بە چاودێری قوباد تاڵەبانی پرۆژەی زانکۆی سەوز جێبەجێ دەکرێت
سام
١ی تەمووزی ٢٠٢٦
پڕۆژەی "زانکۆی سەوز "(Green University)، کە پڕۆژەیەکی پێشەنگ و داهێنەرانەیە بۆ پەرەپێدانی ژینگەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان، بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێبەجێ دەکرێت.
ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاندووە: خۆشحاڵ بووم بە کۆبوونەوە و ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەپێز لەگەڵ دکتۆر محەمەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەی "زانکۆی سەوز" (Green University)، کە پڕۆژەیەکی پێشەنگ و داهێنەرانەیە بۆ پەرەپێدانی ژینگەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشداوە: ئەم پڕۆژە نیشتیمانییە گرنگە لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش نیشانەی بایەخدانی قووڵی سەرکردایەتی سیاسییە بە چەسپاندنی بنەماکانی گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ژینگە لە پاڵ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی و کلتوریدا.
ژوان سابیر دەشڵێت: لە میانی دیدارەکەماندا، جەختمان لەسەر گرنگیی ڕەنگدانەوەی ئەم پرۆژە کرد لەسەر کەرتی گەشتیاریی کلتوری و زانستی، وەک قۆناغی دووەمی پرۆژەکە کار لەسەر گەشتیاری پەروەردەیی سەوز (Green Educational Tourism)دەکرێت، بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دیدگای نوێی ئێمە بۆ پێشاندانی ناسنامەیەکی مۆدێرن و ژینگەدۆست بۆ هەرێمی کوردستان.



