نیویۆرک پۆست: لە ئەمریکا ژنێک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە درۆن و بۆمبی ئێرانییەوە دەستگیرکرا
بڵند
١٩ی نیسانی ٢٠٢٦
میدیاکانی ئەمریکا، دەستگیرکردنی ژنێکیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لۆس ئەنجلوس راگەیاند، کە تۆمەتبارە بە گرێبەستی نایاسایی فرۆشتنی چەک بۆ ئێران، ژنەکە بە نەتەوە ئێرانییە و تەمەنی 44 ساڵە.
داواکاری گشتی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ژنێکی ئێرانی تەمەن 44 ساڵ بە ناوی شەمیم مافی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لۆس ئەنجلوس دەستگیرکرا، ئەوەش بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گرێبەستی نایاسایی چەک بۆ بەرژەوەندی ئێران.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەو ژنە تۆمەتبارە بەوەی لە رێگەی کۆمپانیایەکی تۆمارکراو لە وڵاتی عومان، هەستاوە بە رێکخستنی چەندین گرێبەستی فرۆشتنی درۆن، بۆمب و ملیۆنان فیشەک بە وڵاتی سودان.
یەکێک لە گرێبەستە دیارەکان بڕی 70 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە و تایبەت بووە بە کڕینی درۆنی جۆری (مۆهاجیر-6) و کەرەستە سەربازییە پەیوەندیدارەکان.
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ژنە، لە ساڵی 2016وە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی ئەمریکای هەیە، لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2025 پەیوەندی بە وەزارەتی هەواڵگری ئێرانەوە هەبووە، بەڵام ناوبراو لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکاندا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردوەتەوە.


