نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕەخنە لە دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان دەگرێت و بە لێڵ و ناڕوون ناوی دەبات.


نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق "یۆنامی" ڕاپۆرتێکی لە بارەی دادگاییکردنی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بڕیارەکانی دادگا بێبەڵگە بوون و داواکاری گشتیش بەڵگەی حاشاھەڵنەگری بۆ سەلماندنی حوکمی سەر تۆمەتبارەکان نەخستووەتەڕوو. ئەو بەندانەی تۆمەتبارانیشی پێ دادگایی کراوە ناتەواون و حوکمەکانیش ناڕوونن.


یۆنامی باسی لەوەشکردووە، تۆمەتباران بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندانی تاکەکەسیدا ھێڵدراونەتەوە و ڕێگە بە ھەمووشیان نەدراوە چاویان بە خێزانەکانیان بکەوێت.


ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئەوەی ھەشت تۆمەتبار بە دادگایان ڕاگەیاندووە لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانیان لێوەرگیراوە، بەڵام دادوەری دادگاییکردنەکە گوێی پێنەداون و ھیچ بەدواداچوونێکی بۆ نەکردووە، ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دادگا ھیچ ڕێزێکی لە پشکنینی پزیشکی و ڤیدیۆی لێکۆڵینەوە و مامەڵەی نەشیاو و ئەشکەنجەدان نەگرتووە، ئەمەش وایکردووە پارێزەرەکان نەتوانن بەرگرییەکی کارا لە تۆمەتبارەکان بکەن.