بەهۆی زیادبوونی گرژییە جیۆپۆلیتیكییەكان و بەردەوامیی جەنگەكان لە ناوچە جیاوازەكان، خەرجییە سەربازییەكانی جیهان لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی.

پەیمانگەی نێودەوڵەتی ستۆكهۆڵم بۆ توێژینەوەكانی ئاشتی رایگەیاند، خەرجییە سەربازییەكانی جیهان لە ساڵی 2025دا بەڕێژەی 2.9٪ زیادی كردووە و گەیشتووەتە نزیكەی 2.89تریلیۆن دۆلار. بەپێی راپۆرتەكە، ئەمە یازدەیەمین ساڵە كە خەرجییەكان بە بەردەوامی روو لە زیادبوونن و تەنیا لە دە ساڵی رابردوودا 41٪ زیادیان كردووە.

دییگۆ لۆپێز،لێپرسراوی پەیمانگەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەمریكا هێشتا گەورەترین خەرجكەری سەربازییە لە جیهاندا و وڵاتانی تری وەك ئەڵمانیاش بودجەی بەرگرییان زیاد كردووە  و بۆ یەكەمجار ئاستی خەرجییەكانی ناتۆی تێپەڕاندووە.

پێشبینی دەكرێت ئەم رەوتە لە ساڵی 2026یشدا بەردەوام بێت، چونكە بەهۆی ململانێكانەوە، قورسە لە ماوەی ساڵێكدا رەوشی ئاسایشی جیهان گۆڕانكارییەكی ئەرێنی بەسەردا بێت.