ترەمپ: لە پاکستان لەگەڵ ئێران کۆدەبینەوە و رێگە نادەین ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
محەمەد رزگار
١٤ی نیسانی ٢٠٢٦
بە مەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی رێککەوتنی ئەتۆمی، واشنتۆن و تاران لە رێگەی نێوەندگیری ئیسلام ئابادەوە نزیک بوونەتەوە لە دەسپێکردنی خولێکی تری دانوستانەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرایکرد، لە دوو رۆژی داهاتوودا خولێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە وڵاتی پاکستان بەڕێوەدەچێت، هاوکات هەڵوێستی توندی وڵاتەکەشی بەرانبەر دۆسیەی ئەتۆمی تاران دووپاتکردەوە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "نیویۆرک پۆست" تایگەیاند، ئەگەری زۆرە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا لە پاکستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆببنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانی کرد و وتی: "کارێکی نایاب دەکات لە رێکخستنی ئەم گفتوگۆیانەدا لەگەڵ تاران."
ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران "بە هیچ شێوەیەک نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و راشیگەیاند کە دژی ئەوەیە ماوەی 20 ساڵ بە ئێران بدرێت بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
لەلایەکی تەرەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان نەکراوە، بەڵام وەفدە دانوستانکارەکان رۆژانی هەینی تا یەکشەممەیان وەک وادەیەکی کراوە داناوە، هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە ئیسلام ئاباد ئاشکرایکردووە، پێدەچێت کۆبوونەوەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.



