باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن: بە نیازی ناردنی چەك نین بۆ ئێران
ئاکام
١١ی نیسانی ٢٠٢٦
بە پێی زانیارییەكانی ئەمریكا، چین ئامادەكاری دەكات بە مەبەستی ناردنی چەك و سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئێران، بەڵام حكومەتی چین ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە.
هەواڵگری ئەمریكا لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویكردوەتەوە، حكومەتی چین دەستی بە ئامادەكاری كردووە بە مەبەستی ناردنی چەك و سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئێران، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران هەلی ئاگربەست دەقۆزێتەوە بۆ خۆپڕچەككردن و دەستكەوتنی چەكی پێویست لەگەڵ هاوبەشەكانی.
راشیگەیاندووە، حكومەتی چین بە نیازە لە رێگەی كەشتی ئاسایی و وڵاتی سێیەمەوە چەك بنێرێت بۆئەوەی بەبێ گرفت بگاتە دەستی ئێران.
وتەبێژی باڵیۆزخانەی چینیش لە واشنتۆن رایگەیاند، وڵاتەكەی بە نیاز نییە چەك بۆ هیچ لایەنێكی بەشداری لە جەنگی ئێران بنێرێت و ئەو زانیاریانەش نادروستن و چین پابەندە بە یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەكان و داوا لە ئەمریكاش دەكەن خۆی لەو تۆمەتانە بەدوربگرێت.



