ئەمشەو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرە کوردەکان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم تاوتوێ بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی کۆتایی هەفتەی رابردووی نێوان وەفدی باڵای هەرێم و وەزارەتی دارایی عیراق نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە وەریگرتوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق بە وەفدی هەرێمی راگەیاندووە، ئەگەر بۆ ئەم مانگەش بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەست نەکەن، ئەوا پارەی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم بە لێبڕینی ئەو بڕە پارەیەوە رەوانە دەکرێت.

جەختیشی کردووەتەوە، رادەستکردنی ئەم بڕە پارەیە مانگانە بەردەوام دەبێت تا یەکلاییکردنەوەی پرسەکە، چونکە گۆڕانکاری لەم بڕیارەدا تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران و کابینەی وەزاری عیراقدایە.

لە بەرانبەردا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەرێم ئەوەی لەسەر شانی بووە جێبەجێی کردووە، بەڵام لە توانایدا نییە بۆ ئەم مانگانە بڕی 120 ملیار دینار کۆبکاتەوە؛ هەر بۆیە داوایان لە وەفدی دیوانی چاودێری دارایی عیراق کردووە کە ئێستا لە هەرێمن، وردبینی بۆ داهاتی مانگەکانی چوار تا شەش بکەن و راپۆرتەکەیان بۆ وەزارەتی دارایی عیراق بەرز بکەنەوە تا قەبارەی راستەقینەی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی هەرێم رون بێتەوە.