وەزارەتی کارەبا لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا روونکردنەوە دەدات
کوردسات نیوز
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣
دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی ھەر کیلۆواتێکی کارەبا لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار دوورە لە راستییەوە و، کرێی کارەبا بۆ ھاووڵاتیان لە ھەموو شوێنێک بە بازاڕ و ستییە ئاساییەکانیشەوە ھەمان نرخی جارانە و وەک خۆیەتی.
وەزارەتی کارەبا تەنیا بۆ ستییە گرانبەھەکانی بە سیستەمی پریپەید، کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێرییان ھەیە و موەلیدەی ئەھلییان نییە، بڕیاری داوە ھەر کیلۆواتێکی کارەبا بە ١٥٦ دینار ئەژمێر بکرێت.
سیستەمی پریپەید تەنیا بۆ زیاترکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتی قەرزی کارەبایە، بەھۆیەوە پێدانی کرێی کارەبا دەبێتە پێشوەختە.
ژێرخانی بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێم گەیشتووەتە نزیکەی (٧٤٠٠) مێگاوات، بەڵام بەھۆی کێشەی سوتەمەنی و نەختینەوە، ئێستا کەمتر کە (٤٢٠٠) مێگاوات بەرھەم دێت. سیستەمی پریپەید بەشێکی زۆری ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات و بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی باشتر بۆ ھاوڵاتیان ھەنگاو دەنێین.
پرۆسەی سیستەمی پریپەید ماوەی ساڵێکە دەستیپێکردووە و، تا ئێستا لە ستییەکانی گوندی ئیتاڵیی یەک و فیوچەر ستی و پارک ڤیو و جیھان ستی و گوندی لوبنانی و دریم سیتی و نازناز ستی و کواترۆ تاوەر و رۆیا تاوەر و بازاڕی لەنگە لە ھەولێر و بازاڕی دھۆک و ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە.