پۆلیسی دارستانی مێرگەپان هاووڵاتییەکی دەستگیرکردووە کە دوو بۆ سێ هەزار ماسی مردووی فڕێداوەتە چەمی تابین.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: دوای وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری، بەفەرمانی ئەفسەری بنکە مەفرەزەیەک لەکارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان دەرچوون بۆ چەمی تابین بەمەبەستی ئەوەی کە گوایە هاووڵاتیەک هەستاوە بەفڕێدانی ( ٢ بۆ ٣ ) هەزار ماسی مردووی حەوز بۆ ناو چەمەکە کە بۆتە هۆی پیس بوونی ئاوەکە.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: لەئەنجامدا لەگەڵ گەیشتنی مەفرەزەکە بینیان کەوا هەواڵەکە راستەو دەستبەجێ کەسی تۆمەتباریان دەستگیرکرد ، هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی .