکات ئێران وەڵامی ئەو ھێرشانە بداتەوە بەڵام بەھۆی تێکشکانی قەڵغانە موشەکییەکانی رون نییە بەمزوانە تاران توانای وڵامدانەوە و ئەنجامدانی ھێرشی سەربازیی ھەبێت.
لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردوەتەوە کە وەڵامی ھێرشەکەی ئیسرائیل دەدەنەوە و تاران بە مافی خۆی دەزانێت بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی کارادانەی دژی ھەر ھێرشێک ھەبێت کە دەکرێتە سەر خاکی وڵاتەکەی.
دوای بڵاوکردنەوەی پەیامێکی رێبەری کۆماری ئێران بە زمانی عێبری دژی ئیسرائیل، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەژماری خامنەیی راگرت.
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە زمانی عێبری نوسیبوی: ئیسرائیل ھەڵەی کردوە و دەبێت توانا و ھێزی ئێرانی بۆ دەرکەوێت.
تەنھا چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبونەوەی پەیامە کورتەکەی خامنەیی، ئەژماری خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگیرا.
ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتی لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردوە پەیامەکەی خامنەیی جۆرێکە لە ھەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر وڵاتێک بۆیە پێچەوانەی یاساکانی تۆڕی کۆمەڵات ئێکسە و بڕیار دراوە بە ھەڵپساردنی ئەژماری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئیلۆن ماسک، خاوەنی کۆمپانیای ئێکس پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەکات و ھەر بەوھۆیەوە ئەژماری خامنەیی لەو تۆڕە داخراوە.
ئەمرۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە دەنگدانی پێشوەختەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات .
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمڕۆ بایدن لە دەنگدانی پێشوەختەدا دەنگ دەدات ، ھاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ئەمریکییەکان دەتوانن پێش ٥ ی تشرینی دوەم لە دەنگدانی پێشوەختەدا دەنگ بدەن بەو کاندیدەی دەیانەوێت بۆ چوار ساڵی داھاتوو سەرۆکایەتی ئەمریکا بکات .
دوای ئەو رەخنانەی بەھۆی تەمەنی و توانای ھزریەوە روبەروی کرایەوە ، بایدنی تەمەن ٨١ ساڵ ، چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە کێبرکێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کشایەوە و لە شوێنی ئەو کامالا ھاریسی ٦٠ ساڵ وەک کاندیدی دیموکراتەکان رکابەری دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان دەکات .
بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی ١٧٠ کارمەندی تیمە فریاگوزارییە تەندروستییەکانی لوبنان کوژراون و کۆی ژمارەی کوژراوانیش گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ھەزار و ٦٧٠ کەس.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویکردووتەوە، دوای کوژرانی سێ کارمەندی تیمێکی فریاگوزاری تەندروستی بەھۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە بۆسەر بنکەیەکی تەندروستی لە شارۆچکەی عەین بیعال لە باشووری لوبنان، تائێستا ١٦٨ کارمەندی تیمە فریاگوزارییە تەندروستییەکانی لوبنان کوژران و ٢٧٥ کارمەندی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان، تائێستا دوو ھەزار و ٦٧٢ کەس کوژران و ١٢ ھەزار و ٤٦٨ کەسی تریش برینداربوون.
سیسی دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ ئاگربەستی غەززە دەخاتەڕوو و تێیدا پێشنیازدەکات، بۆ ماوەی دوو رۆژ شەڕ لە غەززە رابگیرێت و لەوماوەیەدا چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی ئازادبکرێن.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا میسر دەستپێشخەرییەکی خستووەتەڕوو بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە، کە تێیدا پێشنیازکراوە بۆ ماوەی دوو رۆژ شەڕ لە غەززە رابگیرێت و لەوماوەیەدا، چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی ئازادبکرێن.
ئەوەشی خستەڕو، لەدوای ئاگربەستە دوو رۆژییەکە، پێویستە لەماوەی ١٠ رۆژدا گفتوگۆکان لەسەر ئاگربەستی غەززە و وردەکارییەکانی ئەو پرسە چڕبکرێنەوە.
پەرلەمانی عەرەبی رەزامەندی دەربری لەسەر تۆمارکردنی سکاڵایەک دژی کارەکانی سوپای ئیسرائیل لە فەڵەستین لە دادگای باڵای تاوانەکان لە لاھای.
پەرلەمانی عەرەبی لە دانیشتنی پێنجەمی لە بنکەی سەرەکی لە قاھیرە بەکۆی دەنگ رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازێک کە لەلایەن ئەحمەد جبوری جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێشکەش کرابوو.
پەرلەمانی عەرەبی بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبھێنێت بۆ ئەوەی لە دادگای باڵای تاوانەکان لە لاھای سکاڵا دژی سوپای ئیسرائیل تۆمار بکەن بەھۆی ئەو تاوانانەی دژی ھاووڵاتیان لە فەڵەستین ئەنجامی داوە.
سەرۆکی ئێران رایگەیاند، ئەوان بە دوای شەڕدا ناگەڕێن، بەڵام وەڵامی گونجاوی ئیسرائیل دەدەنەوە.
مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران لە میانی کۆبونەوەی کابینەی حکومەتدا رایگەیاند، ئەوان خوازیاری شەڕ نین، بەڵام بەرگری لە مافی وڵاتەکەیان دەکەنەوە و بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە.
وتیشی، لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا گەلی ئێران سەلماندویەتی کە ھیچ کاتێک لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمندا شکستیان نەھێناوە.
ھاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ھێرشەکەی ئیسرائیل پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتی و سەروەری وڵاتە و ئێران مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە ١٠٠ فرۆکە و درۆن و موشەک ھێرشی کردە سەر ئێران، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ھێرشەکەی ئێران بۆسەر تەلئەبیب.
لەسەر داوای ئێران، سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێکردنی دوایین ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەسەر داوای ئێران، سبەینێ دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامدەدات بۆ تاوتوێکردنی دوایین ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا، داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کردبوو، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش ئەنجامبدرێت، بۆ تاوتوێکردنی ھێرشەکەی رۆژی شەممەی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
عراقچی لە نامەکەیدا داوایکردبوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بکات، کە پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، جەختیلەوەشکردبووەوە، ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی ھێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە.
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، پێش ھێرشەکەی ئیسرائیل ئەمریکا نامەیەکی بۆ ئێران ناردووە و چەند سەعاتێک پێش ھێرشەکە لە رێگەی عیراقەوە گەیشتووەتە ئێران.
رۆژنامەی ئیسرائیل ھیوم بڵاویکردووەتەوە، چەند سەعاتێک پێشئەوەی ئیسرائیل ھێرشەکەی بۆسەر ئێران ئەنجام بدات، کۆشکی سپی ئەمریکا لە پەیامێکدا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عیراق لەسەرجەم وردەکارییەکانی ئەو ھێرشە ئاگادارکردووەتەوە بەو شوێنانەشی کە لەناو ئێران دەکرێنە ئامانج و بۆردومان دەکرێن.
راشیگەیاندووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغداد لە رێگەی نێوەندگیرێکی عیراقییەوە نامەیەکی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ناردووە لەبارەی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە و ئەو شوێنانەشی دیاریکردووە کە ئیسرائیل ھێرشیان دەکاتەسەر و ھەموو زانیارییەکیشی تێدابووە لەسەر ئەو شوێنانەی ھێڵی سورن و ئیسرائیل ناتوانێت بیانکاتە ئامانج.
ھەپەگە کوژرانی پێنج سەربازی تورکیای راگەیاند، وەزارەتی بەرگری تورکیاش دەڵێت، ، لە ناوچەکانی قەڵغانی فورات و منبج لە باکووری سووریا ١٥ شەڕڤان بەئامانج گیراون.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی ھێزەکانی پاراستنی گەل- ھەپەگە، راگەیەنراوێکی سەبارەت بە ھێۆشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ناوچەکانی زاب و خواکورک و مەتینا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی رۆژانە ٢٥ و ٢٦ی ئەم مانگە، گەریلاکانی یەژاستار و ھەپەگە، نۆ چالاکییان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە، بەھۆیەشەوە پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژراون، سیستەمێکی راداریش بەتەواوی تێکشکێندرا.
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ناوچەکانی قەڵغانی فورات و کانی ئاشتی و مەنبج لە باکوری سوریا، ١٥ شەڕڤانی یەپەگە بە ئامانج گیراون و گیانیان لە دەستداوە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژھەڵاتی سووریا رایگەیاند، ھێرشەکانی تورکیا ھەڕەشەن لەسەر گیانی ٥ ملیۆن کەس و لە ماوەی چوار رۆژی ھێرشەکەدا خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژھەڵاتی سووریا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی ھێرشەکانی تورکیا پەکخستنی کەرتی ئابووریی و ژێرخانی ھەرێمەکەیە و تورکیا دەیەوێت بەو شێوەیە پیلانەکانی جێبەجێ بکات، بە گەمارۆی ئابووریی ژیانی گەل قورس بکات.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھێرشەکان ناسەقامگیریی لێکەتوەتەوە و ھەڕەشەن بۆسەر ھەوڵەکانی لەناوبردنی تیرۆر کە گەل و ھێزەکانی ئاسایش بە ھاوکاریی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەڕێوەی دەبەن.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی داوا لە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیا و ھەموو دامەزراوە یاسایی و مرۆییەکان دەکات، دەرنجامە ترسناکەکانی ھێرشەکان ببین و لێپرسینەوە لە تاوانبارن بکەن و پێکھاتەکانی ھەرێمەکەش لە دژی ھێرشەکان بوەستنەوە.
بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە ١٧ کەس لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا شەھیدبوون و ٦٥ کەسیش برینداربوون، ھەروەھا زیاتر لە ١٥٠ ھەزار خێزان بێ کارەبا بوون.
