بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە، بەهۆی ئاهەنگەکانی سەری ساڵەوە، لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەقامی سالم بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت.
عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشار-رۆژئاوا رایگەیاند، لە سەعات 4:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، شەقامی سالم لە بەردەم باخی گشتییەوە تاوەکو پردی خەسرەو خاڵ بەربەست دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات لەگەڵ شەقامە سەرەکییەکان، سەرجەم ئەو کۆڵان و شەقامە لاوەکییانەش دادەخرێن کە دەچنەوە سەر شەقامی سالم.
كەشناسی عیراق رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ بەفر لە دهۆك و باكوری شارەكانی هەولێر و سلێمانی ببارێت و پلەكانی گەرما دەچنە ژێر سفری سیلیزیەوە.
دەستەی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆلێكی دیكەی بەفربارین دهۆك و باكوری هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی و رۆژئاوای موسڵ دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژی پێنجشەممە باران لە هەرێمی كوردستان و عیراق دەبارێت و رۆژی هەینیش پێشبینی بارانبارین دەكرێت لە ناوەڕاست و باشوری عیراق.
دەشڵێت، ئەمڕۆ پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن و پلەكانی گەرما دەچنە ژێر سفری سیلیزیەوە و شەختە دروست دەبێت و لە رۆژی شەممەوە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەبۆنەی بەدەستهێنانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەتروشی دەکات، هیواخوازیشن لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت.
دوا هەڵبژاردنی وەک جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە 177 دەنگ، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فەرهاد ئەروشی دەکات.
دەقی پەیامەکە
بەڕێز فەرهاد ئەتروشی ، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بە بۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایتان لێ دەکەین .
هیوادارین لەم ئەرک و لێپرسراوێتییەدا سەرکەوتووبن
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی فەرهاد ئەتروشی دەکات و دەڵێت: بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایتان لێدەکەم.
دەقی پەیامەکە...
بەڕێز فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق
بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران، پیرۆزبایتان لێدەکەم و هیوادارم لەم ئەرکە گرنگەتاندا سەرکەوتووبن.
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر هۆشداری دەدات و داوا لە هاووڵاتییان دەکات پیش ئێوارەبوون بگەرێنەوە ناو ماڵەکانیان، لەبەر ئەوەی تەواوی رێگەکان دەیبەستن
ئەمڕۆ سێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ داوا لەو گەشتیار و رێبوارانی دەکەن، کە رێگاکانی دەرەوە بەکاردێنن، پێش مەغریب بگەڕێنەوە، چونکە رێگاکان بەتەواوی دەبنە بەستەڵەک.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، تیمەکانیان بە درێژای شەو بەردەوام دەبن لە پاکردنەوەی رێگاکان و رشتنی خوێ بە مەبەستی دانەخستی رێگاکان.
دادگای باڵای تاوانەكانی توركیا، سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دایك و مام و برایەكی بچوكی نارین گوران دەركرد و سزاكەی نەهزەت بەختیاریشی هەڵوەشاندوە.
جارێكی تر دادگای باڵای تاوانەكانی توركیا لەبارەی دۆسیەی نارین گوران ئاشكرایكرد، سزای هەتاهەتایی بەسەر دایكی نارین گوران و برایەكی بچوكی و سەلیم گوران مامی نارین گوراندا سەپاند و سزای زیندانیكردنی نەهزەت بەختیاریشی هەڵوەشاندەوە كە یەكێك بووە لە تۆمەتبارانی دۆسێكە.
لە 21ی ئابی 2024، نارین گوران تەمەن هەشت ساڵان لە گوندی چولی سەر بە ئامەد بێسەروشوێن بوو، دوای 19 رۆژ تەرمەكەی لە 8ی ئەیلول دۆزرایەوە، دادگاش بەتۆمەتی كوشاتی نارین، سزای بەسەر دایك و مام و برایەكی نارین گوراندا سەپاند، دادگای ئامەدیش سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر بەختیار نەهزەتدا سەپاند و بە تۆمەتباری روداوەكە ناساندی.
