بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران هەوڵ بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆم بدات و دەشڵێت: بۆ شەڕی ئێران و ئیسرائیل؛ وەک روسیا و ئۆکراین دەستەوەستان نابین.

رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران هەوڵ بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆم بدات و لە بۆردومانەکانی چەند رۆژی رابردووشدا زیان بە بنکەی فۆردۆ نەگەیشتووە.

گرۆسی داوای لە سەرجەم لایەنەکان گرتووە کە تاوەکو دەتوانن دان بە خۆیاندا بگرن بۆ دووربوون لە گرژیی زیاتر، کە دەکرێت چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دوا بخات.

ئەوەشی خستووەتە روو، بە پشتبەستن بە رێکارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ئەنجومەنی پارێزگاکان هەفتەی رابردوو بڕیارنامەیەکی گرنگی لەبارەی ئەرکەکانی ئێران پەسەند کردووە.

جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە چارەسەرەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، دەشڵێت: بەمەبەستی دڵنیابوون لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و گرەنتی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمیی بەشێوەیەکی پارێزراو، ئامادەم بەخێرایی بچمە ئێران یان هەر شوێنێکی دیکە.

 

"دەستەوەستان نابین"

 

لە کۆتاییشدا وتوویەتی، ئاژانسەکە لەبەرانبەر ئەو جۆرە گرژییانەدا کە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی ئەتۆمیی، دەستەوەستان نامێنێتەوە؛ وەک ئەوەی پێشتر بۆ روسیا و ئۆکراین کردی.