دواتریش دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕایگەیاند، کار بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئوردن دەکەن و ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەش ھاوپەیمانی کوردستان، بانگەشەی ھەڵبژاردن لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر ڕایگەیاند، بڕیارە سەعات ١ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بگاتە فڕۆکەخانەی ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم کۆببێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامانجی سەردانەکەی جۆزێف بۆرێڵ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ھەرێم و یەکێتی ئەوروپایە، ھاوکات پرسی تیرۆر و ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراقیش تاوتوێ دەکرێن.
دوێنێ "جۆزێف بۆڕێل" سەردانی بەغدادی کرد و ڕایگەیاند، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ھاوبەشییەکانیان و ڕێککەوتنەکانی ھاوکاری لەگەڵ عێراق زۆر باشن و لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆیان بۆ چالاکی ئابووری و ئاسایش و مرۆیی بەخشیوەتە عێراق و بەردەوامیش دەبن لەسەر پاڵپشتیکردنی عێراق.
وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کرد و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پێویستە فەرمانبەری دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن بە شێوەیەکی خێرا و بێ ھیچ دواکەوتنێک کاروباری ھاوڵاتیان و سەردانیکاران لە چوارچێوەی یاسا بەڕێ بکەن و بە شێوازێکی کارگێڕی دروست وەڵامیان بدەنەوە.
ڕاشیگەیاند، دەبێت بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەوام بەجێنەھێڵن تا دوا نوسراو و مامەڵەی ھاوڵاتیان ئیمزای لەسەر دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، بەشی سکاڵای ئەلکترۆنی بۆ ھاوڵاتیان ھەیە و ھەر سکاڵایەک لەسەر دواکەوتنی مامەڵەی ھاوڵاتیان یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیکاران بگاتە وەزارەت، بەدواداچوونی جددی لەسەر دەکرێت و فەرمانبەری کەمتەرخەم لە ھەر ئاستێکی بەرپرسیاریەتیدا بێت سزا دەدرێت.
بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، "عامر خالید و فرسەت ئەحمەد و جەمال خەلیل و سلێمان موسا لەگەڵ سلێمان کەمال" بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ھەرێم و سیخوڕی بۆ ئەمریکا و بەریتانیا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق و چەند پرسێکی تر دادگایی دەکرێن.
دوێنێ دادگاییکردنی چوار لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی تری بادینان بە ھۆکاری زیادبوونی ئەندامی نوێ بۆ دادگا دواخرا و دواتر "بەشدار حەسەن" ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، ڕەوشی دەستگیرکراوانی بادینان باش نییە و لە زیندانی ئاسایشی ھەولێر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو چوار دەستگیرکراوە شێروان تەھا و مەسعود شەنگالی و کارکەر عەباس و بەندەوار ئەیوبن، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و بەریتانیا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق و چەند پرسێکی تر دادگایی دەکرێن.
بڕیارە رۆژی چوار شەممەش پێنج دەستگیرکراوی تری بادینان بە ھەمان تۆمەت دادگایی بکرێن.
لە چەند مانگی رابردودا دوو جار بەھۆکاری جیاواز دادگاییکردنی ئەو نۆ دەستگیرکراوە لەلایەن دادگای تاوانی دووی ھەولێرەوە دواخراوە، کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینانیش دەڵێن، رەوشی دەستگیرکراوان لە زیندان زۆر خراپە و تا ئێستا باوک و برای دوان لە دەستگیرکراوەکان لە حەسرەتی بینینەوەی کوڕ و براکەیان گیانیان لەدەستداوە.
پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە دانیشتنی پەرلەمان دەستپێدەکات و شەش پەرلەمانتار دەستلەکارکێشانەوەیان لە لیژنەکانیان رادەگەیەنن و دەبنە سەرۆک و ئەندامی لیژنەی تری پەرلەمان.
دواتر دەنگدان لەسەر چوار پێشنیاز و پڕۆژەیاسا دەکرێت، ئەوانیش پێشنیازەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاکیی و پڕۆژەیاسای نیشان و مەدالیا و پڕۆژەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازین، لەگەڵ پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان.
بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ شێروان تەھا و مەسعود شەنگالی و کارکەر عەباس و بەندەوار ئەیوب دادگایی بکرێن، بەڵام دادگای دووی ھەولێر بڕیاری دواخستنی دا.
وتیشی، قسەیان لەگەڵ دەستگیرکراوان کردووە و رەوشیان باش نییە، چونکە لە زیندان بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەدوای ئاگادار کردنەوەیان لە بونی حاڵەتێکی کەمتەرخەمیی بەرامبەر ھاوڵاتییەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لە کەلار، کە درەنگ نەشتەرگەریی و رێکاری پزیشکیی بۆ ئەنجامدراوە، بڕیاردرا لێکۆڵینەوە لەو دۆسییەیە بکرێت و خودی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان سەرپەرشتی بەدواداچونی دۆسیەکەی کرد.
تەندروستی گەرمیان ئاشکرایکردووە، پاش بەدواداچون دەرکەوت کەمتەرخەمیی ھەبوە بەرامبەر ئەو نەخۆشە و درەنگ بە دەمیەوە چوون و درەنگیش نەشتەرگەرییان بۆ کردوە، ھەربۆیە فەرمانی سزادان بۆ سێ فەرمانبەری نەخۆشخانەکە دەرکرا کە بەرپرس بوون لەو کەمتەرخەمییە.
تەندروستی گەرمیان داوای لێبوردن لەو ھاوڵاتییە و خێزانەکەی دەکات و دەڵێت، دڵنیایی دەدەین کە نەخۆشخانەکە و ستافەکەی بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان بە بەردەوامی لە ئەرکدان و رێگە بە کەموکورتیی و کەمتەرخەمیی نادەین و لەو رووەوە ھەموو لێپێچینەوەیەکی پێویست و یاسایی دەکەین.
سەدر لە تویتێکدا ھۆکاری پاشگەزبونەوەی لە بڕیاری بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رونکردەوە و رایگەیاند، بەشداری نەکردنیان لە ھەڵبژاردن وەک بەکارھێنانی فیشەکێک دەبێت دژ بە چاکسازی، بۆیە بڕیاریانداوە لە رێی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەوە بەشدار بن لە پەرلەمان و حکومەتی داھاتوودا، لە پێشینەی کارەکانیشیان لە حکومەتدا چاکسازی دەبێت و لە پەرلەمانیش روبەروی گەندەڵی و گەندەڵکاران دەبنەوە.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا موقتەدا سەدر بەشداری نەکردنی رەوتی سەدری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، کۆتاییەکانی مانگی ئاب پاشگەزبۆوە و بڕیاریدا بە بەشداریکردنی رەوتەکەی لەھەڵبژارندا .