دوای ئەوەی شەپۆلێكی بەفربارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ كاریگەری شەپۆلی بەفربارین نامێنێت، بەڵام پلەكانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە و لە هەندێك ناوچە لە خوار سفر دەبێت.
كەشناسی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، لە ئەمڕۆوە كاریگەری شەپۆلی بەفربارین نامێنێت، بەڵام پلەكانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەكان بۆ ژێر شەش پلەی ژێر سفر دادەبەزن و دیاردەی شەختە دروست دەبێت، لەناو شارەكانیش پلەكانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە.
پێشتر كەشناسی هەرێم بڵاویكربووەوە، لە 12 سەعاتی رابردوودا، لە ناحیەی هەڵشۆ زۆرترین بەفر باریوە كە 58 سانتیمەتر بووە، لە شێروان 50 سانتیمەتر باریوە، بەڵام لە دهۆك كەمترین بەفر باریوە كە 1.3 سانتیمەتر بووە.
پارێزگاری کەرکوک بڕیاریدا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشوو بێت، بەڵام دەوامی فەرمانگەکان بەردەوام دەبێت.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سیلیزی و مانەوەی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی کەشوهەوا، بڕیاردراوە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دەوامی رەسمی ڕابگیرێت.
بەپێی بڕیارەکە، پشووەکە سەرجەم باخچەکانی منداڵان، خوێندنگە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییەکان لە سەرتاسەری پارێزگاکە دەگرێتەوە و ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتیی خوێندکارانە.
پارێزگاری کەرکوک دووپاتیشی کردووەتەوە، پشووەکە تەنیا بۆ کەرتی پەروەردەیە و دەوامی رەسمی لە فەرمانگە حکومییەکاندا وەک رۆژانی ئاسایی بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی هۆشداری دەداتە شۆفێران و هاووڵاتیان بەهۆی دروستبوونی شەختەوە، تا نیوەڕۆی سبەینێ رێگەکان بەکارنەهێنن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما، ئەگەری دروستبوونی شەختە و بەستنی شەقام و گۆڕەپانەکان هەیە، کە دەبێتە هۆی خلیسکانی ئۆتۆمبێل و لەدەستدانی کۆنترۆڵ.
هاتوچۆی سلێمانی داوا دەکات: "لە بەیانیی زووەوە تا کاتەکانی نیوەڕۆ کە شەقامەکان ئاسایی دەبنەوە، لە ماڵەکانتان نەیەنە دەرەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی هەمووانە لە رووداوی نەخوازراو".
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتیان و شۆفێران دەکاتەوە، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتییان، رێگەی سەرەکیی چوون بۆ شاخی گۆیژە و ئەزمڕ بە رووی هاتوچۆدا داخراوە.
سەرۆکایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیاری داخستنی رێگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دراوە و داوا دەکەن هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەکان بن و لەم کاتەدا سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
شارەوانیی سلێمانی جەختی کردووەتەوە، ئەم رێوشوێنە تەنیا لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و رێگرییە لە رووداوی نەخوازراو.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەکات و رایدەگەیەنێت، هیوادارن ئەم هەنگاوە دەروازەی خێر بێت بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی.
لە پەیامێکدا بۆ هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند: "بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی گەلانی عیراق دەکەین".
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، هیوادارن هەڵبژاردنی حەلبوسی دەروازەی خێر بێت بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە وڵات و تەواوکردنی سەرکەوتووانەی رێرەوی ئەرکە دیموکراسییەکان لەم خولەدا، بەجۆرێک بە قازانجی بەرژەوەندی و خواستەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق بشکێتەوە.
هاوکات پەیوەست بە هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عەدنان فەیحان، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی پاش پیرۆزبایی نوسیوێتی؛ "بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی دەنگ و متمانەی پەرلەمانتاران، پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاڕاستە دەکەین و ئومێدەوارین بە گیانی لێپرسراوێتی زیاترەوە خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەن".
