قوباد تاڵەبانی لە ئەلبانیا پەرەپێدانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و ژیریی دەستکرد لە هەرێم تاوتوێ دەکات
٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئەلبانیا، چەند دامەزراوەیەکی گرنگی تەکنەلۆژی و ئابوریی ئەو وڵاتەی بەسەرکردەوە و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵادا پرسی گواستنەوەی ئەزموونی ئەلبانیا لە بوارەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی، ژیریی دەستکرد و پەرەپێدانی تواناکانی تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە دووەمین رۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئەلبانیا هەردوو دەزگای نیشتمانیی کۆمەڵگای زانیاری و ئاژانسی ستارت ئەپی ئەو وڵاتەی بەسەرکردەوە و لەلایەن مارتن کاجۆ، بریکاری وەزیری ئابوری و داهێنان و ئیگلی تافا، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای نیشتمانیی کۆمەڵگای زانیاری و ئارجان یمێری، بەڕێوەبەری ئاژانسی ستارت ئەپ ئەلبانیاوە پێشوازی لێ کرا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ بەڕێوەچوون باس لە رۆڵی ژیریی دەستکرد لە گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کاراکردنی دامەزراوەکان کرا.
هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی هاوکاری و گواستنەوەی ئەزمون و شارەزایی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەلبانیا بە تایبەت لە بوارەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و ژیریی دەستکرد و پاراستنی داتا و پەرەپێدانی تواناکان لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا.
لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی ئەلبانیا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی پسپۆڕانی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان.


