بڵومبێرگ : ئەوروپا دەیەوێت بەر لە هاتنی زستان كۆتایی بە شەڕی ئۆكراین بهێنێت
سەوسەن سەید
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی نوێن بۆ ناچاركردنی روسیا بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئۆكراین، ئەمەش لە كاتێكدایە كە واشنتۆن بەهۆی شەڕی ئێرانەوە بایەخی كەمتری بەو دۆسییە داوە.
ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویكرۆتەوە، كە هەریەكە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ ئۆكراین كار دەكەن بۆ ئامادەكردنی پلانێك بە مەبەستی هاندانی روسیا بەرەو دانوستانێكی ئاشتی جدی، ئامانجی سەرەكیی ئەم هەوڵە سێقۆڵییەش، رێگریكردنە لەوەی جەنگەكە زیاتر درێژە بكێشێت.
بەپێی راپۆرتەكە، بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆیان كردووە كە هەردوو لایەنی جەنگ بگرێتەوە.
جەختیش كراوەتەوە كە بڕیاری كۆتایی بۆ دەستپێكردنی هەر دانوستانێك تەنها لە دەستی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرایندایە و وڵاتانی ئەوروپا هیچ ستراتیژییەك بەسەریدا ناسەپێنن كە خۆی پێی رازی نەبێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە واشنتۆن بەردەوام پشتگیری خۆی بۆ ئۆكراین دەردەبڕێت و ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ،لەبەردەم كۆنگرێس ئاماژەی بەوە كرد وڵاتەكەی بە رەسمی لایەنگری خۆی بۆ ئۆكراین هەڵبژاردووە و لەم رەوشەدا رۆڵی بێلایەن نابینن.



