وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەی خوێندنى ماستەر لە وڵاتی چین رادەگەیەنێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان مامۆستایان، فەرمانبەران و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە، کە وڵاتی کۆماری چینی میللی، لە چوارچێوەی بەرنامەی گەنجی سەرکەوتوو لە کۆماری چینی میللی (Youth of Excellence scheme of China Program) زەمالەی خوێندنى ماستەری پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە بەم شێوەی خوارەوە:
هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستەبێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆماری چینی میللی هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینییانەی خوارەوە، سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
مەرج و داواکاریی لایەنی کۆماری چینی میللی:
1- بڕوانامەی دەرچوون کە پشتڕاستکرابێتەوە لەلایەن وەزارەتەکەمان و وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نووسینگەی پشتڕاستکردنی بڕوانامەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
2- بڕوانامەی بە نمرە بە هەمان شێوەی خاڵی یەکەم.
3- بڕوانامەی تایبەت بە نەبوونی پێشینەی تاوان و ئەستۆپاکی، کە لەلایەن وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پشتڕاستکرابێتەوە.
4- بڕوانامەی تەندروستی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نووسینگەی پشتڕاستکردنی بڕوانامەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
5- تێستی زمانی ئینگلیزییەکانی وەک تۆیفل و ئایلتس کە ئاستەکان لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەک جیاوازە، بەپێی داواکاریی ئەو زانکۆیەی کە داواکاری بۆ پێشکەشدەکەیت.
6- تەمەنی پێشکەشکار لە (45) ساڵ زیاتر نەبێت.
7- دەبێت بە لایەنی کەم (3) سێ ساڵ ئەزموونی کارکردنی هەبێت و بە نووسراوی رەسمی، پشتگیری لە ماوەی ئەزموونی کارکردنەکەی بکرێت.
8- پاسپۆرت کە ماوەی بەسەرچوونی لە شەش مانگ کەمتر نەبێت.
9- سی ڤی و پێرسنەڵ ستەیتمێنتی داواکار.
10- سکرینشۆتی ئەو ماڵپەڕەی کە داواکارییەکەى پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت، کە داواکارییەکەت بە سەرکەوتوویی پێشکەشکراوە.
11- بۆ هەر پرسیارێک، پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنە (009647511378422) و ئیمێڵى ([email protected]) بکەن.
مەرجەکانى وەزارەتی خوێندنی باڵا:
– پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
– پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
– پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65) کەمتر نەبێت.
– ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاریی بۆ پێشکەشدەکەن.
– داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاریی بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەشبکات، (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
– کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، (واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان).
– کاندیدی سەرکەوتوو، لەلایەن وڵاتی چین پشتگیریی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاریی زیاتر، سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
– کاندیدی ئەم زەمالەیە، مەرجە هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبێت و ئەستۆپاکیی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە، سەلمێندرابێت.
– پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکیی زەمالەکە (چین) دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت، ئەوانەی داواکاری پێشکەشدەکەن و دوای پێشکەشکردنی داواکارییەکەیان لە رێگەی ئۆنلاین، دەبێت تا رۆژی (2026/2/24)، ئەم زانیارییانەى خوارەوە بۆ ئەم ئیمەیڵە رەوانەبکەن ([email protected]):
– ناوی تەواو وەک ئەوەی کە لە پاسپۆرت نووسراوە.
– شوێنی کار
– بەرنامەی پێشکەشکراو واتا ماستەر لە بواری…
– ئیمێڵ
– تەلەفۆن (ژمارەی ئەو تەلەفۆنەی کە واتسئەپی لەسەرە).
– کۆپیی پاسپۆرت.
– نووسراوی پشتگیری کە ماوەی ئەزموونی کاری بسەلمێنێت.
– بڕوانامەی دەرچوون کە پشتڕاستکرابێتەوە لەلایەن وەزارەتەکەمان و وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نووسینگەی پشتڕاستکردنی بڕوانامەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
– بڕوانامەی بە نمرە بە هەمان شێوەی خاڵی یەکەم.
– بڕوانامەی تایبەت بە نەبوونی پێشینەی تاوان و ئەستۆپاکی کە لەلایەن وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشتڕاستکرابێتەوە.
– بڕوانامەی تەندروستی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نووسینگەی پشتڕاستکردنی بڕوانامەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
– تێستی زمانی ئینگلیزییەکانی.
– پاسپۆرت کە ماوەی بەسەرچوونی لە شەش مانگ کەمتر نەبێت.
– سی ڤی و پێرسنەڵ ستەیتمێنتی داواکار.
– سکرینشۆتی ئەو ماڵپەرەی کە داواکارییەکەى بۆ پێشکەشکردووە.
کەشناسی هەرێم: لە رۆژی شەممە ٢٧ـی ١٢، تا سێ رۆژ هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەفر و باران و زۆرترین ماوەی دابارین رۆژی دووشەممە دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 12ـی 2025، بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، رۆژی شەممە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و سەرەتای شەپۆلەکە بە بەفربارین و نمە باران لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەستپێدەکات و پاشان کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی تر.
