سەرۆكی فەرەنسا تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی وڵاتەكەی كۆبووەوە
هەساو ئەمیر
١٦ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆكی فەرەنسا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی وڵاتەكەی ئەنجامدا و دەیەوێت، سەرجەم وڵاتانی بەشدارنەبووی جەنگی ئێستا لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی وڵاتەكەی ئەنجامدا و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دوو پرسی سەرەكی پەیوەست بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان كرد.
ماكرۆن لەگەڵ لێپرسراوانی وڵاتەكەیدا گفتوگۆی لەبارەی لێكەوتەكانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی ئەمریكا و ئێرانیان كرد و خواستی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی ئاگربەستەكە لوبنانیش بگرێتەوە.
ئەم كۆبوونەوەیەی ماكرۆن بەر لەو دیدارە دێت، كە بەریتانیا و فەرەنسا دەیانەوێت رێكیبخەن بۆ میوانداریكردنی سەرجەم ئەو وڵاتانەی بەشداری شەڕی ئەمریكا و ئێران و ئیسرائیلیان نەكردووە. دەشیانەوێت لە دیدارەكەدا باس لە دەستەبەركردنی ئاسایش بكەن بۆ تێپەڕینی كەشتییەكان بە گەروی هورمزدا.
دوێنێ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن رایگەیاند، ئیسرائیل نایەوێت فەرەنسا دەستوەردان لە پرسی دانوستانەكانی ئاشتی لەنێوان وڵاتەكەی و لوبناندا بكات.



