بەرەبەیانی ئەمرۆ بەکاتی هەرێم، ئاهەنگی ئێوارەخوانی رۆژنامەنوسەکانی کۆشکی سپی گۆڕدرا بۆ مەیدانی تەقەکردن و  دروستبوونی ئاڵۆزی و دڵەراوکێ، ئەمەش لە دوای ئەوەی کەسێک دەستی کرد بە تەقەکردن و هەر زوو هێزە ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵی رەوشەکەیان کرد.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر ئێوارەخوانی  کۆشکی سپی، کە دۆناڵد ترەمپ تێیدا ئامادە بوو، ناوی "کۆڵ تۆماس ئالن"ـە و تەمەنی 31 ساڵە.

 لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، کە تۆمەتبارەکە دانیشتوی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و ئەندازیارێکی میکانیکی و گەشەپێدەری سەربەخۆی یارییە ئەلیکترۆنییەکانە، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی "Caltech" و پێشتر وەک مامۆستایەک لە کۆمپانیایەکی پەروەردەیی کاری کردووە.

پۆلیسی واشنتۆن ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئالین بە چەکی (راو و دەمانچە و چەقۆوە) خاڵێکی پشکنینی خزمەتگوزاری نهێنی بەزاندووە و پێش دەستگیرکردنی، تەقەی لە ئەندامێکی تیمە ئەمنییەکان کردووە و لە سنگی داوە، بەڵام قەڵغانی پارێزەر ژیانی رزگار کردووە.

تا ئێستا پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە ناڕوونن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئامانجی سەرەکی ترەمپ بووە یان ئامادەبووانی دیکەی ناو ئاهەنگەکە.

داواکاری گشتیی ئەمریکاش رایگەیاندوە، سبەینێ دووشەممە، کۆل ئالنی تەمەن 31 ساڵ دەبرێتە بەردەم دادگا  و دادگایی دەکرێ، کەناڵی سی بی ئێسیش بڵاویکردوەتەوە، لە سەرەتایی لێکۆڵینەوەکاندا ئەو کەسەی تەقەی کردوە، دانیبـەوەداناوە مەبەست لە هێرشەکەی لێپرسراوانی ئەمریکا بووە.