هەر لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی بارانبارین مامناوەند دەبێت و زۆرترین ماوەی دابارین دەکەوێتە رۆژی دووشەممە و رۆژی سێشەممە لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما، ئەگەری بەفربارین هەیە بە تێکەڵی لەگەل نمەباران لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆک.
وتیشی، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە خێرایی با زیاد دەکات و هەندێک کات دەگاتە سەرووی ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لو ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت. دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە و پیرۆزبایی لە کریستیانەکان دەکات
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت) پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کریستیان لە کوردستان و عیراق و جیهان دەکەم، هیوادارم جەژن لە خۆشی و شادیدا بەسەرببەن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت پارێزەر و داکۆکیکاری سەرسەختی کریستیانەکان بێت تاوەکو لە سەرجەم دامەزراوەکانی وڵاتەکەماندا مافەکانیان پارێزراوبێت و نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان بکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سەیدسادق دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر مارکێتێک، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، "مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادقی بەڕێوەبەرایەتیمان، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتابووە سەر مارکێتێک".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، "دوای ئەوەی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق ئاگادارکرانەوە کە دوو تۆمەتبار بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر مارکێتێک، بڕیاری دادوەر بۆ روداوەکە وەرگیراو دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە دەستیپێکرد و سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (س، ع، س - ب، م، أ) دەستگیربکرێن کەسەر بەهیچ دام و دەزگایەکی ئەمنی نین".
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، "تۆمەتباران پێشینەی تاوانکاریان هەیە، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (432) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
کارەبای سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی، لەماوەی ساڵێكدا لە دوای جێبەجێكردنی "پرۆژەی رووناكی" خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بە رێژەی (42%) كەمیكردوه و هۆکارکەشی بۆ هۆشیاری هاووڵاتییان گەڕاندوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بەراورد هەمان کاتی ساڵی رابردوو، رێژەی بەکارهێنانی کارەبا زیاتر لە 800 مێگاوات کەمی کردوە و بە تێکرا 14 سەعات کارەباش دەدەنە ئەو شوێنانەی بەشدارنین لە پڕۆژەی روناکیدا.
ئەندازیار، غالب محمد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاندوە، لە مانگی 12ی ساڵی 2024، خواست لهسهر بەكارهێنانی كارەبا بەتێكڕایی (1912) مێگاوات بووە و لەو مانگەدا بەتێكڕایی 8 سەعات و 31 خولەک كارەبا بە هاووڵاتییان دراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمساڵ دوای جێبەجێكردنی (پرۆژەی رووناكی) لە مانگی 12 خواست لەسەر بەكارهێنانی كارهبا بەراورد بە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەزیوە بۆ (1107 مێگاوات)، بەوەش خواست لەسەر كارەبا بەرێژەی (42%) كەمیكردوە، دەشڵێت؛ ئەو شوێنانەی لە لەچوارچێوەی پرۆژەی رووناكیدا نین، بە بەردهوام لەم مانگەدا بەتێكڕایی (14) سەعات كارەبایان هەبووە.
کارەبای سلێمانی هۆكاری كەمبوونەوەی خواستی لەسەر کارەبای بۆ ئەوە گێراوەتەوە، لە ئێستادا هاووڵاتییان هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن، ئەوەشیان خستوەتەڕوو، كە كارەبا بەردەوام بێت، سیستم و تۆڕی كارەبا سەقامگیرتر دەبێت و کێشە کەمتر دەبێت، ئەمەش وادەکات بەردەوام کارەبا هەبێت و خواست كەم ببێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشاسناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ئاماری بارانبارینی 24 سەعاتی رابردووی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئامارەکانیش، لە قەزای چوارتا و ناحیەی سەرکەپکان و گوندی نازەنین زۆترین بڕی بارانبارین تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کەشناسی لە سنوری سلێمانی زۆترین باران باریوە؛ لە قەزای چوارتا 38.5 ملم لە ناو سەنتەری پارێزگاکەش 21.7 ملیم باریوە.
هاوکات لە هەمان کاتدا، لە سنوری پارێزگای هەولێر، لە ناحیەی سەرکەپکان 23.1 ملم بارانباریوە و لە گوندی نازەنینیش زۆترین بارانبارین تۆمارکراوە کە 26.9 ملم و لە سەنتەری پارێزگاکەش 14 ملیم بارانباریوە .
کەشناسی ئاماری پارێزگای دهۆکی بڵاونەکردوەتەوە و لە پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین بڕی بارانبارین تۆمارکراوە، کە تەنها 1.5 ملم باریوە و لە شارۆچکەی تەوێڵەش 2 ملم و لە هەریەکە لە قەزای خورماڵ و ناحەیەی سیروانیش 1.3 ملم باریوە.
پێشتریش کەشناسی رایگەیاندبوو، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلی بارانبارین کۆتایی دێت و کەشەکە ئاساییی دەبێتەوە، پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ کەمێک نزمدەبنەوە.
