دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی سێ تیرۆرستی داعش بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، تیرۆستەکان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بیری توندڕەوی کردووە.

دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشداوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دوای بەدواداچوون لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری، لەمانگەکانی چوار و شەشی 2026دا، لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوک سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا تیرۆریستان دانیان بەوەداناوە لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە دەعوەیان کردووە و هانی گەنجان و هەرزەکارانیان داوە بۆ وەرگرتنی فکرەی توندڕەوی و چوونە ناو رێکخستنەکانی داعش و هیجرەتکردن بۆ ناو ڕیزەکانی داعش.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی دوو لە یاسای تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.