دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە بۆشایی یاسایی، ئەمڕۆ لوبنان سەرۆكی وڵاتەکەی هەڵدەبژێردرێت.

میدیاكانی لوبنان رایانگەیاند، لایەنە سیاسیەكانی لوبنان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە رێككەوتوون كە ئەمڕۆ سەرۆكێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان هەڵبژێرن.

راشیانگەیاند، لەدوای دانوستانێكی زۆر هەمووان رێككەوتوون بۆ هەڵبژاردنی ژەنەڕاڵ جۆزێف عەون فەرماندەی سوپا، وەك سەرۆكی داهاتووی ئەو وڵاتە.

سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە كاتی ئەو وڵاتە، پەرلەمانی لوبنان تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵاتەكە کۆببێتەوە و كۆتایی بە چۆڵی  ئەو پۆستە بهێنێت.

بڕیارە لە دانیشتنەكەدا، ژان ئیڤ لۆدریان نێردەی فەڕەنسا و باڵیۆزانی پێنج وڵاتی دیكە ئامادەی دانیشتنەكە دەبن.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پۆستی سەرۆک کۆماری لوبنان چۆڵە و ئەوەش هۆكار بووە لە قووڵبوونەوەی قەیرانە یەك لە دوای یەكەكان كە لەم دوایەدا لەو وڵاتەدا روویداوە.