داوای بەهاناوەچون دەکەن؛ ئاگر لە شاخەکانی بەرانبەر بە زەڵم کەوتوەتەوە
بڵند
١ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئاگرێکی گەورە لە شاخەکانی بەرانبەر بە گوندی زەڵم لە هەورامان کەوتوەتەوە و بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان تا ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە و خەڵکی ناوچەکەش داوای بەهاناوەچون دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سەریهەڵداوە و چەند گرتە ڤیدیۆییەک دەست کوردسات نیوز کەوتون، تێیدا خەڵکی ناوچەکە داوای بەهاناوەچون دەکەن و ئاگرەکە بەرەو فراوانبون دەچێت.
لەگەڵ کەوتنەوەی ئاگرەکە ژمارەیەک گەنج و هاووڵاتی ناوچەکە چونەتە شوێن روداوەکە و هەوڵی کوژاندنەوەیان داوە، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن تیمەکانی بەرگریی شارسانی قەزای خورماڵ چونەتە شوێن روداوەکە و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتوەتەوە، درەخت و پاوانی سروشتی لێیە و بەهۆی بونی باوە، کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەت بووە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە داوای بەهاناوەچون دەکرێت.



