ترەمپ داوای لە ناتانیاهۆ كردووە هێرشەكانی سەر بەیروت رابگرێت
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ماڵپەڕێكی ئەمریكی ئاشكرایكرد، ترەمپ دەوێت شەڕی لوبنان كۆتایی پێبێت و ناتانیاهۆ دەیەوێت دەستپێبكاتەوە.
ماڵپەڕ ئەكسیۆس لە زاری سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی ئاشكرایكردوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە توندی داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ كردووە هێرشەكانی بۆ سەر بەیروت رابگرێت.
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە واشنتۆن هەوڵی جدی دەدات بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ تاران و نایەوێت ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە رەوشی دانوستانەكان تێكبدەن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، پاشگەزبوونەوەی ناتانیاهۆ لە هێرشكردنە سەر بەیروت لەژێر فشاری ئەمریكادا، ناتانیاهۆ رووبەرووی رەخنەی توندی لێپرسراوانی ناوخۆی ئیسرائیل كردووەتەوە، ناتانیاهۆ ترسی هەیە لەوەی لە داهاتوودا واشنتۆن فشار و سنوورداركردنی زیاتر بخاتە سەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی وڵاتەكەی دژی حزبوڵا و رێگری لە جوڵە ئازادەكانی سوپا بكات.



