دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و  رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە بۆ گەڕاندنەوەی باڵانسی ‌هێزە لە هەرێمی کوردستان و  ئەوەی كۆمان دەكاتەوە باشتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانە.

 سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، پابەندی بەڵێنەكانمانین بەرانبەر خەڵكی كوردستان و ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویە بۆ کوردستان، لە ئەمڕۆوە  خەڵكی كوردستان چاوەڕێی سیاسەتی نوێ بن.

جەختیشیکردەوە دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، لە ئەمڕۆوە لە کوردستان و عیراقیش ئێمە هێزی ژمارە یەکین و هیواداریشە، هەموو لایەنەكان پاڵپشتمین بن بۆ خزمەتی خەڵك.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد،  بە گەندەڵی و ترس و تۆقاندن و رێزنەگرتن لە میللەت حكومڕانی ناكرێت و دەبێت لایەنەكان دان بە هەڵەكانیاندا بنێن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

سەرۆکی یەکێتی دوپاتی کردەوە، لەدوای ریفراندۆمەوە دەیان بڕیار لە هەرێم دراون و هەموویان هەڵە بوون، بەڵام لە ئەمڕۆوە سیاسەتی هەرێمی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، کە بنچێنەی رێککەوتنەکە خزمەتکردنی خەڵک دەبێت.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد دەرگای ئەم رێککەوتنە بۆ هەموو لایەنەکانی تری دەرەوەی رێککەوتنەکە کراوەیە، بەڵام بەو مەرجەی دان بەهەڵەیخۆیاندا بنێن.