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم سەبارەت بە ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، "رادەستی پۆلیسی سلێمانی کراوە"
ئێحسان عەبدولرەحمان بەڕێوبەری گشتیی چاکسازیەکانی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا شاسوارعەبدلواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ لەچاکسازی گەورانی سلێمانی رادەستی پۆلیسی سلێمانی کرایەوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاسایەکان، چونکە هێشتا ژمارەیەک دۆسیەی دیکەی لەسەرە لە دادگای سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەرین هۆشداری دەداتە شۆفێران کە بە هۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە شەش رێگەی سەرەکی دروست بووە و داوایان لێ دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەکەوە رێگەکانی (زینەتیر، سەروچاوە، زینی وەرتێ، کێلێ، خەلیفان و دۆڵی شاورێ) تووشی ئاستەنگ بوون و هەندێکیان بە تەواوی داخراون.
هاتوچۆی راپەڕین داوا لە هاووڵاتیان دەکات بۆ تۆمارکردنی ساتێکی خۆشی بەفر و وێنەگرتن ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان نەخەنە مەترسییەوە و تا کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە ئەو رێگانە بەکارنەهێنن.
کەشناسی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، لەمڕۆوە شەپۆلێکی تری بەفربارین روو لە هەرێم دەکات و لەزۆربەی ناوچە شاخاوویەکان و هەروەها سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوکیش دەگرێتەوە لەگەڵ نمەباران لەناوچە نزمەکانی هەرێم.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گویرەی پیسبینیەکانیش شەپۆلێکی بەفربارین زۆربەی ناوجەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوویە بەرزەکان پێشبینی (15-30 ) سانتیمەتر و ناوچە نیمچە شاخاوویەکان (5-15 ) سانتیمەتر دەکرێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانیش، پلەکانی گەرما پێنج بۆ هەشت پلە دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییەکان دێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی.
لە بارەی کەشی سبەینیشەوە، کەشناسی دەڵێت؛ ئاسمان هەور دەبێت لەگەل بارینی بەفر لەناوچە شاخاوویەکان و بۆ کاتەکانی نیوەرۆ کەش سەقامگیر دەبێتەو. و پلەکانی گەرماش بە نزمی دەمێننەوە و نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکان ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیەیە
هەولێر : 5 پلەی سیلیزی
سلێمانی : سفر پلەی سیلیزی
دهۆک : 1- پلەی سیلیزی
زاخۆ : 2- پلەی سیلیزی
کەرکوک : 6 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی
سۆران: 2پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 1- پلەی سیلیزی
ئامێدی: 4- پلەی سیلیزی
گەرمیان : 7 پلەی سیلیزی
لە روبەروبونەوەیەکی چەکداریدا، لە نێوان پۆلیسی کەرکوک و ژمارەیەک بازرگانی مادەی هۆشبەر، پۆلیسێک و دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریش کوژران.
کاروان محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی بیرئەسپان نزیک ناحیەی پردێ، شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس روو بەڕووی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر بوونەوە و دوانیان کوژراون، لە بەرانبەردا پۆلیسێکیش گیانی لەدەستداوە و پۆلیسێكی تریش بریندارە.
بە گوێرەی زانیاریەکان، دوای بەدواداچونی هێزە ئەمنییەکان، لە گوندی بیرئەسپان، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی بازرگانەکان دەدرت و دوای ئەوەی داوایان لێدەکرێت خۆیانبدەن بەدەستەوە، یەکیان خۆی دەدات بەدەستەوە و دوانەکەی تر تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردوە.
لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەکەدا، کارمەندیكی هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێت و کارمەندێکی تر بریندار دەبێت، دوو بازرگانەکەی تریش دەکوژرێن.
پەیامنێری کوردستان نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی زانیاریەکان، ئەو بازرگانانە لە دەرەوەی کەرکوکەوە مادەی هۆشبەریان هێناوە و لە ناو کەرکوک و پارێزگاکانی تر ساغیان کردوەتەوە.