مەسعود پزشکیان و شەهباز شەریف لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و پزیشکیان واشنتنی بە "خیانەت لە دیپلۆماسی" و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار کرد.

سەرۆک کۆماری ئێران ستایشی هەوڵەکانی ئیسلام ئابادی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاکەکەی لە بەرامبەر هەر سەرکێشییەکی ئەمریکا و ئیسرائیل. پزشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، تاران دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەرەپێ بدات، بەڵام بە مەرجێک دوور بێت لە دەستێوەردانی دەرەکی و ئەو وڵاتانەی دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.

لای خۆیەوە، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان هاوڕای تاران بوو لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان و پزیشکیانی لە ئەنجامی دوواین راوێژە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئاگادار کردەوە. شەریف ئاماژەی بەوە کرد، پاکستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵە راستگۆیانەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەیی و لەو چوارچێوەیەشدا سوپاسی هەماهەنگییەکانی ئێرانی کرد.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران. سەرۆکوەزیرانی پاکستان دووپاتی کردەوە، ئیسلام ئاباد بە پشتیوانی هاوبەشەکانی پابەند دەبێت بە دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە، لە کاتێکدا تاران هۆشداری دەدات، هەر جۆرە هەڵەیەکی سەربازی لە ناوچەکەدا لێکەوتی مەترسیداری بۆ ئاسایشی جیهانی دەبێت.