حکومەتی پاکستان بۆ ماوەی دوو رۆژ پشووی رەسمی لە ئیسلام ئابادی پایتەخت راگەیاند، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ میوانداریکردنی دانوستانە مێژووییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

دەسەڵاتدارانی پاکستان بڕیاریاندا بۆ ماوەی دوو رۆژ پشووی رەسمی لە ئیسلام ئابادی پایتەخت رابگەیەنن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ میوانداریکردنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بڕیارە رۆژی هەینی دەستپێبکەن.

دوای ئەوەی واشنتۆن و تاران لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن، بڕیارە پایتەختی پاکستان ببێتە مەڵبەندی کۆبوونەوەی وەفدە باڵاکانی هەردوو وڵات بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن، کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆکایەتی وەفدی وڵاتەکەی دەکات بۆ ئیسلام ئاباد.

ئیدارەی ناوچەی ئیسلام ئاباد بڵاویکردەوە، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە سەرانسەری پایتەخت پشووی رەسمییە، ئەمەش بۆ توندکردنەوەی رێکارە ئەمنییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی وەفدە دیپلۆماسییەکان.

نوسینگەی جێگری کۆمیساری ئیسلام ئاباد ئاشکرایکرد، فەرمانگە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک (پۆلیس، نەخۆشخانەکان، کۆمپانیاکانی کارەبا و غاز) بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ راییکردنی کاروباری هاووڵاتیان.

ئەم کۆبوونەوەیە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دادەنرێت، دوای ماوەیەکی درێژ لە گرژی و ئاڵۆزی، ئێستا جیهان چاوی لە ئیسلام ئابادە بۆ بینینی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی کە رەنگە نەخشەی نوێی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکێشن.