کوردستانکوردستان

هاتوچۆی سلێمانی لەپێناو کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت کارا دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڵاویکردەوە،  بەئامانجی کەمکردنەوەی لۆدو قەرەباڵغی و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی سەردەمییانەو ئاسان لە هەنگاوێکی نوێدا، هاوتوچۆی سلێمانی سەردانکردنی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکات بەشێوەی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەسی سەردانیکەر رۆژانی شەممە سەردانی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلیمانی دەکات و رۆژێک لەو هەفتەیەی دادێت هەڵدەبژێرێت و خۆی تۆمار دەکات بۆ راییکردنی مامەڵەکەی.

هاتوچۆی سلێمانی راشیگەیاند، هەنگاوەکان بەشێوەیەکی پراکتیکی و تیۆری دانراون لە ماڵپەڕەکەدا، ئەم کارە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکەن بەمەرجێک دڵنیابێتەوە لەو رۆژەی کە نۆرەی تیادا گرتووە لەو رۆژەدا سەردان بکات، سیستمەکە بە شێوەیەک بەرنامەڕێژی بۆکراوە کە تەنها ئەو کەسەی نۆرەکە دەگرێت دەتوانێت سەردان بکات، لەبەرئەوەی لە سیستمەکەدا تایبەتمەندی ناسینەوەی کەسی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، سیستمی نۆرەگرتن هەفتانە یەک جار لە رۆژی شەممان لە سەعات حەوتی ئێوارە چالاک دەبێت و ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا بەشێوەیەکی ئەزموونی کاری لەسەر دەکرێت و لە هەر گۆڕانکارییەک لە رێگەی ماڵپەڕو سۆشیال میدیا رەسمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادار دەکرێن.

 

چۆنیەتی نۆرەگرتن و هەنگاوەکان:

1- ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی دەکەیتەوە

2- کلیک لە بەشی نۆرەگرتنی بەشی مۆڵەت دەکەیت

3- بەشی یەکەم ناوی سیانی پێویستە بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێت، ژمارەی تەلەفوون، لەبەشی وێنەی کەسی وێنەیەکی رووبەڕووی کەسی سەردانیکەر دەگیرێت.

4- بەشی دووەم دیاریکردنی ئەو رۆژەی ئەتەوێت سەردان بکەیت

5- داواکاری پێشکەش دەکەیت و دواتر فۆرمێکت پێ دەدرێت دەتوانیت وێنەی شاشەکە بگریت (سکرین شووت) یان دەتوانیت پرنتی بکەیت

6- وێنەی کەسی و کیوئارکۆدی تایبەت بەداواکاری کەسەکە پێویستە لەسەر فۆرمەکە هەبێت، لەکاتی سەردانیکردن لە ڕێگەی ئامێری خوێنەرەوە داتاو زانیاری کەسەکە پشت ڕاست دەکرێتەوە و دواتر هاوڵاتییەکەدەتوانێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی دروستبوونی تەمومژێکی زۆر بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە خێرایی کەمبکەنەوە و گرنگی بە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنرادوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرماو دروستبوونی تەمێکی زۆر لەشاری سلێمانی و دەوروبەری و کەمبونەوەی ئاستی بینین، داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی یاساو رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.

داواشدەکات، شۆفێران خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەمبکەنەوە، گرنگی بدەن بەلایتی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەتایبەت لایتی تەم بەکاربهێنن و بەدووربن لەبەکارهێنانی لایتی بەرز (فوول لایت)، ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان ئیش ناکات، نەهێندرێنە سەر شەقام تا بەدووربن لەروداوی هاتوچۆ.

هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە شۆفێران بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت سەردانی رێگاکانی دەرەوەی شار نەکەن، چونکە لەچەندین شوێندا تەم هەیەو ئاستی بینین بۆ چەند مەترێک کەمبوەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماڵپەڕی شەفافییەت داهاتی مانگی رابردووی سلێمانی بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە 62 ملیار دینارە.

ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویکردەوە، لە رۆژی 1ـی12ـی مانگی رابردوو تا 31ـی12ـی2025 داهاتی نانەوتی 62 ملیار و 33 ملیۆن دینار بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتی ساڵی 2025، 897 ملیار و 156 ملیۆن دینار بووە.

جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆوە، رێگەی سەرەکیی نێوان شاری مەریوان بۆ دەروازەی سنوریی باشماخ بەروی شۆفێراندا داخرا.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بەهۆی بەردەوامیی بەفربارین و کەمبوونەوەی مەودای بینین و مەترسیی خلیسکان، هاتووچۆکردن لەو رێگەیە مەترسیدارە، بۆیە تاوەکو پاککردنەوەی شەقامەکە لەلایەن تیمەکانەوە، رێگەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەفر بارین پێنجوێن و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین بەردەوام دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و سۆران بارانی مامناوەند دەبارێت و لە ناوچەکانی دیکەش نمەباران و بارانی پچڕپچڕ دەبێت، هاوکات لە ناوچە سنورییەکان بەفربارین بەردەوام دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکانی ئەمشەودا کۆتایی بە شەپۆلی بەفر و بارانبارین دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە، بۆ سبەینێ شەممە ئاسمان نیمچەهەور و پەڵەهەور دەبێت و لە بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ شەممە:

  • هەولێر: 9 پلە

  • سلێمانی: 8 پلە

  • دهۆک: 9 پلە

  • زاخۆ: 8 پلە

  • کەرکوک: 10 پلە

  • هەڵەبجە: 8 پلە

  • گەرمیان: 12 پلە

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار رایگەیاند، بەهۆی لێچوونی غازەوە دوو خوشک ژەهراوی بوون، بەو هۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان رەوانەی سلێمانی کرا.

رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دوو ژن گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان کە بە وتەی کەسوکاریان غاز لێیداون.

ئاشکرایکرد، بەهۆی کاریگەریی غازەکەوە یەکێک لە ژنەکان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو قوربانییە خوشکی یەکترن و لە یەک ماڵدا لە گەڕەکی گازینۆی قەزای کەلار ژیاون، تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 60 ساڵدایە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە سنورەکە، ژمارەیەک هاووڵاتی و گەشتیار گیریان خواردبوو و تیمەکانیان بەهایانەوە چوون.

عەقید ئیبراهیم فەریق، لە بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی "کانی توز" و "چیای پیرس" گیران، تیمەکانیان توانیویانە 25 ئۆتۆمبێل لەناو بەفر دەربهێنن کە بەشێکیان گەشتیار بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ ئەوەی شۆفێران روو لەو ناوچانە نەکەن، بەڵام بەشێک لە گەشتیاران و دانیشتووانی دەڤەرەکە پابەند نەبوون، لە ئێستاشدا بەشێک لە رێگەکانی ئەو سنورە هەر بە داخراوی ماونەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سۆران رایگەیاند، بەهۆی گرفتێکەوە لە وێستگەکانی کۆمپانیای دانا غاز، کارەبای نیشتمانی لە تەواوی سنوری ئیدارەی سۆران کوژاوەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای سۆران ئاشکرایکرد، کێشەکە لە وێستگەکانی دانا غازەوە دروستبووە و لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەدایە بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردساتەوە، لیوا چەتۆ ساڵح سعید، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ. پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەزگاکە کردوە و تێیدا هاتووە؛ باوەڕی تەواومان هەیە کە کوردسات هەمیشە و لە داهاتووش لەسەر هەمان رێگاو رێچکە دەڕوات کە لەسەری دامەزرا.

دەقی پەیامەکە: 


ساڵیادی دامەزراندنی کوردسات پیرۆزبیت
 

کوردسات دەنگ و رەنگی هەموان، بەبۆنەی ٢٦ ساڵەی دامەزراندنی کەناڵی کوردساتەوە گەرمترین پیرۆزبایی لەبەڕێوەبەر و کارمەند و بینەرانی ئەو کەناڵە ئازیزە دەکەم، هیوادارین هەمیشە لە پێشکەوتندابێ و هەمیشە سەرکەوتووبن بۆ خزمەتی گەلەکەمان.

 باوەڕی تەواومان هەیە کە کوردسات هەمیشە و لە داهاتووش لەسەر هەمان رێگاو رێچکە دەڕوات کە لەسەری دامەزرا و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆی داڕشت، کە لە راستگۆیی و پیشەیی لە کاری راگەیاندن خۆی دەبینێتەوە.

لیوا چەتۆ ساڵح سعید/بریکاری وەزارەتی ناوخۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و پێکهاتەجیاجیاکانی کردوە، جەختی کردوەتەوە لە پتەوکردنی پەیوەندیی و یەکڕیزی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کۆمەڵانی خەڵک .

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکردوە؛ هەرێمی کوردستان هەمیشە پێشەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و نیشتمانی و رێزگرتن بووە لە هاووڵاتیان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان.

 ئومێدیشی خواستوە بە هاوبەشی و یەکڕیزی، بتوانین قۆناغێکی نوێ بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکان بنیاد بنێین و لە زوترین کاتدا حکومەتی نوێ لە هەرێم و عیراق پێک بێت، کە خزمەت بە گەلی کوردستان و عیراق بکات.