دوای وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ، لە قەتەر گەڕێکی تری دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە دەستپێدەکاتەوە، بۆ ئەومەبەستەش سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل و بەرێوەبەری ھەواڵگری ناوەندی ئەمریکا لە دەوحەن.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، داڤید برنیاگ سەرۆکی دەزگای ھەواڵگی مۆساد و ولیام پیرنز بەڕێوەبەری ھەواڵگری ناوەندی ئەمریکا لە دەوحەن و بڕیارە لەگەڵ محەمەد بن جاسم سەرۆک زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجامبدەن، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانووستانەکانی ئاگربەست لە غەززە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە گفتوگۆکاندا تیشک دەخرێتەسەر رازیکردنی ئیسرائیل و حەماس بۆ راگرتنی کاتی شەڕ لە غەززە، کە چەند ھەفتەیەک بخایەنێت و لە مانگێک زیاتر نەبێت.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە، ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە، تەوەرێکی گفتوگۆکان دەبن، بەڵام تائێستا ژمارەی بارمتەکان و میکانیزمی ئازادکردنیان نەزاندراوە.
لە دوای چەندین ساڵ بۆیەکەم جار لە چەند رۆژی داھاتوودا گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان سعودیەو سوریا دەستپێدەکاتەوە.
دامەزراوەی ھێڵی ئاسمانی سوریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی سوریا لە دوای گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لە پێناو کرانەوەی زیاتر لە رووی دیبلۆماسییەوە بە رووی وڵاتانی عەرەبی و زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی رێککەوتنێکی نێوان ھەردوو حکومەتی سعودیە و سوریا، لە رۆژی حەوتی مانگی داھاتووەوە لە دوای ھەشت ساڵ لە راگرتنی، گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان ھەردوو وڵات دەستپێدەکاتەوە کە ھەفتانە دوو گەشت دەبێت لە نێوان ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و جەدە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، بە شەڕ ناتوانرێت بارمتەکان ئازادبکرێن و پێویستە سازش لەسەر داواکاری رێککەوتنی ئازادکردنیان بکەن.
یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە ساڵیادی ھێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، ناتوانن بە رێگەی سەربازی سەرجەم ئامانجەکان بەدیبێنن و ئەرکێکی ئەخلاقییە کە بارمتەکان بگەڕێننەوە ماڵەکانیان بە سازشکردنی ئازاربەخش ئەو کارە دەکرێت.
وتیشی، لە باشور حەماس وەکو رێکخراوێکی چەکداریی توانای شەڕی نەماوە و لە باکوریش حزبوڵا لە ھێرشکردن بەردەوامە ھەرچەندە سەرکردەکانی لەناوبراون و ھێزەکانیان تا سنور پاشەکشەیان کردووە و موشەک و چەکەکانیان لەناوبراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل، لەکۆی ٢٥١ بارمتە تا ئێستا ٩٧ کەسیان لە ژیاندا ماون و بەشێکیشیان گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان ئازادکراون.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، لەم مانگەدا ئیسرائیل ٣٨ جار ھێرشیکردووەتەسەر سوریا و بەھۆیەوە، ٧٥ کەس لە مەدەنی و سەربازی کوژراون و برینداربوون، پێنج لە ھێرشەکانیش بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا بووە.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە سوریا، لەم مانگەدا ئیسرائیل ٣٨ جار ھێرشیکردووەتەسەر سوریا و پێنج لە ھێرشەکانیش بۆ سەر دیمەشقی پایتەخت بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئیسرائیل لە ھێرشەکانیدا، تیشکی خستووەتەسەر لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی حزبوڵا لە سوریا، بە تایبەتی لەو ناوچانەی ھاوسنوورن لەگەڵ لوبنان.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشداوە، بەھۆی ئەو ھێرشانەی ئیسرائیلەوە بۆ سوریا، ٢٢ کەسی سەربازی کوژراون و ١٧ـی دیکەش برینداربوون، ھاوکات، ١٨ ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ١٧ـی دیکەش برینداربوون، کە ژن و منداڵیان لەنێویاندا ھەیە.
خامنەیی داوادەکات ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەورە نەکرێت و ناتەنیاھۆش دەڵێت، لە ھێرشەکەدا زیانی گەورەیان بە توانای بەرگری و بەرھەمھێنانی مووشەکی ئێرانیان گەیاندووە.
عەلی خامنەیی، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رایگەیاند، نابێت ھێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەورەبکرێت و بە پێچەوانەشەوە، ھاوکات پێویستە ھەڵەکانی حکومڕانی ئیسرائیل راست بکرێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئیسرائیل لە ھێز و ئیرادەی گەلی ئێران تێبگات و دانبنێت بە تواناکانیاندا دژی ئەو وڵاتە.
ھاوکات، بنیامین ناتەنیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەدوایین ھێرشیان بۆ سەر ئێران، زیانی گەورەیان بە توانای بەرگری و بەرھەمھێنانی مووشەکی ئەو گەیاندووە، ھێرشەکەش تەواوی ئامانجەکانی پێکاوە، وتیشی، لەناوبردنی یەحیا سەنواری سەرۆکی حەماس، دەرفەتێکی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ناو غەززە رەخساندووە و و نابێت لە دەستی بدەن.