ھەوڵ و ھەنگاوەکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەچنە قۆناغی پراکتیکیەوە، لەو میانەیەشدا ئەمڕۆ ٢٢ی دیسەمبەر لە شاری ھەولێر، قوباد تاڵەبانی و عیماد ئەحمەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بە یاوەری وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای چوارچێوەی ھەماھەنگی بە سەرۆکایەتی نوری مالکی.


لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لە بارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و قۆناغی دوای ھەڵبژاردنەکان و ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.


لەو بارەیەوە وەفدی میوان، بۆچوونی ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیان خستەڕوو لە پێناو بەدیھێنانی ھاوسەنگی سیاسی کە پێویستە بۆ زامنکردنی گێڕانەوەی سەقامگیری سیستمی سیاسی.


ھەردوولا پێویستی بەردەوامبوون لەسەر ھەوڵەکانی نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانیان دووپاتکردەوە لە پێناو بەدیھێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان کە ئەوەش بە حکومەتێکی خزمەتگوزار دەکرێت کە داخوازی ھاوڵاتیان بەدیبھێنێت. ھاوکات جەختیش لەسەر شەراکەت و ھاوسەنگی لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا کرایەوە.


لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی یەکێتی بە وەفدی میوانی ڕاگەیاند کە ئەوان وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوامن و لەگەڵ چارەسەرکردنی گرفتەکانن لە ڕێی گفتوگۆ و یەک خستنی ڕیزەکان لە پێناو گەلانی عێراق بە گشتی.


باسیان لەوەشکرد وەفدێکی یەکێتی دەچێتە بەغداد بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسیییەکان لە بارەی پێکھێنانی حکومەتێک کە توانای خزمەتکردنی ھاوڵاتییانی ھەبێت و ھەروەھا بتوانێت ڕووبەڕووی مەترسییەکانی داعش ببێتەوە و لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵییەکان و چاکسازی ڕاستەقینە ئەنجامبدات.