د. لەتیف رەشید دەشڵێت؛ یەکڕیزی نیشتمانی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشخستنی وڵات و دەستەبەرکردنی ماف و دادپەروەری بۆ پێکهاتە نیشتمانییەکان

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار

پەیامی پیرۆزبایی

…………….

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو پێکهاتە جیاجیا نیشتمانییەکان دەکەین. هاتنی ساڵی نوێ وەک ئومێدێکی نوێیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی و  یەکڕیزی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کۆمەڵانی خەڵک .

هەرێمی کوردستان هەمیشە پێشەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و نیشتمانی و ڕێزگرتنبوە لە هاوڵاتیان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان. ئومێد دەکەم بە هاوبەشی و یەکڕیزی، بتوانین قۆناغێکی نوێ بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکان بنیاد بنێین و لە زوترین کاتدا حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێک بێت کە خزمەت بە گەلی کوردستان و عێراق بکات و لایەنەکان کۆک بن بۆ بەدیهێنان و پاراستنی مافی هەمووان کە لەدەستوردا جێگیرکراوە.

یەکڕیزی نیشتمانی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشخستنی وڵات و دەستەبەرکردنی ماف و دادپەروەری بۆ پێکهاتە نیشتمانییەکان

هیوامانە ئەم ساڵ کاری زیاتر بکرێت بۆ چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری و هەماهەنگی زیاتر، ساڵێک کە تیایدا ئاشتی بەرقەرار بێت و ڕێزگرتن و متمانە لە نێوان هەموواندا بەهێزتر بێت و هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و هەماهەنگی بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت.

 

ساڵی نوێتان پێروز بێت،

ساڵێک پڕ لە ئاشتی و پێکەویی و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان

 

د. لەتیف جەمال ڕەشید

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێی بڵاوکردەوە و تێیداهاتووە، "بۆ ساڵی نوێ هیوام وایە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئاسودەیی روو لە وڵاتەکەمان بکات و هەمووان بە ئاشتی بژین".

 

دەقی پەیامەکەی خانمی یەکەمی عیراق

 

بە ئومێد و هیوایەکی زۆرەوە ئەڕوانمە دەستپێکی ساڵێکی نوێ و بەگەرمی پیرۆبایی لە هەموو گەلانی عێراق ئەکەم.

ساڵی ٢٠٢٥مان بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانەوە بەڕێکرد. ناچینە ساڵی نوێوە ئەگەر درود بۆ قوربانییەکانمان نەنێرین.

لە بەردەم ساڵی نوێدا، هێشتا دڵم لای لێقەوماوانی کارەساتە سروشتییەکەی چەمچەماڵە و هیوادارم لە ٢٠٢٦دا  کەمێک لە خەم و ئازاریان بڕەوێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی لە عێراق بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ هەنگاو ئەنێین، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵمان بە بێ حکومەتی نوێ و پەرلەمانی نوێ تێپەڕاند. تەمەننا ئەکەم تەمەنی ئەم بێ پەرلەمانی و بێ حکومەتییە لە هەرێم بەزوویی کۆتایی بێت و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی هەرێم نەمێنن.

ئاواتەخوازم ساڵی نوێ پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا بەئەنجام بگات و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.

لە خوا ئەپاڕێمەوە خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان، کە داعشیان وەک گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی تێکشکاند، لەساڵی نوێدا بە سەربەرزی و بە ئارامی و ئاشتی لەگەڵ هەموو گەلانی ئەو وڵاتە بژین.

هەروەها هیوادارم گەلانی ئێران و بەتایبەت خوشک و براکانم لە رۆژهەڵات لەو هەموو میحنەتەی تێی کەوتوون بەتایبەت میحنەتی گرانی و باری سەختی ئابوری و دژواری ژیان ، رزگار ببن.

بەداخەوە ئەم یەک دوو ساڵە شەڕێکی نەگریس بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە و لە ئەنجامدا هەزاران منداڵ لە غەزە و  لە رۆژئاوای کوردستان و زۆر شوێنی تر، شەهید یان بریندار، یان بێ خانە و لانە بوون. ناکرێ دڵمان لای ئەو منداڵانەش نەبێت و  ئومێدی ئەوە نەخوازین کە ئەمساڵە نوێیە، مژدەی ئارامی و ئاسودەیی بۆ ئەوان و  بۆ هەموو جیهان و نەتەوەکانی تر پێ بێت.

بۆ ساڵی نوێ هیوام وایە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئاسودەیی روو لە وڵاتەکەمان بکات و هەمووان بە ئاشتی بژین.

جارێکیتر هاتنی ساڵی نوێ پیرۆز بێت.

