جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، رێککەوتنی بەرگریان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەساردوە، کە بریتییە لە کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی ئامێرە سەربازییەکان و توێژینەوەی تەکنەلۆژی.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ شاری ڤێرۆنا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە نوێکردنەوەی ئۆتۆماتیکی رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ ئیسرائیل رابگرێت".

ئەم هەنگاوەی ئیتاڵیا لە دوای ئەوە دێت، هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان تەقەیان لە کاروانێکی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە ئیتاڵی بوون، حکومەتی ئیتاڵیا وەک ناڕەزایەتییەک باڵیۆزی ئیسرائیل بانگهێشت کرد و ئیدانەی ئەو کارەیان کرد، کە بەرانبەر بە تیمە ئیتاڵیەکە ئەنجامدراوە.

پێشتریش حکومەتی ئیتاڵیا لە هەفتەی سێیەمی جەنگی  ئەمریکا و ئیسرائیل  بەرانبەر ئێران، وەک ئەندامێکی ناتۆ، مۆڵەتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی، کە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕۆیشت بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران لە یەکێک لە فرۆکەخانە سەربازییەکانی رەتکردەوە.