کیم جۆنگ ئون: بەرهەمهێنانی مادە ئەتۆمییەکان بۆ مەبەستی سەربازی دوو هێندە زیادی کردووە
محەمەد رزگار
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، کۆریای باکور هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوکی خێراتر دەکات.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور، ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو مادە ئەتۆمییانەی کە بۆ دروستکردنی چەک بەکاردێن، زیاتر لە دوو هێندە بەرز بکاتەوە و بەڵێنیشیدا تواناکانی هێزی ناوکیی وڵاتەکەی بەشێوەیەکی خێرا پەرە پێبدات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا (KCNA)، سەرۆکی کۆریای باکور لە میانەی سەردانێکیدا بۆ دامەزراوەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی مادە ئەتۆمییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە خاوەنی "پلانێکن بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی هێزی ناوکیی دەوڵەت بەخێرایی بەهێز بکەن.
کۆریای باکورهێزی ئەتۆمی خۆی وەک قەڵغانێکی پارێزەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی ئەگەری لەلایەن کۆریای باشور و هێزە ئەمریکییەکانی جێگیر لەو ناوچەیە دەبینێت
کیم جۆنگ ئون بەرهەمهێنانی ئەو مادانەی بە "گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەر و سەرکەوتوو" وەسف کرد و رایگەیاند کە ئەمە "روداوێکی مێژوویی و خاڵێکی وەرچەرخانە لە گەشەپێدانی تواناکانماندا".
ئەم هەنگاوەی پیۆنگ یانگ لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نیمچە دورگەی کۆریا بەردەوامە و کۆریای باکور لە رێگەی پەرەپێدانی زیاتری توانای ئەتۆمییەوە، دەیەوێت باڵانسی هێز لە ناوچەکەدا بەلای خۆیدا بشکێنێتەوە.