سەرەڕای هۆشداری چەند شارەزایەکی کەشوهەوا، لە ئەگەری لێزمەباران، کەشناسی هەرێم رایگەیاند، پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و شەپۆلی بارانبارینیش لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە بەرەو کۆتایی دەچێت، لە بارەی کەشی سبەینێشەوە دەڵێت؛ پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکانیش لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک نیمچە هەور و پەڵە هەور دەبێت و شەپۆلی بارانبارین کۆتایی هاتووە.
سەرەڕای ئەوەی چەند شارەزایەکی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن لە ئەگەری لێزمە باران، بەڵام کەشناسی دەڵێت؛ لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین بە شێوەی نمە بارانی پچر پچر بەردەوامی دەبێت تا دوای نیوەرۆ و دواتر کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لە بارەی پلەکانی گەرماشەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک نزمدەبنەوە.
کەشناسی پێشبینی بۆ سبەینێ پێنجشەمەش کردوە و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور و هەندێ کات نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ رۆژی پێنجشەممە بەمشێوەیەیە؛
هەولێر : 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 13 پلەی سیلیزی
دهۆک : 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ :16 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی
سۆران: 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستە دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەیان کراوەیە، هاوکات بەغداد بە قووڵایی ستراتیژیی هەرێم دەزانێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانونی یەکەمی 2025، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان کۆبووەوە و پرسەکانی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، یەکێتی سووربوونی خۆی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانی نیشانداوە و لەسەر ئەو بنەمایەش دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
سەبارەت بە بەغدادیش، مەکتەبی سیاسی جەختیکردەوە، یەکێتی مەبەستییەتی لە بەغدادیش حکومەتێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێكبهێنرێت، کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراو بێت و گوزارشت لە خواستی هەموو پێکهاتەکان بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەمەش لە سۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە، بۆیە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەردەوام دەبێت".
وەک هاوخەمییەک بۆ قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاهەنگەکانی سەری ساڵی دەرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریداوە سەرجەم ئاهەنگ و بۆنەکانی سەری ساڵی نوێ لە سنووری پارێزگاکەدا هەڵبوەشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە وەک رێزێکە بۆ گیانی قوربانیانی کارەساتی لافاوەکەی ئەم دواییەی قەزای چەمچەماڵ و دەربڕینی هاوخەمییە لەگەڵ خانەوادە و کەسوکارەکانیان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پارێزگای هەڵەبجە بەم هەنگاوە هاوبەشیی خۆی لە خەمی خەڵکی چەمچەماڵ دووپات دەکاتەوە و جەخت لەسەر رۆحی یەکگرتوویی و هاوپشتیی گەلی کوردستان دەکاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەوە تا سەرەتای ساڵی نوێ لە دامودەزگاکان پشووی رەسمی دەبێت، بەڵام دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە رۆژی پێنجشەممە 25ی کانونی یەکەمی 2025، تا رۆژی شەممە 3ی کانونی دووەمی 2026، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی رەسمی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی یەکشەممە 4ی کانونی دووەمی 2026، دەوامی رەسمی لە دامودەزگاکان دەستپێدەکاتەوە.
سەبارەت بە موچە، فەرمانگەکە روونیکردووەتەوە، لە کاتی هاتنی پارەی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەران، پرۆسەی دابەشکردنی موچە لە رۆژانی پشوودا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت، هاوکات دەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئێشکگری دەبێت
لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی تەرمی هاووڵاتییەک لەناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، کە هەڵگری رەگەزنامەی سوریایە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دانیشتووانی گەڕەکیێک لە سەرچنار لە شاری سلێمانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆشەوە، هێزە ئەمنییەکانیان لە بوونی تەرمێک لە ماڵێکدا ئاگادار کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری رێکخستنی پەیوەندییەکان (JCC)، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی سوریایە و لە سلێمانی نیشتەجێ بووە، بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند رۆژێکە گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی تێکچووە و بۆنی لێهاتووە.
ئێستا تەرمەکە رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی داد لە سلێمانی کراوە بۆ توێکاری و دەرکەوتنی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی سودانی كۆدەبێتەوە و بڕیارە لە بڕگەیەكدا گفتوگۆ لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و بەغداد بكرێت.
بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، لەسەر داوای دیوانی چاودێری دارایی عیراق، بڕگەی سێی كارنامەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر شاییستە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق.
پەیامنێری كوردسات نیوزیش رایگەیاند، لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری دارایی عیراق و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی زانیارییەكانیان لەبارەی شایستە داراییەكان دەخەنەڕوو، وتیشی، چاوەڕوان دەكرێت لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری خەرجكردنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابوری لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتیی هەرێم و شایستە داراییەكان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د.خ)، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم پشووی رەسمییە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، رۆژی پێنجشەممە 25ی کانونی یەکەمی 2025، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (د.خ)، لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت پشووی رەسمی دەبێت.