دەستەی گشتیی گومرکەکانی عیراق رێگریکردنی لە هەوڵێکی بەقاچاخبردنی بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک راگەیاند. 

دەستەی گشتیی گومركەكانی عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، كارمەندانیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی كەركوك توانیویانە رێگری لە هەوڵێكی قاچاخچێتیكردنی بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریكی بكەن.

بەپێی راگەیەندراوی رەسمی دەستەكە، پارەكە لە كاتی پشكنینی گەشتیاراندا لە هۆڵی بەڕێكردنی فڕۆكەخانەكە لەلای گەشتیارێك دۆزراوەتەوە، كە بەپێی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عیراق گواستنەوەی نایاسایی بووە. دوابەدوای روداوەكە، كۆنووسێكی رەسمی رێكخراوە و رێكاری یاسایی توند بەرانبەر تۆمەتبارەكە گیراوەتەبەر.

دەستەی گومركەكان جەختی لەوە كردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوبەرایەتی ناوەندەكە و بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدراوە. هەروەها دووپاتیان كردەوە كە پڕۆسەی چاودێری و پشكنینەكانیان بەردەوام دەبێت و بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێكی قاچاخچێتی دەبنەوە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ئابوریی وڵات.