 

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم، رایگەیاند، شەپۆلی سەرما تارادەیەک کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت، ئاماژەی بەوەشکردوە، لە زۆربەی ناوچەکانی تر نمەباران دەبێت  و لە کاتەکانی شەودا رێژەی بارینی بەفر و باران و کرێوە زیاتر دەبێت . 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتووی کەشوهەوا بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرە پێشبینییەکان، لە تەواوی ناوچەکان نمەباران دەبارێت  و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر.

کەشناسی دەشڵێت؛ پلەکانی گەرما یەک بۆ سێ پلە بەرز دەبنەوە، بەڵام لە کاتکانی شەودا رێژەی بارینی بەفر و باران و کرێوە زیاتر دەبێت. 

لە بارەی کەشی سبەینێشەوە، دەڵێت؛ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیدا بارانبارین و بەفر بەردەوامی دەبێت تا کاتەکانی شەو، دواتر شەپۆلەکە لاواز دەبێت.

لەبارەی پلەکانی گەرماشەوە، کەشناسی هەرێم ئەوەیخستوەتەڕوو، بەراورد  بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ یەک بۆ سێ پلە نزمدەبنەوە.

پێشبینی بۆ بەرزترین پلەکانی گەرماش بەمشێوەیەیە؛

هەولێر : 7 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 4 پلەی سیلیزی

دهۆک : 5  پلەی سیلیزی

زاخۆ  : 4  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 9 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 6 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینیییەوە پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە گەلی سوریا دەکات بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێکیدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردوەتەوە تێیدا هاتووە گەرمترین پیرۆزبایی ساڵی نوێی زاینی ئاڕاستەی هەموو گەلی سوریا دەکات  بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، هەروەها  هاوڕێی جەنگاوەرەكانیان و کەسوکاری شەهیدانیش

مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکردوە، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێدا، خواستی خۆیان بۆ کارکردنی  پێکەوەی لەپێناو سوریایەکی ئاوەدان نوێ دەکەنەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نوسیویەتی؛ هیوادارن لە ساڵی نوێدا خێر و ئارامی باڵبكێشێت بەسەر سوریادا و هەموو رۆڵەكانی بەهرەمەند بن لە ئاسایش و سەقامگیری.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەس ساڵی نوێوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵکی کوردستان و  عیراق و جیهان دەکات.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ، بافڵ تاڵەبانی هیوای خواستوە ساڵی 2026، ببێتە ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و سەقامگیری زیاتر.

 

دەقی پەیامەکە

بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خەڵکی کوردستان و عیراق و جیهان دەکەم، هیوادارم 2026 ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و سەقامگیریی زیاتربێت بۆ وڵاتەکەمان.

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆزبێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی ساڵی نوێوە قوباد تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردوەتەوە و هیوای خواستوە ساڵی 2026 ساڵێکی پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت، ئاماژەی بەوەشکردوە، بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە کاربکرێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە و رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی.

لە بەشێکی دیکە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی دەڵێت؛ بە یەکڕیزی و یەکگوتاری باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێت و داکۆکی لە ماف و داواکارییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت.

دەقی پەیامەکە

هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی لە هەموو لایەک پیرۆزبێت.

هیوادارین ساڵی ٢٠٢٦ ساڵێکی پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت بۆ خەڵکی کوردستان و هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانترکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەکەمان لە هەموو روویەکەوە.

پێویستە هەموو لایەک بە وانەوەرگرتن لە ناتەبایی و ناکۆکییەکانی ساڵانی رابردوو کە زیانی بە پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، لە ساڵی نوێدا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و لە جیاتی چەقبەستن لە ناکۆکییەکانی رابردوو، بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە کاربکرێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە و رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی. چونکە بە یەکڕیزی و یەکگوتاری باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت و داکۆکی لە ماف و داواکارییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، بۆ رۆژانی پشوو و ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێ، رێوشوێنی پێویستیان گرتۆتەبەر و سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە.

لە چوارچێوەی پلانەکەدا، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە 14 تیمی فریاکەوتنی خێرا لە شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی جێگیر کراون، بەتایبەت لە (شەقامی سالم، پارکی ئازادی، چاڤیلاند، سەرچنار و هەواری شار)، ئەمە جگە لەو تیمانەی بەشێوەی ئێشکگر لە نەخۆشخانەکان دەوام دەکەن.

تەندروستیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەکاتی هەر روداوێکی نەخوازراودا، پەیوەندی بە ژمارە 122ی سەنتەری فریاکەوتن، یان ژمارە مۆبایلەکانی (07701949090 - 07701949191)ەوە بکەن تاوەکو بەزووترین کات تیمەکان بەهانایانەوە بچن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...7071727374...955